لە دەورەی دوای تەحریمەکانیشدا کرانەوەیەکی سیاسی و بوژانەی ئابووری لە ئارادا نییە

رۆژی شەممە ١٤ی خه‌رمانان، محەممەد عەلی نەجەفی دەبیری ستادی هاوئاهەنگی ئابووری دەوڵەت لە کۆبونەوەی هاوبەشی ئەندامانی شوڕای ناوەندیی حیزبی کارگوزاران و دەبیرانی ئوستانیدا، هێندێک قسەی کرد کە وێنایەکی تاڕادەیەک واقع بینانەی لە رۆژگاری دوای لاچونی ته‌حریمه‌كان لە ئێرانی بەدەستەوە دا. ئەو بە روونی باسی لە بێتوانایی دەوڵەت لە بەرانبەرکێ لەگەڵ قەیرانی ئابووری ئێستادا کردوە. ئەو ئیعتیڕافی کردوە کە کەسری زۆری بودجە و رکودی قووڵی ئابووری درێژەی دەبێت و تەنانەت سەبارەت بە مەترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵکی هۆشداری داوەتە ڕژیم. گرنگی ئەم قسانە لەوەدا نییە کە گۆیا نەجەفی کۆمەڵێک راستی نوێی دۆزیوەتەوە. گرنگیەکەی لە ئیعتیڕافی یەکێک لە کاربەدەستانی کاروباری ئابووری دەوڵەتی رۆحانیدایە بەم راستیانە. با بەشێک لەم قسانە بخوێنینەوە و دواتر ببینین کە بۆچی دەوڵەتی رۆحانی خۆی ناچار دەبینێ رای گشتی بۆ رۆژانی دژوارتری داهاتوو ئامادە بکات. دەبیری ستادی هاوئاهەنگی ئابووری دەوڵەت دەڵێ:528“ئەمساڵ رەنگە یەکێک لە خراپ ترین ساڵەکانی ٣٧ ساڵی رابردوو بێت لەبەر ئەوەی کە لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا بەرەوڕووین و نرخەکەش بەردەوام دێتە خوارێ و داهاتی ئێران لە بواری هەناردە کردنی نەوتدا لەکاتی لوتکەی تەحریمەمانیشدا کەمتر بۆتەوە.” “دەوڵەت کە لەگەڵ کەسری زۆری بودجە و سەرچاوەی داهاتدا بەرەوڕوویە هیوادارە گرفتی کەڵانی ماڵی دوای تەوافوقی ئابووری بە راکێشانی سەرمایەگوزاری دەرەکی کەم بکاتەوە. “بەڵام کاتێک کە ناکرێ سەبارەت بە ئەمنیەتی سەرمایەی سەرمایەگوزار قسە بکرێت، باس کردن لە سەرمایە گوزاری دەرەکی تەنیا قسەیە و هیچی تر.” “دەوڵەت لە لایەحەی بودجەی ئەمساڵدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی، ٧٢ دۆلار پێش بینی کردبوو کە بە سرنجدان لە ئاڵوگۆڕەکانی بازاڕی جیهانی لە کاتی تاوتوێ کردنی ئەم لایەحەیەدا لە ڕوانگەی کارناسانەوە گەلێک ناواقع بینانە ئەرزیابی کرا. سەرئەنجام کۆموسیۆنی تەلفیقی مەجلیس نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی نزیکەی ٥٠ دۆلار لەبەرچاو گرت. ئێستا دەبینین لەم ٥٠ دۆلارەش بەردەوام دێتە خوارێ”. سەرئەنجام ئەم کاربەدەستەی ڕژیم ناتوانێ نیگەرانیەکانی لە کاریگەری کۆمەڵایەتی ئەم بارودۆخە بشارێتەوە و بە گشتی بە رژیم هۆشداری ئەدات و دەڵێ: “ئەم بابەتە گەلێک جیدیە و تەنانەت رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی وڵاتیشدا.”ئەمە لە دوورنمای گەشەی ئابووری کە قەرار بوو لەگەڵ لاچونی ته‌حریمه‌كاندا خێراتر بێت. سەبارەت بە کرانەوەی سیاسیش، “ساڵێک کە خۆش بێت بە بەهارەکەیدا دیارە.” زیاد بوونی ئێعدامەکان بە ئامانجی ترساندنی خەڵک، دیسان باو بوونەوەی شه‌لاق لێدان بە بەرچاوی خەڵکەوە، مانۆڕەکانی بەسیج و سپا بۆ قودرەت نمایی لە بەرانبەر خەڵکدا، توند بوونەوەی سانسۆری رەسمی و بە ئاشکرا لەسەر مەتبوعات و راگەیەنه‌رەکان، گرتنی هەڵسوڕاوانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و مەحکوم کردنیان بە زیندانی درێژماوە، توند کردنەوەی گوشار لەسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری، فەرهەنگی، ژنان، کەمینە دینیەکان، ئامادەکاری بۆ میلیتاریزە کردنی زیاتری کوردستان و هیتر، بەگشتی ئەمانە ئێقداماتێکی پێشگیرانەن لە وڵام بە هۆشداریەکانی نەجەفی، کە دەڵێ: بابەتەکە گەلێک جیدیە و “رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی وڵاتیشدا.”