لە ئێران خەڵک شادی نییە”

“لە ئێران خەڵک شادی نییە”، ئەمە ئاکامی بەشێک لە توێژینەوەیەکە کە ماوەیەک لەوەپێش لەلایەن بەشێک لە سەرچاوە موعتەبەرە جیهانیەکانەوە بڵاو کرایەوە و وڵاتی ئێران لە پلەی ١١٠هەمی وڵاتانی شادی دنیادا نیشان ئەدات. لە توێژینەوە بڵاوکراوەکاندا سوئیس وەک شاد ترین وڵاتیی دنیا ناوی هاتوە. ئەم بەراوردەش کە تەنانەت بە پێوانە و ستانداردەکانی ژیان لە دنیای زۆر نایەکسانی ئەمرۆدا دیاری کراوە دەریدەخات کە ئێران بە ٣١ پلە دابەزین لەم ئاستەدا قەراری گرتوە، پلەیەک کە نیشانه‌ی راستیەکی تاڵە سەبارەت بە کۆمەڵگای ئێرانگومانی تێدانیە کە شادی و شور و نیشات مافی سروشتی کۆمەڵگایە. خەڵک نە تەنیا لە ئێران بەڵکو لە هەموو جێگایەکی ئەم دنیایە دەتوانن و دەبێ لە بارودۆخیکدا بژین کە شادی و نیشات، بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانیان بێت. بەڵام هەموو پێداویستی و ئیمکاناتی وەها ژیانێک، واتا بە شادی ژیان، لەمرۆدا بوونی هەیە و رۆژانەش بەرهەم و دیسان بەرهەم دێتەوە. راستیەکەی ئەوەیە کە ئەم گۆی زەویە قەت بەم رێژه‌ زۆرە، ئیمکاناتی مادی بۆ ژیان بە ستانداردێکی بەرزەوەی تێدا نەبووە. بەڵام لەم رۆژگارەدا بەرەوپێش چوونی زانست و زانیاری بەو تواناییە سەرسوڕهێنەرەوە بەجێگای دابین بوونی رێفاە و ئاسایش لە ژیانی ئینسانەکاندا، خۆی بۆتە سەرچاوەی برسیەتی و بێبەشی بۆ خەڵک.لە راستیدا بەهەمان خێرایی کە بەشەر خەریکە بەسەر سروشتدا زاڵ دەبێت، خۆی بەڕواڵەت دەچێتە ژێر سوڵتەی دروستکراوەکانی دەستی خۆیەوە. بەڵام بۆچی؟ هۆکارەکەی روونە، ئەوەی کە لەمرۆدا ئێمە لەژیانی خۆماندا دەیبینین، واتا هەژاری و بێبەشی و دەرد و ئازارێکی بێ ئەژمار کە شادی لە کۆمەڵگا و لە ژیانی خەڵک دوور خستۆتەوە، لە ئاسمانەوە ناهاتوە و لە نێوچاوانی کەسیش نەنوسراوە. لە راستیدا زادەی مناسباتێکە کە بەسەر ئەوان و ژیانی کۆمەڵایەتیاندا زاڵ بووە. مونسباتێک کە بەهۆی قانونە زاتیەکانی زاڵ بەسەریدا، زۆربەی خەڵکی لە ئیمکانات و پێداویستی بەشادی ژیانی بێبەش کردووە. ئەو یاسایانەی کە قازانج پەره‌ستی ژمارەیەکی کەم لە هەر کۆمەڵگایەکدا، بەشێکی جیانەکراوەیە لە درێژه‌دان بە مانەوەی. ئەو مناسباتەی کە ئەم ژمارەیە بە پشتبەستن بە زۆر و فریودان توانیویانە سەروەت و ئیمکانات و هەموو پێداویستیەکانی بەشادی ژیانبەسەربردنی تێدا لە چنگی خۆیان بگرن، بەکورتی مناسباتێک کە تەنیا بە داسەپاندنی رەنج و ئازار بەسەر ژیانی زۆربەی خەڵکدا و بێبەش کردنیان لە شادی و چێژ وەرگرتن لە ژیان درێژە پێدانی مومکین و دەستەبەر دەبێت.423

یەکەم هۆکارێك کە بەتایبەت لەم دەورانەی دواییدا کاریگەری لەسەر کەم بوونەوەی شادی لە کۆمەڵگای ئێراندا بووە، نا سەقامگیری ئاشکرا و دیار لە بارودۆخی ژیان و بەڕێچونی خەڵکدا و قوڵتر بوونەوەی کەلێنە چینایەتیەکانە، کە بەتایبەت ژیانی خەڵک و بەتایبەتی تریش کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. ئەم نا سەقامگیری یان بەواتایەکی دەقیق تر ئەم دژواریە لە دابین کرانی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیاندا، بۆتەهۆی ئەوەیکە زۆرکەس توشی هەست نەکردن بە ئەمنیەت لە ژیاندا، دڵەراوکێ و نیگەرانی بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەی خۆیان و بنەماڵەکانیان بن. دڵەڕاوکێ لە ژیاندا کە ئاکامی ئەم بارودۆخە واتا سیاسەت و کردارەکانی رژیمی حاکمە، لە درێژماوەدا بارودۆخێک لە هەموو بنەماڵەیەکدا شکڵ پێئەدات کە راستەوخۆ نەک هەر شادی و نیشاتیان تێدا لەنێودەبات، بەڵکو خۆی دەبێتە زەمینە خۆشکەری گەلێک کێشە و گرفت و ناهەنجاری.