مردن لە رێگادا، سوکایەتی لە مەقسەد، چارەنووسی پڕ ئازاری پەنابەران

رۆژی شەممە ١٥ی ئوت، بەرابەر لەگەڵ ٢٤ ی گەلاوێژ، خەبەرێک بڵاو بۆوە کە ٤٠ پەنابەری تر لە ناوچەیەک لە بەلەمێکدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. هەواڵنێری ئاسۆشتێدپرس کە ئەم هەواڵەی بڵاو کردەوە باسی ئەو ئەگەرەشی کردوە کە رەنگە ژمارەی قوربانیەکان زیاتر بێت. هەواڵنێری رۆیتێرز لە ٧ی ئوتیشدا باسی لە نوقم بوونی ٢٠٠ کەس لە ٦٠٠ پەنابەر کرد لە دەریای مەدیتەرانە، لە نزیک لێوارەکانی ئیتالیا.ئەم قوربانیانە بە شێوەی ئاسایی داوای یارمەتیان لە گاردی ساحلی کردبوو. کەشتیە یارمه‌تییه‌كان، درەنگ گەیشبوون و توانیبویان تەنیا ٣٧٠ کەس رزگار بکەن. دەنگۆی ئەوە هەیە کە درەنگ چونه‌ هانایانەوە بە ئانقەست بووە. لەوەش خراپتر هەواڵی خراپکاری لە بەلەمێکی هەڵگری پەنابەراندا لە لایەن گاردی ساحلی یۆنانەوە بەشێوەیەکی بەرین بڵاو بۆوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی کاناڵی یۆرۆنیوز له‌م دواییانە ویدۆیەک لە لایەن ڕاوچیانی ماسی گری تورکیە لە ئاوەکانی سنوری نێوان ساحلی تورکیە و جەزیرەکانی “دودکانیز”ی یونان گیراوە کە سەحنەیەکی هەژێنەری لە بەرەوڕووبوونی کەشتیەکی یۆنانی و بەلەمێکی پەنابەرانی تێدایە. ئەم ماسیگرانە وتویانە، کاتێک کە بەلەمی پەنابەران لەحاڵی رۆیشتن بەرەو ئاوەکانی یۆنان بووە، کەشتیە یۆنانیەکە لە بەلەمەکە نزیک بۆتەوە و بە شتێکی نوک تیژ بەلەمە لاستیکیەکەی پەنابەرانی کون کردوە کە بۆتە هۆی نوقم بوونی بەلەمەکە. ماسیگرەکانی تورکیە کە شاهیدی ئەم سەحنەیە بوون، هەوڵ ئەدەن ژن و منداڵەکان ڕزگار بکەن. لە ئەگەری ئیسباتی ئەم رووداوەدا، تاوانێکی جیدی ئاڕاستەی گاردی ساحلی یۆنان دەبێت.512

ئەو پەنابەرانەی کە لە نوقم بوون لە شەپۆلەکانی دەریای مەدیتەرانەدا ڕزگاریان ئەبێت، بەرەوڕووی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە لە وڵاتانی ساحلی دەبنەوە. کۆمیساریای باڵای سازمانی ملەل لە کاروباری پەنابەراندا وتویەتی پەنابەران لە دوڕگەکانی یۆناندا لە بارودۆخێکی نابەسامان و شەرم ئاوەردا بەسەر ئەبەن. ئەم کۆمیساریایە وتویەتی کە لە سەرەتای ئەمسالەوە تا ئێستا ٢٢٤ هەزار پەنابەر لە ڕێگای مەدیتەرانەوە خۆیان گیاندۆتە ئوروپا. ١١٨ هەزر کەسیان لە حاڵی نوقم بوندا لە دەریادا ڕزگار کراون. ئەندامانی سازمانی پزیشکانی بێسنور کە لەگەڵ قایقەکاندا دەچن بۆ یارمەتی ڕزگار کردنی پەنابەرانی لە حاڵی نوقم بووندا، چیرۆكی هەژێنەر لە هەوڵی ژنان و منداڵان بۆ ڕزگار کردنی گیانیان، دەگێڕنەوە.
بە وتەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچبەریی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ وە تا ئێستا زیاتر لە ٢ هەزار کۆچبەر لە رێگای گەیشتن بە ئوروپا گیانیان لەدەست داوە. ئەم سازمانە وتویەتی کە ئەگەر باردۆخەکە بەم شێوەیە بڕواتە پێش لەمساڵدا ژمارەی په‌نابه‌رانی گیان به‌ختكردوو لە ساڵی ٢٠١٤ زیاتر دەبێت. لەو ساڵەدا ٣ هەزار و ٢٧٩ پەنابەر لە دەریای مەدیتەرانەدا نوقم بوون.
