لە پێناو دامەزراندنی حکومەتی شوڕاییدا لە کوردستان خەبات بکەین

کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان لە بارودۆخێکدا کار و ژیان و خەباتی خۆیان بەرەو پێش دەبەن، کە کوردستان کۆمەڵگایەکی تەحەزوب یافتەیە. ئەحزاب و هێزە بۆرژواییەکان لە کوردستان بوونیان هەیە و فەعالیەت دەکەن خەریکن لە ئێستاوە تەسەوری خۆیان لە سەرکەوتنی بزوتنەوەی کوردستان بە ڕای گشتی دەگەیەنن. ئەم هێزانە دەیانەوێ دامەزراندنی حکومەتێکی پارلمانی فیدراتیو وەک شکڵ و ناوەرۆکی سەرکەوتن بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. ئەمانە بە خەڵک دەڵێن کە حکومەتێکی فیدراتیو کە لەسەر بنەمای سیستمە پارلمانیەکەی ئەو شکڵە حاکمیەتە کە بە باشترین شێوە دخاڵەتی خەڵک لە کاروباری سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا دابین دەکات. دەڵێن لەژێر حاکمیەتی حکومەتی فیدراتیوی پارلمانیدا خەڵک ویست و داواکاریەکانیانن دەستەبەر دەبێت. لە بەرانبەر ئەم ئاوەژوو وێژی و تەبلیغاتانەی هێزە بۆرژواییەکاندا دەبێ راستیەکان بە خەڵک بوترێت و ئاڵترناتیوی حاکمیەتی ئینقلابی و شوڕایی بخرێتە بەردەمیان.حکومەتی فیدراڵی لە کورستانی عێڕاق بە روونی نیشانیداوە، جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگایان لە دەزگای بەڕێوەبردنی کاروبار و مودیریەتی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگە و حکومەت کردن بەسەر چارەنووسی خۆیاندا بەدوور گرتووە. لە سیستمی حاکمیەتی پارلمانیدا مافی حاکمیەتی سیاسی لە جەماوەری خەڵک دەستێننەوە و دەیسپێرن بە نوێنەرانی هەڵبژێردراو لە پاڕلماندا. لەم شێوەیە لە حاکمیەتدا دەنگدەران هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەر کرداری نوێنەرەکاندا نییە. لە نیزامە پارلمانیەکاندا دەنگدەران هەرچەند ساڵ جارێک دەچنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان تا بە دانی دەنگ، بەکردەوە خۆیان لە دەورگێڕانی راستەخۆ لە کاروباری بەڕێوەبردن و حاکمیەتی سیاسی کۆمەڵگە دوور بخەنەوە. لە نیزامی پارلمانیدا ئەگەر دەنگی دەنگدەران هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر پارلماندا نییە، نوێنەرانی پارلمانیش هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەر دەسەڵاتی ئیجرایی و چلۆنایەتی بەکردەوە دەرهاتنی یاسایەکدا نییە کە پەسه‌ندی دەکەن. پارلمان ئیختیاراتێکی بەرتەسکی هەیە و دەسەڵاتی راستەقینە لە دەست ئۆرگانە ئیجرایی، وەزاڕەتخانەکان، ئەڕتەش، پۆلیس و سازمانە ئەمنیەتیەکاندایە. لەم دیموکراسیە سەرمایەدارانەیەدا پارلمان دەبێتە شوێنی دەمەتەقە و جەدەل و مانۆڕی سیاسی ئەحزابی بۆرژوایی و ئۆرگانە ئیجراییەکان دەسەڵات و حاکمیەتی بۆرژوایی بەڕێوەدەبەن. لە نیزامێکی پارلمانیدا کە هێزە بۆرژوا ناسیۆنالیستەکان وەعدەی بە خەڵک ئەدەن هەرچەند ساڵ جارێک نوێنەرانی پارلمان دەگۆڕێن، کابینەی وەزیرانی دەوڵەت ته‌ئخیر دەکات، بەڵام ساختار و پێکهاتەی سەرەکی دەسەڵات لەدەست ئەڕتەش، پۆلیس و دەزگا ئەمنیەتیەکاندا دەمێننەوە. بەم هۆکارە سادەیە کە جەماوەری خەڵک ناتوانن لە کاناڵی پارلمانەوە ویست و داواکاریەکانیان دەستەبەر بکەن. کەوایە گومانی تێدا نییە، ئەگەر وێنایەک کە هێزە بۆرژوا ناسیۆنالیستەکان لە ئاسۆی سەرکەوتن لە کوردستان ئەیدەن بەدەستەوە بێتەدی و حکومەتی فیدراڵی کوردستان کە حکومەتێکی بۆرژواییە بێتە سەرکار ئاشکرایە کە لە هەمان سبەی رۆژی “سەرکه‌وتن”ەوە، خەڵکی زۆرلێکراوی کوردستان توشی چ چارەنوسێک دێن.559

کرێکاران، هەژاران و بێبەشانی کۆمەڵگە نەتەنیا سەهمێکیان تێیدا نابێت، بەڵکوو ئەمجارە هێزە بۆرژواییەکان لە قەوارەی حکومەتی کوردستانی فیدراڵ و ئاڵای نەتەوەیی، ئەفسانەی نەتەوەیی و سرودی میللی وەک ئامرازێک بۆ فریودانی کرێکاران و خەڵکی هەژار و بێبەشی کۆمەڵگە کەڵک وەردەگرن. ئەمجارە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشی کۆمەڵگە دەبێ بۆ مەیهەنی خۆیان زیاتر کاربکەن، زۆرتر ماڵیات بەدەن، کەمتر مەسرەف بکەن و مانگرتن و خۆپیشاندان نەخەنە رێ. حکومەتی فیدراڵی کوردستان دەبێتە حکومەتی کەمینەی کۆمەڵگە بەسەر زۆرینەدا، حکومەتێک دەبێت کە تەنیا بۆرژواکان، نوخبەکانی کۆمەڵگە و سەرانی ئەحزاب بۆرژوایی دەتوانن پێگە کلیدیەکان بە دەست بێنن.
