ململانێ سەبارەت بە جیایی دین لە دەوڵەت لە بنگلادش

چەند رۆژە، دادگای باڵای بنگلادش سه‌رقاڵی هەڵسەنگاندنی” هەڵوەشاندنەوەی دینی ئیسلام” وەک دینی ڕەسمی ئەم وڵاتەیە. بەرڕەسی کردنی بابەتی هەڵوەشاندنەوەی دینی ڕەسمی لە لایەن دادگای باڵاوە کاتێک بەهێز بوو کە لە ساڵی ڕابردودا هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکانی ناسراو بە ” جەماعەتی موجاهدینی بنگلادش” و ئەنساراللە ی بنگال” لە شارە جۆراو جۆرەکانی ئەم وڵاتەدا چەندین جار هێرشیان کردە سەر بیانیەکان و کەسانی سەر بە مەزهەبەکانی دیكه‌. نەفسی ئەوەی” دادگای باڵای بنگلادش” دەتوانێ وەها بابەتێک بخاتە دستوری کاریەوە، نیشانەی ئەم ڕاستیەیە کە لە بەرانبەر بزوتنەوەی ئیسلامگەرای توندڕەودا، بزوتنەوەیەکی سیکۆلار لەم وڵاتەدا شکڵی گرتوە. داواکاری جیایی دین لە دەوڵەت و لابردنی دینێکی دیاریکراو بەناوی دینی ڕەسمی وڵات لە پشتیوانی خوێندکاران، هونەرمەندان، نووسەران و توێژی پێشڕەوی کۆمەڵگای بنگلادش بەهرەمەندە. بەشێکی زۆر لە خەڵکی بنگلادش مەترسی بوونی وڵاتەکەیان بە مەیدانی تەڕاتێنی هێزە تا ئەوپەڕ کۆنەپەرستەکانی وەک “جماعت مجاهدینی بنگلادش” و ” انصارالله ی بنگال ” یان هەست پێکردوە.وڵاتی بنگلادش لە ساڵی ١٩٧١ ی زاینی و دوای سەربەخۆ بوون لە پاکستان، وەک وڵاتێکی سیکۆلار بوونی خۆی ڕاگەیاند. بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨ دا، حسێن محەممەد ئیڕشاد سەرۆک کۆماری ئەو کاتی بنگلادش قانونی ئەساسی ئەم وڵاتەی دەستکاری کردوە و ئیسلامی وەک دینی ڕەسمی بنگلادش ڕاگەیاند. تا پێش ئەم کارە هەموو دینەکان لەم وڵاتەدا خاوەنی پێگەیەکی یەکسان بوون. لەم رۆژانەی دواییدا هێز و ڕەوتە جۆراو جۆرە ئیسلامیەکان لەم وڵاتەدا بە هەڵخڕاندنی هەستی موسڵمانان و ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە خیابانەکانی داکا پێتەختی ئەم وڵاتە کەوتونەتە خۆ تا بەر بە ئەگەری بڕیاری دادگای باڵای بنگلادش سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دینی ئیسلام وەک دینی ڕەسمی وڵات بگرن. بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا هەواڵنێری کۆماری ئیسلامی حیزبی “جەماعەتی ئیسلامی” وەک گەورە ترین حیزبی ئیسلامی بنگلادش وێڕای مەحکوم کردنی بەرڕەسی کردنی دادخاستی لادانی دینی ئیسلام لە پێگەی دینی ڕەسمی بنگلادش، داواکاری مانگرتنی سەرتاسەری موسڵمانانی ئەم وڵاتە بووە. بێجگە لەوەیکە دادگای باڵای ئەم وڵاتە لە بەرانبەر گوشاری ئیسلامگەراکاندا تەسلیم دەبێت یان نا، نەفسی هێنانەگۆڕی ئەم بابەتە و قسە لەسەر کردنی لەم ئاستەدا تا ئێرە بەرەوپێشەوە چوونێکی گرنگە. بێزاری خەڵک لە حکومەتە مەزهەبیەکان و لە گرووپە تیرۆریستە ئیسلامیەکان لە وڵاتانی خاوەرمیانە و شومالی ئافریقا، بواری گەشە کردنی ڕەوتی سیکۆلار و گشتی بوونەوەی داواکاری جیایی دین لە دەوڵەتی خۆش کردوە. هەرئێستا گەلێک نیشانەی هیوابەخش لەم بوارەدا لە وڵاتانی تورکیە، سوریە و عێڕاق دەبینین. گومانی تێدا نییە کە هەڵوەشاندنەوەی دینی ڕەسمی لە بنگلادش دەبێتە دەستکەوت و بەرەوپێشەوە چوونێکی گرنگ بۆ ئەو بزوتنەوەیەی کە لە بەرانبەر دواکەوتویی و تەحەروکاتی تیرۆریستی بونیادگەرایانی ئیسلامیدا ڕاوەستاوە.679
ڕاگەیاندنی دین و مەزهەبێک وەک دینی ڕەسمی وڵات بە بیانوی ئەوەی کە بەشی زۆری دانیشتوانی ئەو وڵاتە باوەڕیان پێیەتی، بێجگە لە ڕێگە خۆش کردن بۆ دخاڵەتی دین لە دەوڵەتدا، سەرەتایەکیشە بو ڕەچاوکردنی نا یەکسانی و هەڵاواردن و ژێر پێ نانی مافی کەمینە مەزهەبیەکان و دەستگرتنی ئەحکام و دەستوراتی دینییە بەسەر لایەنە جۆراو جۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایه‌تی و تایبەتی تاکەکانی کۆمەڵدا.
