مجازاتی کرێکاران لە ئەگەری مانگرتندا، دەست پوختی سپای پاسداران

لە بەندی چواری قەراردادی نوێی کرێکارانی خوازیاری کار، لە فازەکانی ١٥ و ١٦ ی پارسی جنوبی عەسەلویەدا هاتووە: “لە ئەگەری هەر چەشنە مانگرتنێکدا، کرێکار بەبێ حەق و حقوق به‌رگه‌ی تەسویەی پێ ده‌درێت.” سێ بەندی تری مەتنی قەراردادە نوێیەکە کە لە لایەن خاوەنکارانەوە بەسەر کرێکاراندا دیکتە کراوە، کەمتر لە بەندی چوارەم کۆیلەئاسا نییە، بەڵام بەندی چواری ئەم قەراردادە نوێیە، وێڕای پێشێل کردنی یەکێک لە ئەساسی ترین مافە سینفیەکانی کرێکاران، واتە بەهرەمەند بوون لە مافی مانگرتن، لەم بارودۆخەدا واتایەکی سیاسی تایبەتیشی هەیە. ناوچەی عەسەلویە یەکێک لە ناوچە ئازادە ئابووریەکانە کە لە ساڵی ١٣٧٧ دا لەسەر بنەمای په‌سه‌ند كراوی شورای باڵای ناوچەی ئازادی تیجاری ـــ سەنعەتی بە ئامانجی بەهرەبەرداری لە مەنابعی نەوت وگازی حەوزەی پارسی جنوبی و ئەنجامدانی فەعالیەتی ئابووری لە بواری نەوت و گاز و پێتروشیمی لە مه‌حدوده‌ی نه‌واری ساحیلی عەسەلویە و خەلیجی ” نایبەند” بە بەرینایی ٣٠ هەزار هێکتار، بینا کراوە.ئەم ناوچەیە لە لایەن کۆنسرسیۆمێکی ناوخۆییەوە بەڕێوەدەچێت کە سپای پاسداران لە رێگای “قەرارگای سازەندەگی “خاتەمۆلئەنبیا”، ده‌ور و نەخشێکی به‌رچاو و دیاریكراوی تێدایه‌.458
هەروەها لە عەسەلویە، دەیان شیرکەتی پەیمانکاری سەربە سپای پاسداران و شەریک و ژێر مەجموعەکانی قەرارگای خاتەمۆلئەنبیا، نەقشی بەرچاویان هەیە. ئەم قەرارگایە و شیرکەتە پەیمانکاریەکانی، بەبێ بەشداری کردن لە هیچ جۆرە مۆناقسەیەک، قەراردادەکان وەردەگرن و هەزاران کرێکاریان بە داسەپاندنی دژوارترین بارودۆخی کاری لە ئیستخدام دایە. قانون و ئایننامەی تایبەت بەسەر مۆناسباتی کرێکاران و خاوەنکاراندا لە ناوچەی ئازادی تجاری- پیشەسازیدا زاڵە. لەوانە ئەم یاسا و رێسایەیە کە، کرێکار لە مافی پێكهێنانی هەموو جۆرە تەشەکولێکی سینفی سەربەخۆ بێبەشە. بەم ئیعتیبارەوە، کرێکارانی شاغڵ لە ناوچەی ئازادی تجاری ـــ پیشەسازیدا، بەهۆی نەبوونی تەشەکول لە بەرانبەر پەیمانکاران و خاوەنکاراندا، له‌ مەوقعیەتێکی گەلێک نائەمن و ئەسەفبار و خراپ دا به‌سه‌ر ده‌به‌ن و سه‌عات کاری تولانی و تاقه‌ت پرۆكێنیان هه‌یه‌. بە لەبەرچاو گرتنی سەخت و زیانبار بوونی جۆری کار لەم ناوچانە، حەقدەستەکانیش زۆر كه‌متر و له‌خواره‌وه‌ترن. گرنگتر لەوانە، شوێنی کاری ئەو کرێکارانەی کە لە سەکۆکانی هەڵکەندنی بیر، بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و تەرحەکانی پێتروشیمیدا کاردەکەن، گەلێک نائەمن و مەرگبارە. ئەو کرێکارانەی لەم ناوچانەدا کار دەکەن لەبەردەم مەترسی دزەکردنی گاز، خەفە بوون و مەسمومیەتی سەرچاوە گرتوو لە هەڵمژینی گازە سەمیەکان، هەڵچونی چاڵە نەوتەکان و مەترسی ئاگر کەوتنەوە، مەسمومیەت و نەخۆشی سەرچاوە گرتوو به‌ هۆی به‌ركه‌وتن به‌ مادەی شیمیایی، رۆژانە لە شوێنی کاردا لەگەڵ مەرگدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن. کەمتر رۆژێک هەیە کە هەواڵی بریندار بوون و مەرگی کرێکارێک لە عەسەلویە نەبیستین و یان لە رۆژنامەکاندا نەخوێنینەوە.