ئەگەر خەڵکی زۆرلێکراوی کوردستان نایانەوێ بەم چارەنووسە گرفتار بن، دەبێ لە ئێستاوە لە بیری بناغەڕێژی حاکمیەتی شۆڕشگێرانەی خۆیاندا بن. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی زۆرلێکراوی کوردستان دەبێ لەبیری دامەزراندنی دەوڵەتێکدا بن کە هەموو ژن و پیاوێکی کرێکاری سادە و هەموو زەحمەتکێشێکی نەخوێندەوار بتوانێ ئەهرومەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوە بگرن و راستەوخۆ لە حەیاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا دەوریان هەبێت. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ حاکمیەتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان دەیەوێ ئیمکانپەزیر بوونی دامەزراندنی وەها حاکمیەتێک، حاکمیەتی شوڕایی پیشانی خەڵک بدات و بیکاتە شعوری گشتی خەڵکی کوردستان تا لەوە کەمتر بە سەرکەوتن نەزانن و پێی رازی نەبن. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ حاکمیەتی شۆرشگێڕانە دەیەوێ بەخەڵک بڵێ کە ئەمری حاکمیەت لە کوردستانی ئازادکراو مافی بێ ئەملاوئەولای کرێکاران و خەڵکی زۆرلێکراوی کوردستانە و کۆمەڵە ئامادە نییە لەگەڵ هیچ حێزب و گروپێک لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لە داهاتودا وتووێژ و مزاکرە بکات. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ حاکمیەتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان دەیەوێ نیشانی بدات کە بە تێکشکاندنی بەساتی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی و ماشێنی سەرکوتی لە کوردستان، کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و هەژار و بێبەش کە زۆربەی کۆمەڵگا پێکدێنن، دەتوانن دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. دەیەوێ نیشانی بدات ئەم ساختارە شوڕاییەیە ئیمکانی بەشداری و دەخاڵەتی بەرینترین جەماوەر لە ئەمری حاکمیەتدا فەراهەم دەکات. لە حکومەتی شوڕاییدا سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگە وەک بەشێک لە دەوڵەتن و لە سازمانی دەوڵەتیدا جێگایان هەیە. لە حاکمیەتی شۆڕشگێڕانەی پێکهاتو لە شوڕاکان کە بەرنامەی کۆمەڵە جەختی لەسەر دەکاتەوە، خەڵک لە شوڕا ناوچەییەکاندا خۆیان ڕێکخستوە و دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان بەدەستەوەیە و هەر کاتێک بیانەوێ دەتوانن نوێنەرەکانیان بانگ بکەنەوە و وەلایان بنێن و بەم شێوەیە هەموو تەشریفات و مەحدودیەتە بوروکراتیکەکان لە هەڵبژاردن دەسڕدرێنەوە. لەوێوە کە حکومەتی شوڕایی مافی ئازادانەی لابردنی هەڵبژێردراوان لە هەموو کاتێکدا ئەداتە خەڵک، تا کاتێک کە ئەم مکانیزمە بەڕێوەبچێت توشی گەندەڵی نایەت. لەم رێگایەوە گەندەڵی ئیداری کە نەخۆشیەکی چەند لایەنەی حکومەتە بورژواییەکانە بەهۆی ئەوەی کە رێگایەک بۆ دخاڵەتی راستەوخۆی خەڵک لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا تێیاندا بەکردەوە دەرنایەت بۆ هەتاهەتایە دەچێتەلاوە. لە حکومەتی شوڕاییدا سەرجەم کاربەدەستانی ئیداری و سیاسی و قەزایی لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژرێردرێن و هەرکاتێک زۆرینە ئیرادە بکات، لە هەموو