ماجەرای پارەپیسەکان لە کۆماری ئیسلامیدا

شەوی پێنجشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٩٤، مستەفا پورمحەممەدی وەزیری دادگوستەری لە دەوڵەتی حەسەن رۆحانی، بە بەشداری لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی ته‌له‌فزیۆنیدا، جارێکیتر دوای وەزیری نێوخۆ لەسەر بەکارهاتنی “پارەی پیس لە هەڵبژاردندا” جەختی کردەوە. بەرلەمه‌ لە مانگی رەشەمەی ساڵی ٩٣ شدا، عەبدولڕەزا رەحمانی فەزلی، وەزیری نێوخۆ، سەبارەت بە هاتنی “پارەی کەسیف” بۆ نێو حەوزەی “سیاسەت و دەسەڵات” لە ئێران هۆشداری دابوو. وەزیری دادگوستەری، هەروەها بە داخەوە بوونی خۆی راگەیاند سەبارەت بەوەی لە ئێراندا قانونێکی روون و ئاشکرا بۆ دیار بوونی هەزینەکانی هەڵبژاردن له‌ ئاردانییە. بە وتەی ئەو، لە ئێراندا ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردندا کاندید دەکرێن، مەبلەغێکی زۆر لە تەبلیغاتی هەڵبژاردنیاندا خەرج دەکەن ئەوان دوای ئەوەیکە هەڵبژێردران پشتیوانی لەو کەسانە دەکەن کە لە دەورەی هەڵبژاردندا یارمەتی ماڵیان داون.411

ئەم وتانە نیشانەی دەورەیەکی تازەیە لە کێشەی نێوان باڵە حکومەتیەکان لەسەر بەشی زیاتر لە دەسەڵاتدا. ئەم دەورە نوێیە لە لایەن وەزیری نێوخۆوە لە جەلەسەی “ستادی به‌نگار بوونه‌وه‌ لەدژی مه‌وادی موخه‌در” دەست پێکراوە. ئەو باسی لە هاتنی پارەی پیس بۆنێو سیاسەت و هەڵبژاردن کردووە و وتویەتی: “قاچاغی مادەی هۆشبەر ساڵانە ٢٠ هەزار ملیارد تمەن گەردشی ماڵی هەیە. بێگومان بەشێک لەم پارەیە دەچێتە حەوزەی سیاسەت، هەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسه‌ڵاتی سیاسی لە وڵاتدا.” ئەو هەروەها وتی: “ئاژین بوونی ئەم پارەیە لە چەرخەی هەڵبژاردندا بەداخەوە بۆتە هۆی پێکهاتنی کەلێن، داسەپاندنی راوبۆچون و دەسەڵات لە لایەن هێندێک کەسەوە. ئه‌و لە درێژەدا وتی: “ئێستا پارە کەسیفەکان و قاچاغچێتی بەشێک لە مودیرانی وڵاتی تێوەگلاندوە. “یەکێک لە نوێنەرانی دەورەی حەوتەمی مەجلیس لە وتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرق کۆمەڵێک زانیاری جێی سرنجی لەمبارەیەوە درکاند. ئەو وتی: “لەم دەورانەی دواییدا شاهیدی زیاد بوونی هەزینەکانی هەڵبژاردنین. بۆ نمونە لە مەجلیسی هەشتەمدا یەک یان دوو کەس بە هەزینەی نزیک بە یەک ملیارد و نیو تمەن چونە مەجلیس و لە دەورەی نۆیەمدا زیاتر لە ١١ کەس زیاتر لە یەک ملیارد تمەنیان بۆ هەڵبژاردن خەرج کرد.” ئەو لە وڵام بەوەیکە خۆی بۆ هەڵبژاردنی مەجلیسی حەوتەم و هەشتەم چەندەی خەرج کردبوو وتی: “بۆ دەورەی حەوتەم ١٩ ملیۆن تمەن و بۆ دەورەی هەشتەمیش ٥٢ ملیۆن تمەن.” پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئەم پارەیە لەکوێوە دەڕژێتە گیرفانی ئەم ئاغایانەوە؟ ئەم پارە پیسانە تەنیا دەتوانێ لە نیزامێکی سەرتاپا گەندەڵدا لە گەردشدا بێت.

هێشتا هێندە بەسەر پەروەندەی ئیختیلاسی ١٦٠٠ ملیاردی عەلی عەسکەری سەرۆکی گشتی سازمانی کاروباری ماڵیاتیدا تێنەپەڕیبو کە هەواڵی سوئیستیفادە لە مقام و ئالودەبون بە گەندەڵی ماڵی محەممەد ڕەزا رەحیمی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار لە راگەیەنەرەکاندا بڵاو بۆوه‌. هەڵبەت ئەو تەنیا کاربەدەستی دەوڵەتی تاوانبار بە گەندەڵی نەبوو وە کەسێکی وەک سەعید موڕەتەزەوی گەلێک بەر لەو بەرەوڕووی پەروەندە و تاوانی جۆراوجۆر بۆوە و قوەی قەزاییە ئەگەر لە خەبات لەدژی گەندەڵی جیدی بوایە، دەبوو تەنانەت زووتر لە رەحیمی بەدواداچوونی بۆ تاوانەکانی ئەو بکردایە. ئایا رەحیمی بەم هۆیەوە بوو بە قوربانی کە پشتیوان و حاشیەی ئەمنیەتی تەواوی لە نێو توێژەکانی دەسەڵاتدا نەبوو؟ یان ئامانجێکی هەرزان و کەم حاشیە و لە هەمانحاڵدا مۆرەیەکی بەرچاو بوو بۆ قوەی قەزاییە؟ پرسیارەکان لەم بارەیەوە گەلێکن بەڵام لەهەر حاڵدا وادیارە قوەی قەزاییە بەشوێن قوربانیەکی بەمجۆرە بەرچاوەوە بوو تا ریاکانە نیشانی بدات کە ئەم دەزگایە لەژێر چاودێری رێبەری نیزامدا لە بەرانبەر گەندەڵیەکی بەرین کە سەرتاپای ناوەندە ماڵی و ئابوورییەکانی وڵاتی داگرتووە، بێ تەفاوەت نییە.

