مه‌حكوم كردنی فاشیزمی خانه‌ی كارگه‌ری كۆماری ئیسلامی

257y
“یه‌كیه‌تی ئازادی كرێكارانی ئێران”، له‌دژی فاشیسمی خانه‌ی كارگه‌ری كۆماری ئیسلامی رووله‌ كرێكاران و خه‌ڵكی شه‌ریفی ئه‌فغانستان، راگه‌یاندنێكی ده‌ركرد.له‌ به‌شێك له‌م راگه‌یاندنه‌دا هاتووه‌: “له‌ رۆژی ١١ی مانگی گوڵان، سیاسه‌تی فریوكارانه‌ی خانه‌ی كارگه‌ر له‌ رێگای مه‌حجوب و ره‌بیعی و خودی خانه‌ی كارگه‌ر زیاتر له‌ هه‌ر كاتێكی تر، بۆ هه‌مووان ئاشكرا بوو. دروشمی به‌ناوبانگی رۆژی جیهانی كرێكاری ئه‌م به‌كرێگیراوانه‌ی سه‌رمایه‌ به‌م چه‌شنه‌ بوو: “خاوه‌نكار حه‌یا كه‌، ئه‌فغانی ره‌ها كه‌”. بۆ ئێمه‌ كرێكارانی ئێران، كرێكارانی ئه‌فغانستانی خۆشه‌ویست ترین مرۆڤ و هاوچاره‌نووسمانن. ئازیزان، دڵنیا بن و بزانن ئێمه‌ كرێكارانی ئێران له‌دژی ئه‌م به‌كرێگیراوانه‌ی سه‌رمایه‌ و كارخانه‌داران و ده‌سه‌ڵاتداران له‌وانه‌ مه‌حجوب و سادقی و خانه‌ی كارگه‌ر و ره‌بیعی و كۆمه‌ڵێك ئه‌رازل ئه‌وباشین كه‌ له‌ژێر سێبه‌ری ده‌وڵه‌تی ته‌دبیر و ئومیدی سه‌رمایه‌داران، ده‌رفه‌تێكیان بۆ خۆده‌رخستن دۆزیوه‌ته‌وه‌. ئه‌وان له‌ دوایین ساته‌كانی ژیان و له‌ناوچوونیان، ئاڵای هه‌ژاری و فه‌لاكه‌ت و تووڕه‌یی تایفه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی له‌دژی چینی كرێكاریان هه‌ڵگرتووه‌. ئازیزان، له‌ دروشمی فاشیستی خانه‌ی كارگه‌ر و به‌كرێگیراوه‌كانی، نه‌ ته‌نیا نابێ ره‌نجێك بكه‌وێته‌ سه‌ر جه‌سته‌ی ئازارچێشتوو و ماندووتان، به‌ڵكوو ده‌بێ بزانن رێپێوانی خانه‌ی كارگه‌ر، جارێكی تر شكست و داماوی ئه‌م جه‌ریانه‌ كۆنه‌په‌ره‌ست و فاشیسته‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا، ده‌رخست و له‌قاوی دا.