ئەو پەنابەرانەی کە لە ئاوەکاندا نوقم بوون و یان به‌، بەرەورووی مەترسی مەرگ کردنەوەی گیان و ژیانیان گەیشتنە کەمپە شێوە زیندانەکانی ئیتالیا و یونان، زۆربەیان لە وڵاتانی وەک سوریە، ئەفغانستان و لیبیەوە رۆیشتون کە وڵاتەکانیان لە ئاگری شەڕێکدا دەسوتێ کە لە لایەن ئیمپڕیالیزمی ئامریکا و هاوپەیمانەکانیەوە هەڵگیرساوە. تەنیا لە سوریە لە ساڵی ٢٠١١ بە هۆی شەڕی نێوخۆوە کە ئامریکا، عەرەبستانی سعودی و تورکیە خەریکی خۆش کردنین، ٣ ملیۆن و نیو لە دانیشتوانەکەی بەرەو هەندەران هەڵاتون و ٧ ملیۆن و نیویش لە نێوخۆی سوریەدا ئاوارە بوون و کەوتونەتە داوی ئاگر بارانی نێوان هێزە نەیارەکانەوە. بەشێک لە پەنابەرانیش لە وڵاتانی هەژار و شەڕ لێدراوی سومالی، ئیتیۆپی و ئیریترەن.
سەرانی یەکێتی ئوروپا بە راگرتنی کەشتی و بەلەمەکانی نەجات و دروست کردنی دیواری بەرز بە دەوری وڵاتانی ئوروپاییدا لەدژی پەڕێنەوەی ئاوارەکان و پەنابەر بوونی خەڵکی شەڕلێدراو کاردانەوەیان نیشانداوە. ئەوان ماوەیەک لەوەپێش کەشتیە شەڕکەرەکانیان ڕەوانەی مەدیتەرانە کرد تا ئەو بەلەمانەی لە ساحلی لیبیەوە کەوتبونە ڕێ بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان. سەرەڕای کۆکردنەوەی زانیاری لە لایەن ماهوارەکانە بۆ ئەم عەمەلیاتە کە ناوی تریتون بوو، ئەم تەرحە شکستی خوارد. دەوڵەتەکانی یۆنان، سپانیا، بوڵغارستان و مەجارستان لە ساڵی ٢٠١٣ دا لە لێوارەی ساحلی ولاتەکانیان و بۆ بەرگرتن لە هاتنی پەنابەران دیواری، ئاسنینی نوک تیژ و بە بەرزی چەند میتریان دروست کردوە.
بەپێی محاسباتی کۆمیساریای باڵای سازمانی ملەل لە کاروباری پەنابەراندا ٦٠ ملیۆن ئینسان لە ساڵی ٢٠١٤ دا بێ ماڵ و حاڵ بوون و بەشوێن سەرپەنایەکدا گەڕاون. ئەمانە بەرهەمی سیاسەتی شەڕی ئیمپڕیالیزمی ئامریکا و دەوڵەتانی رۆژئاوایین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شاخ و باکوری ئافریقان. ڕاگەیەنەرە سەرەکیەکانی بۆرژوایی کاتێک پەیکەری بێ گیانی لە ئاو دەرهێندراو و بە سەدان هەزار ئینسانی ئاوارە و داماو وێنا دەکەن، ئاماژە بەم فاکتە عەینیانە ناکەن. ئەوان لە وێنە و راپۆرتەکانیاندا ناڵێن و نانووسن کە هەر لەم چەند ساڵەی دواییدا، واتە لە شەڕی خەلیجی ئامریکا لە ساڵی ١٩٩٩ وە تا ئێستا، خاوەرمیانە، شاخ و باکوری ئافریقا گۆڕەپانی شەڕی ئیمپڕیالیزمی ئامریکا و کۆنەپەرستی مەزهەبی بووە کە بە هەموو جۆرە چەکێک سەدان هەزار کەسیان کوشتوە و ماڵ و مەسکەنیان بەسەر دەیان ملیۆن ئینسانی بێ دیفاعدا وێران کردوە. ئەوان باسێک لە جەنایەتە مێژوییەکانی ئەم دەوڵەتە سەرمایەداری و خاوەنانەی سەروەت ناکەن. ڕاگەیەنرەکانی بۆرژوازی تەنیا جەنازەکان و خەڵکی داماو پیشان ئەدەن تا باقی پەنابەران لە چون بۆ ئوروپا بترسێنن و لە وڵاتەکانیاندا رۆحیەی رەگەز پەرستانە لەدژی قوربانیان و خاریجیەکان هەڵدەخرێنن.
بەڵام بەشەریەتی پێشکەوتوو و وشیار، ئیتر وەک ڕابردو فریوی بەکرێگیراوان و فریکارانی ڕاگەیەنەرەکان ناخۆن. پەنابەران مافی خۆیانە تا لە ڕێگای سڵامەتەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئه‌من و مەسیرە قانونیەکان بۆ وەرگیرانی کەیسەکانیان تێپەڕێنن. بەڵام لێرەشدا وەک هەمیشە ماف دەبێ بستێندرێت. تەنیا کرێکاران و ئینسانە وشیارەکان دەتوانن ئەم مافە بەسەر دەوڵەتە سەرمایەداری و دەستدرێژی کارەکاندا بسەپێنن و گرنگتر لەوەش ئەوان وادار بکەن دەست لە هێرش کردنە سەر وڵاتانی تر و پەروەردە کردنی هێزی کۆنەپەرستی مەزهەبی بکێشنەوە.