هەڵبەت جیا لە مەسایلی پێوەندیدار بە کار و بەڕێچونی ژیانەوە، مەسایلی سیاسی و فەرهەنگیش دەکرێ لەم دەستەیە لە هۆکارە گرینگەکان ناوببرێت کە بە نۆبەی خۆیان گاریگەرن لەسەر تاڵ کردنی ژیان و سڕێنەوەی شادی و نیشات لێی. لە کۆمەڵگایەکدا کە ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی تێدا هەموو رۆژێک پێشێل دەکرێت، کۆمەڵگایەک کە تێیدا هەوڵ ئەدرێت توندوتیژی بکرێتە فەرهەنگێکی گشتی، کۆمەڵگایەک کە نیوەی دانیشتوانەکەی واتا ژنان لە مافی تاکە کەسی و کۆمەڵایەتیان بێبەشن، کۆمەڵگایەک کە گرتن و زیندانی کردن، ئێعدام و ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازار رەواڵێکی ئاساییە، نابێ لە نەبوونی شادی تێیدا تووشی سەرسوڕمان بین. رژیمی سیاسی حاکم کە شادی کردن و خۆشەویستی و موحیبەت و ئەوینداری بە تاوان دەزانێ، گومانی تێدانیە لە درێژماوەدا فەرهەنگ و شێوەی ژیانی جێی سرنجی خۆی بە شێوەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگادا پەرە پێئەدات و کاریگەریەکی وێرانگەر لەسەر سەقامگیری رۆحی و ده‌روونی کۆمەڵگا دادەنێ کە سڕینەوەی شادی لە ژیان یەکێک لە ئاسەوارەکانیەتی.لەبیرمان نەچێت کە ئێران لەباری هیرەمی جەمعیەتیەوە خاوەنی پێکهاتەیەکی لاوە. رژیمی کۆماری ئیسلامی هەوڵیداوە تا بەرەی لاو، بانگی ئەرزشە کۆنە و نازانستیەکان لە مزگەوت و لە مەراسم و کۆبونەوە مەزهەبیەکاندا بەرزکاتەوە کە ئەساسەن لەگەڵ رۆحیە و ئاستی تەوەقوع و چاوەڕوانیەکانی گەنجی ئەمرۆییدا لە ئێران نایەتەوە. لاو ناتوانێ و نابێ محافزەکار بێت. دەبێ پرسیارکەر و رادیکاڵ و ده‌خاڵەتگەر بێت بۆ پێکهێنانی گۆڕان لە بارودۆخی مەوجود دا. بۆ بەشادی ژیان دەبێ پرسیار و داواکاریەکانی بەرەی لاو بەڕەسمیەت بناسرێت. لاو دەبێ توانایی و ئازادی هەڵسەنگاندنی هەبێت. ئازادی دەربڕینی بیروبۆچونی هەبێت. کۆمەڵگە دەبێ ئەم تواناییانە و بەهێز کردنیان رێکبخات و دەریچەی پێویست بەم مەبەستە بکاتەوە. هەڵبەت روون و ئاشکرایە کە هەموو ئەم بابەتانە لەگەڵ حاکمیەتی ئیسلامدا نایەنەوە، لەم روەوە و تا ئێرەی کار ئەم رژیمە بە سەرکوت کردنی رۆحی و ده‌روونی لاوان و سەرجەمی خەڵک لە رێگای جۆراوجۆرەوە بەرەنگاری ئەم ویست و داواکاریانە بۆتەوە، بەم هۆکارە سادەیە کە ئەم رژیمە بەهۆی پێکهاتەی مەزهەبی، بەهۆی دیفاع لە مناسباتێک کە سەروەت و ئیمکاناتی بەشادی ژیانی لە کۆمەڵگادا لە چنگی خۆی گرتووە، ناتوانێ بێجگە لەمە بێت کەوا هەیە. بەڵام خەڵک ژیانی دەوێت و خەڵک شادی دەوێت و تەوەقوع و چاوەڕوانیان لە ژیان جیاواز لەو شتانەیە کە موبەلیغانی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدان لە کۆمەڵگەدا بیچەسپێنن. بەم هۆیەوە هێرش و بەرەنگار بوونەوەی هەموو رۆژە لە ئاستی جۆراوجۆر لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیدا بۆ هێنانی شادی بۆ کۆمەڵگا واتا بەهرەمەند بوون لە ئیمکانات و پێداویستی ژیانێکی ئینسانی لە ئارادایە. درێژەی ئەم نارەزایەتی و خەباتە و پەرەسەندنی، بێگومان رێگای لابردنی کۆماری ئیسلامی وەک هۆکاری سەرەکی بەرگرتن لە شادی و بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی ئینسانی لە کۆمەڵگادا فەراهەم دەکات.