کرێکارانی شاغڵ لە عەسەلویە لەگەڵ ئەوەدا کە لە بوونی تەشەکولی سینفی بێبەشن، بەڵام لە ماوەی سالانی رابردوودا لە راستای دەستەبەر بوونی داواکاریەکانیاندا لە خەباتی خۆڕسکانەدا لە دژی خاوەنکاران و پەیمانکاران، دەستیانداوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خەبات. لەگەڵ بەرین بوونەوەی ئەم خەباتەدا کە هاوتەریب لەگەڵ خەباتی کرێکاران لە مەعدەنە گەورەکانی وڵات و سەنایعی پێتروشیمیدا لە جەریان دایە، شیرکەتە پەیمانکاریەکانی سەربە سپای پاسداران بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ خەباتی کرێکاراندا کەوتونەتە هەوڵی دۆزینەوەی رێگا چارە. دەرکردن بەبێ دانی حەق و حقوق لە ئەگەری بەشداری و دەست بردنی کرێکاران بۆ مانگرتن، یەکێک لە ئامرازەکانی بەرگرتن و کۆنترۆڵ کردنی ناڕەزایەتی کرێکارانە. لەهیچ جێگایەکی دنیا، تەنانەت لە دیکتاتۆر لێدراوترین وڵاتانی جیهان، شاهیدی وه‌ها وه‌زعیه‌تێكی نین كه‌ ئه‌گه‌ر كرێكار مان بگرێت، هه‌ڕه‌شه‌ی ئیخراج و ده‌ركردنی لێبكرێت.شگردی سپای پاسداران بۆ بەرگرتن لە بەردەوامی و پەرەسه‌ندنی مانگرتنی کرێکاری لە بارودۆخێکدا بەڕیوەدەچێت کە، سەرکوتی خەباتی کرێکاران، شه‌لاق لێدانیان و سپاردنیان بە دەزگای قەزایی، خاسیەتی خۆی لەده‌سەت داوە. کرێکاران چارەیەکیان بێجگە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و مانگرتن نییە.سپا و دەوڵەتیش لە حاڵێكدا خۆیان گەورەترین خاوەنکاری وڵاتن و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەگەڵ بەرینترین مانگرتنی کرێکاریدا بەرەوڕوو بوونەتەوە، رێگایەکیان بێجگە لە بەرگرتن و سەرکوتی ناڕەزایەتی کرێکاران نییە. بەم بۆنه‌وه‌ له‌ هیچ جۆره‌ شێوه‌ و شگردێك ده‌ست ناپارێزن. نیگەرانی کرێکاران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری لەوەدایە کە ئه‌گه‌ر بێت و پەیمانکارانی سەربە سپا بتوانن خوازیارانی کار لە عەسەلویە ناچار بە قەبوڵ کردنی ئەم قەراردادانە بکەن، گومانی تێدا نییە کە هەوڵ ئەدەن لە باقی کارگا و کارخانەکانی وڵاتدا به‌كرده‌وه‌ی ده‌ربێنن و لەم رێگایەشەوە خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاران کۆنترۆڵ بکەن. دەبێ لەدژی ئەم سیاسەتە نوێیەی مه‌هار كردنی ناڕەزایەتی کرێکاری، بەشێوەیەکی بەرین دەست بکرێت بە خەبات و تێکۆشان. دەست بردن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و خەبات بەهەر شێوەیەک کە چینی کرێکار بە دروستی بزانێت، مافی چینی کرێکارە. نابێ ئیجازە بدرێت کە چینی کرێکار لەم مافەی بێبەش بکرێت. دەوڵەت و سپای پاسداران لە پەرەسه‌ندنی ناڕەزایەتی کرێکاری لە حاڵێکدا کە بە بەراورد لەگەڵ رابردویان لە مەوقعیەتێکی نەگونجاوتردان، بەتوندی نیگەران و ترساون. دەبێ هەوڵ بدرێت کە مافی دەستدانە مانگرتن لەپاڵ داخوازی و داواکاریەکانی تردا، ببێتە یەکێک لە دروشمە سه‌ره‌كی و مێحوەریەکانی خەباتی ئێستای چینی کرێکار. گشتی بوونەوەی ئەم دروشمانە و دەستدانە خەباتێکی فەرا ناوچەیی، یەکێک لە رێگاکانی پوچەڵ کردنەوەی ئەم سیاسەتە دژی کرێکاریەیە کە سپای پاسداران و دەوڵەتی حەسەن رۆحانی لەپشتیەوە لەدژی کرێکاران، سەنگریان گرتووە. ئەم تاکتیکەی پەیمانکارانی وابەستە و شەریکی سپا دەبێ مەحکوم بکرێت و هەوڵ بۆ پووچەڵ كردنه‌وه‌ی بدرێت.