کاتێکدا دەکرێ لاببرێن. بەرپرسان لە بەرزترین پلەکانی حکومەتی شوڕاییدا وەک خزمەتگوزاری خەڵک دەجوڵێنەوە و حقوقێکی بەرابەر لەگەڵ حقوقی کرێکاراێکی شارەز وەردەگرن. بەمجۆرە خەڵکێک کە لە نیزامی شوڕاییدا ڕێکدەخرێن خۆیان هەم قانون گوزارن و هەم بەڕێوەبەری قانون. ئەوەی لە بەرنامەی کۆمەڵەدا بۆ حاکمیەتی شۆڕشگێڕانە جەختی لەسەر دەکرێتەوە حاکمیەتێکی شوڕاییە کە لە سەرویەوە کۆنگرەی سەرتاسەری نوێنەرانی شوڕاکان و لە نزمترین ئاستیشیدا شوڕا ناوچەییەکانی شار و دێهاتەکان بوونیان هەیە و لە رێگای سیستمی شوڕاییەوە راستەوخۆ وەک بەشێک لە دەوڵەت لە ئەمری حاکمیەتدا دەور و نەخشی چالاکانەیان هەیە و لە رێگای نوێنەرەکانیانەوە لە ئاستی جۆراوجۆردا، کۆنگرەی ناحیەیی، ئه‌یالەتی، ناوچەیی و سەرتاسەری لە هەموو مەیدانەکانی فەعالیەتی کۆمەڵایەتیدا دەخاڵەت دەکەن. هێزی چەکداری ناوچەیی لەژێر فەرماندەهی کۆنگرەی سەرتاسەری شوڕاکاندا کاروباری پێوەندیدار بە دیفاع لە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر هێرشی دەوڵەتی ناوەندی و یان هەر هێزێکی تردا وەئەستۆ دەگرێت. ئەم هێزە مافی هیچ جۆرە دخاڵەتێکی لە کاروباری نێوخۆیی کوردستاندا نابێت. کۆمەڵە لە ئێستاوە بەرنامەی سیاسی خۆی بۆ حاکمیەتی شۆڕایی خەڵکی کوردستانی پێشکەش کردوە و هەوڵ ئەدات لە کاتی خۆیدا بیخاتە بەردەم شۆڕای نوێنەرانی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بۆ پەسه‌ند کردن و تا بەخێرایی بیخاتە بواری ئیجراییەوە.
سەرجەم ماف و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، متالباتی ریفاهی و فەرهەنگی، ماف و داواکاری ژنان لە بواری یەکسانی تەواو لەگەڵ پیاوان، مافی منداڵان، ئێقدامات لە بواری پاراستنی ژینگەدا، لەگەڵ مەتنی قانون کارێکی شۆڕشگێڕانە روونکراوە لە بەرنامەی لانیکەمی حیزبی کومونیستی ئێراندا، لە کوردستانی ئازاد کراو دەخرێنە بواری کردارییەوە.
لە کوردستانی ئازادکراودا مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە واتای ئازادی جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دابین دەکرێت و بارودۆخی پێویست بۆ کەڵک وەرگرتنی ئاگاهانە لەم مافە فەراهەم دەکرێت. خەڵکی کوردستان دەتوانن بە دابین بوونی بەکردەوە و یان رەسمی بارودۆخێک کە لەو بەرنامەیەدا گونجێندراوە لە چوارچێوەی ئێراندا بمێنێتەوە یان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی پێکبێنێ و لە ئێران جیابێتەوە. لە روانگەی ئێمەوە ئەگەر بێت و خەڵکی کوردستان بڕیار بدات لە بارودۆخی بوونی حکومەتێکی کرێکاری و یان شەرایەتێکی دیموکراتیک و شۆڕشگێڕانەدا لە ئێران لە چوارچێوەی ئێراندا بمێننەوە بە هاتنە ئارای ئەم بارودۆخە و بە گرتنەپێشی سیاسەتێکی ئاگاهانەی ئاموزشی و فەرهەنگی هەموو جۆرە نایەکسانی و ناهاوئاهەنگیەک لەنێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکان و لەوانە میللەتی کورد و غەیرە کورد دا لەبەین دەچێت و هۆویەتی ئیسانی ئەفرادی سەربە نەتەوە جۆراوجۆرەکان و رێگای ئاوێتە کردنیان وەک کۆمەڵێک ئینسانی ئازاد و بەرابەر خۆش دەکرێت. ئاوا کۆمەڵگایەک لەگەڵ دیاردەی ستەمی نەتەوایەتی بێگانە دەبێت.