چینی دەسەڵاتدار لە مەزهەب وەک ئامرازێک بۆ پاساوی هەژاری و نەداری، برسیەتی، کەلێنی چینایەتی، ستەم و چەوساندنەوە، نا دادپەروەری، و هەزاران دەردی بێ دەرمانی دیكه‌، کەڵک وەردەگرێت. مەزهەب وەسیلەیەکە بۆ فریودانی جەماوەری ستەمکێش و توشی خۆشباوه‌ری کردنیان سەبارەت بە ژیانێکی باشتر و دەست ڕاگەیشتن بە ئاسایش، ڕیفاه و بەختەوەری ئەویش دوای مردنە. مەزهەب بەو ئینسانانەی کە هەموو تەمەنیان بە کار و زەحمەت تێپەڕ دەکەن، بەڵام هیچکات جێژی ژیانێکی خۆش هەست پێناکەن، تەوسیە دەکات تا سەبور و شکور گوزار بن. مەزهەب دەبێتە هۆی ئەوەی ئینسانەکان بەجێگای هەوڵدان بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئێستا و ڕزگار بوون لە بەندی كۆیله‌تی چینی دەسەلاتدار، پشت بە هێزێکی بانتر لە ئاسمانەکان ببەستن تا شایەد ئەو هێزە خەیاڵیە ببێتە ڕزگاری دەریان لە فەلاکەت و رۆژڕەشیەک كه‌ تێیکەوتون. ڕێبەرانی مەزهەبی، و موبەلغین و مورەوجینی مەزهەبی بەردەوام لە خزمەت چینی باڵادەستدا بوون، دەورێکی پێشگیرانەیان لە بەرانبەر ئاخێز و هاتنە مەیدانی جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لەگەڵ زاڵماندا نواندوە.
بۆ ئەوەی کە چینە دەسەڵاتدارەکان نەتوانن ئایین وه‌ك ئامرازێک لە خزمەت بە درێژەدان بە حاکمیەتی نا مەشروعی خۆیاندا بەکاربێنن، کومونیستەکان خوازیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی دەوڵەتی مەزهەبی و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە کەڵک وەرگرتنێکن لە مەزهەب وەک ئامرزێکی دەوڵەتی. پێویستە مەزهەب بە تەواوەتی لە دەوڵەت و سیستمی ئاموزش و پەروەرش جیا بکرێتەوە. ئێمە دەڵێین: “هیچکام لە دینەکان، نابێ هیچ جۆرە کاریگەری و دخالەتێکیان بەسەر قانونی وڵاتەوە هەبێت”. ئێمە ئەڵێن: ” ناوەند و دەزگا مەزهەبیەکان دەبێ بە تەواوی لە دەوڵەت جیابکرێنەوە و هەموو جۆرە یارمەتیەکی ماڵی و هیتر لە لایەن دەوڵەتەوە بە ناوەند، دامەزراوە و چالاکیە مەزهەبیەکان ببڕدرێت”.
ئێمە ئەڵێین: “کاربەدەستانی مەزهەبی نابێ لە هیچ جۆرە ئیمتیازێک چ بۆ بەدەست هێنانی پۆستی دەوڵەتی و چ لە بەرانبەر قانونی وڵاتدا بەهرەمەند بن و سەرجەم تەبعیزاتە قانونیەکانی لەسەر حیسابی باوەڕی مەزهەبی دەبێ بەتەواوی هەڵبوەشێنەوە.” ئێمە ئەڵێین “نابێ لە مەدرەسە، زانکۆ و باقی دامەزراوەکانی تەعلیم و تەربیەتی دەوڵەتیدا، هیچ یاسا و ڕێسا و تەعلیماتێکی مەزهەبی پەیڕەو بکرێت. ئێمە ئەڵێین: “هیچکام لە مەزهەبەکان، نابێ وەک مەزهەبی ڕەسمی وڵات بناسرێن. دەوڵەت دەبێ مەزهەب وەک ئەمرێکی سەخسی کەسەکان بناسێت و سەرجەم دانیشتوانی وڵات دەبێ ئازاد بن لە هەڵبژاردنی هەر جۆرە مەزهەبێک یان بڕوا نەبوون بە هیچ مەزهەبێک.” ئێمە داکۆکی لە یەکسانی هه‌موو مافە قانونیەکانی سەرجەم دانیشتیوانی وڵات دەکەین، سەربەخۆ لەوەی کە باوەڕیان بە هیچ مەزهەبێک هەیە یان نا و خوازیاری بەکردەوە دەرهاتنی بەتەواوەتی جیایی دین لە دەوڵەتین.