لەبیرمانە کە لە کاتی سەرۆک کۆماری هاشمی رەفسەنجانیدا ١٢٣ ملیارد تمەن ئیختیلاسی دۆزراوە، رەقەمێکی بێ وێنە بوو کە ماوەیەک جێی سرنجی راگەیەنەرەکان بوو. لە دەورەی ئەحمەدی نژاد دا رەقەمی گەندەڵی ماڵی لە سەرەتادا گەیشتە ٦٥٠ هەزار ملیارد تمەن و دواتر رکۆردی ٣ هەزار ملیاردی شکاند. هەمووان ماجەراکانی شەهرام جەزایری و ئەو پوڵە کەسیفانەی کە هێنایە نێو سیستمی دەوڵەتیەوەمان لەبیرە. یان هەموومان بابەک زەنجانیمان کە ماوەیەکە بەڕواڵەت لە زینداندایە، لەبیرماوە. ئەو بە ملیارد دۆلارەی کە ئەو و پشتیوانەکانی لە دەزگای حکومەتی و ئەمنیەتیدا خستیانە گیرفانیانەوە هێشتا چارەنوسیان بۆ خەڵک روون نەبۆتەوە. ئەگەر تاک و تەرا ناوی کەسانێک لە ڕقابەتی باندە گەندەڵە حکومەتیەکاندا دەکەوێتە سەر زاران، زەڕەیەک لەم راستیە کەم ناکاتەوە کە کەسانێکی زۆر لەو ناوەند و دەزگایانەدا بوونیان هەیە کە ئیختیلاسی نجومی تێیاندا روویداوە، کە هەرچەند ناو و نیشانێکی ئاشکرای وەک رەحیمییان نییە، بەڵام بەگشتی لە ناوەندە دەوڵەتیەکاندان و وابەستە بە حکومەتن و بەستراوەنەتەوە بە سەرانی سەرەوە.

ئەم بارودۆخە لە دەورەی هەشت ساڵەی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نژاد دا توند تر بوونەوە. لەم دەورە ٨ ساڵەیەدا لەژێر ناونیشانی خسوسی سازی، شیرکەتە گەورە دەوڵەتییەکان لە مخابراتەوە گرتویەتی تا پیشەسازی و مەعدەن و هەروەها پرۆژە گەورە نەوتیەکان، گواستنەوە و گەیاندن و خزمەتگوزاری دران بەو شیرکەتانە کە بەجۆرێک سەربە ناوەندە نیزامی یان ئینتیزامی و یان ئەمنیەتیەکان بوون. سپای پاسداران خاوەنی ئیمکاناتێکی ژێربەنایی بەرینە بۆخۆی بە تایبەتی وەک ئیسکلە و بەندەر و فرودگا و بە بوونی چەندین هەواڵنێریی و رۆژنامەی چاپی و رەسانەیی ئانلاین، لە ئیمکانی کاریگەری دانانێکی بێ بەدیل بەسەر سیاسەتی وڵاتیشدا بەهرەمەندە. لە پاڵ سپا و بەسیجدا، هێندێک ناوەندی دیکەی ئابووری وەک بونیادی موستەزعەفانیش بوونی هەیە کە گەردشی ماڵیەکەی بە زیاتر لە ١٠٠ ملیارد دۆلار بەراورد کراوە و لەژێر چاودێری کانونی سەرەکی دەسەڵات، واتە وەلی فەقیەدان. چالاکیی ئابووری ئەم ناوەندانە قەت ئاشکرا نەبوە و لە کۆنترۆڵی دەوڵەتیشدا نییە. غولە ئابووریەکانی وەک بونیادی موستەزعەفان نەتەنیا لە دانی ماڵیات بە دەوڵەت معاف کراون بەڵکو پارەی ئاو و بەرقی مەسرەفی خۆشیان نادەن بە دەوڵەت.

راستیەکەی ئەوەیە کە گەندەڵی ماڵی و ئیداری لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا نیهادینە بووە و بۆتە بەشێکی جیا نەکراوە لە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی. تەنیا گۆشەگەلێک لەم گەندەڵیانە لە رقابەتی دەستە و باندەکانی حکومەتدا بۆ تاڵان کردنی سەروەتی کۆمەڵگە ئاشکرا دەبێت و لە دەرەوە دەبیسترێ. هەر ئەم بڕەش لە “ئیفشاگەریەکان” نیشانی ئەدات کە ئەم جەنایەتکارانە چلۆن چنگیان بەسەر سەروەتی بەرهەمی کار و رەنجی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە ئێراندا گرتوە. هەروەها دەریدەخات کە بۆچی بە چنگ و ددان لە حاکمیەتە تاڵانچیەکەیان دیفاع دەکەن.