راستیەکەی ئەوەیە کە ئابووری سەرمایەداری ئێرانی ژێر هیدایەت و رێبەریی حکومەتی ئیسلامی لە بونبەستی تەواودا گیری خواردوە. سەرمایە گوزاری خاریجی بەهۆی ئەوەی کە نەجەفی ناوی دەنێت “ئەمنیەتی سەرمایە گوزاری”، ” تەنیا قسەیە”. سەرمایەگوزاری خاریجی بەرلە هەموو شتێک پێویستی بە سەقامگیری سیاسی، ئەمنیەتی و حقوقی و رقابەتی ئازادەوە هەیە. کاتێک کە بەشی زۆری ئابووری ئێران لە کۆنترۆڵی سپای پاسداراندایە و ئەگەر قەرارداد یان پرۆژەیەکی نان و ئاوداریش لە دەستوردا بێت، سپا بە هێز و تواناییەک کە هەیەتی و لە ئێختیاری دایە، بە ئاسانی دەستی بەسەردا دەگرێت و لە باشترین حاڵەتدا بنکرەکەی واتە کارە حاشیەییەکانی، ڕەنگە بەم و بەو بگات، رقابەتێکی ئازاد لە ئارادا نییە. کاتێک کاربەدەستانی رژیم بەم شێوەیە بە ئاشکرایی باس لە مەترسی ئاخێزە کرێکاریەکان و خەڵک دەکەن، کاتێک کاربەدەستانی رژیم بۆ یەکتر خەت و نیشان دەکێشن و کار گەیشتۆتە جێگایەک کە منداڵەکانی رەفسەنجانی دەخەنە زیندان، سروشتیە ئەگەر سەرمایەگوزارانی خاریجیش “ئیحتیاتی پێویست” بکەن و فێعلەن و تا ماوەیەکی تر لەم ئاستەدا کە باغێکی سەوز بە رژیم نیشان بدەن، راوەستن و چاوەڕێی ئاڵوگۆڕەکانی دواتر بن. کەوایە ئەمنیەتیش بۆ سەرمایەگوزاری خاریجی بوونی نییە.لە ئاستی نێوخۆییشدا جوڵەیەک لە بواری دروست بوونی رەونەقی ئابوری نابیندرێت. سەرمایەگوزاران بەهۆی نەبونی متمانه‌ بە داهاتو زۆرتر بەرەو بازرگانی و تجاره‌ت چوون. ئەو کارخانە و ناوەندانەی بەرهەمهێنانیش کە هێشتا دانەخراون لە ئیختیار دەوڵەت و سپای پاسداراندان و بەهۆی لاوازی مودیریەتی و گەندەڵی ئیداری و ماڵیەوە لەژێر زەرفیەتی خۆیاندا کاردەکەن.رژیمی ئیسلامی بۆ دەرچون لەم بونبەستە، تەنیا بەستەیەکی هاندەرانەی کە دەتوانێ بیداتە سەرمایە گوزارانی خاریجی و نێوخۆیی، پێشکەش کردنی هێزی کاری هەرزانی چینی کرێکاری ئێران و زەمانەت کردنی بەردەوام بوونیەتی.بەڵام رژیم بۆ گرتنەپێشی ئەم تەنیا رێگاچارە واقعیە بۆ چارەسەر کردنی قەیرانەکەی، لە بازنەیەکی بەتاڵدا گیری خواردوە، لەبەر ئەوەی لە لایەکەوە بەرەوپێش بردنی ئەم سیاسەتە ئیمکان پەزیر نابیت مەگەر ئەوەیکە پێشتر سەقامگیری و ئەمنیەتی نێوخۆیی پێویستی بۆ ئەم سەرمایە گوزاریە فەراهەم کردبێت. بە واتایەکی تر چارەسەری موشکەلاتی ئەساسی ئابووری سەرمایەداری ئێران لە کورت ماوەدا لە گرەوی وڵامدانەوەی رژیم بە پێداویستیە سیاسیەکانی چارەسەری قەیرانەکەدایە. لە پێشتردا دەبێ بەسەر قەیرانی سیاسی نێوخۆ واتە کێشمەکێش لەسەر ستراتیژیە جۆراوجۆرەکان بۆ زەمانەت کردنی مانەوەی رژیمدا زاڵبن و ئینسیجامی دەرونی خۆیان دابین بکەن. دواتر کۆسپە حقوقی و عەمەلیەکانی سەرڕێی سەرمایەگوزاری خاریجی و بەشداریدانی لە سەرمایەی نێوخۆیدا لابەرێت، قانونەکانی لەگەڵ قانونە گشتیەکانی تجاره‌ت و بازرگانی نێونەتەوەیی جیهانیی سەرمایەداری هاوتەریب بکات، ئابووری ئێران لە چنگ نیزامیەکانی سپا دەربینێی، تا بتوانێ هێزی کاری هەرزانی چینی کرێکار پێشکەش بکات.