مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری موعه‌لیمان و فه‌رهه‌نگیان له‌ ئێران

306y
به‌ پێی هه‌واڵه‌كان، موعه‌لیمان و فه‌رهه‌نگیانی وه‌گیان هاتوو له‌ بارودۆخی خراپی به‌ڕێچوونی ژیان، سه‌ركوتی ئه‌منیه‌تی و بارودۆخی ناعادڵانه‌ له‌ شاره‌ جیاجیاكانی ئێران، مانیان گرت. رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٧ی مانگی گوڵان، هه‌زاران موعه‌لیم و فه‌رهه‌نگی ناڕازی له‌ شاره‌ جیاجیاكانی ئێران له‌وانه‌ تاران، مه‌شهه‌د، قه‌زوین، شاهرود، شیراز، زه‌نجان، بوشێهر، ته‌ورێز، ورمێ، هه‌مه‌دان، دامغان، به‌نده‌رعه‌باس، زاهێدان، یاسووج، كرماشان، سنه‌، سه‌قز، بۆكان، بانه‌، مه‌ریوان، كه‌ره‌ج و ده‌یان شاری دیكه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر مه‌جلیسی رژیم و ئیداره‌كانی ئاموزش و په‌روه‌رش له‌ ناوه‌ندی ئۆستانه‌كان، به‌ حقوقی ناعادڵانه‌ و چه‌ند به‌رابه‌ر له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاری، كه‌مته‌رخه‌می كاربه‌ده‌ستانی رژیم به‌ كێشه‌ و گرفتی موعه‌لیمان، سه‌ركوت و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی هه‌ڵسووڕاوانی سنفی موعه‌لیمان و په‌ره‌سه‌ندنی جه‌هل و خۆرافه‌ له‌ مه‌دره‌سه‌كان له‌ لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی رژیمه‌وه‌، مانیان گرت. موعه‌لیمانی ناڕازی له‌ جه‌ریانی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری خۆیان له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌، خوازیاری زیاد كردنی ئاستی حه‌قده‌سته‌كانیان و باشتر بوونی بارودۆخی به‌ڕێچوونی ژیان و پاراستنی كه‌رامه‌تی ئینسانیان و هه‌روه‌ها ئازادی موعه‌لیمان و فه‌رهه‌نگیانی زیندانی له‌وانه‌: “ره‌سول بوداقی، عه‌بدوڵا موئمێنی و عه‌لی پورسوله‌یمان” بوون. شایانی باسه‌ دوابه‌دوای بانگه‌وازی به‌ڕێوه‌چوونی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری موعه‌لیمان له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌، گوشاری ده‌زگا ئیتلاعاتی و ئه‌منیه‌تییه‌كانی رژیم له‌ژی هه‌ڵسووڕاوانی سنفی موعه‌لیمان په‌ره‌یسه‌ندووه‌ به‌ چه‌شنێك كه‌ به‌ پێی راگه‌یاندنی “كانونی موعه‌لیمان له‌ ته‌بعید”، ئیسماعیل عه‌بدی ده‌بیری گشتی كانونی سنفی موعه‌لیمانی ئێران دوابه‌دوای گوشاری ئه‌منیه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ١٠ ساڵ زیندانی ته‌علیقی، به‌ ناچاری وازی له‌ پۆسته‌كه‌ی هێنا و ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌.