مه‌راسمی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی رۆژی جیهانی كرێكار له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی جیهان

160y
رۆژی جومعه‌ ١١ی مانگی گوڵان به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی، شاره‌كانی سه‌رتاسه‌ری جیهان شاهیدی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسم، رێپێوان و خۆپیشاندانی كرێكاران و خه‌ڵكی ئازادیخواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌ب بوون.
راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ مه‌راسم و مارشی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی كرێكار له‌دژی نیزامی سه‌رمایه‌داری و له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ هه‌ژاری و بێكاری، حه‌قده‌ستی كه‌م، بارودۆخی خراپی به‌ڕێچوونی ژیان، نائه‌منی پیشه‌یی و نابه‌رابه‌ری ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ وڵاته‌ جیاجیاكانی جیهان له‌وانه‌ ئامریكا، روسیه‌، ئاڵمان، فه‌نلاند، ئیتالیا، كوره‌ی جنوبی، تایوان، ئه‌ندۆنێزی، فیلیپین، بێرمه‌، به‌نگلادش، كامبوج، مالێزی، عێراق، توركیه‌ و ده‌یان ناوچه‌ی دیكه‌ی جیهان به‌ به‌شداری سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ كرێكاران و خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو له‌ بارودۆخی ناعادڵانه‌ی جیهانی سه‌رمایه‌داری، به‌ڕێوه‌چوو. رێپێوانی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی رۆژی جیهانی كرێكار له‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتانی جیهان به‌ هۆی ده‌خاڵه‌ت و ده‌ستێوه‌ردانی هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی پۆلیس، توندوتیژی له‌ نێوان كرێكاران و هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌. له‌وانه‌ له‌ توركیه‌، پۆلیس به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ گازی فرمسێكڕێژ و گولله‌ی پلاستیكی هێرشی كرده‌ سه‌ر ریزی یه‌كگرتووی كرێكاران. پۆلیسی توركیه‌ كه‌ پێش له‌ ده‌ستپێكی ئه‌م خۆپیشاندانه‌، له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی شاری ستانبول به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌یدانی “ته‌قسیم” جێگیر كرابوون و رێوشوێنی توندی ئه‌منیه‌تیان به‌ڕێوه‌بردبوو، له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران ده‌رگیر بوون كه‌ له‌ ئاكامدا زیاتر له‌ ١٣٠ كه‌سیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد.