موسیبه‌ته‌كانی ئەفغانستانیەکانی دانیشتووی ئێران به‌ده‌ست رژیم و سەرمایەدارانەوە

رۆژی دووشه‌ممه‌ ٢٨ی مانگی گوڵان، عەبدولڕەزا رەحمانی فەزلی وەزیری ناوخۆی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە تاران وتی: “حزوری کۆچبەرانی ئەفغان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا زۆر ناخایەنێت و ئەم کۆچبەرانە لە ساڵەکانی کۆتایی نیشته‌جێ بوونیان لە ئێران، نزیک بوونەتەوە.” هەر لەو رۆژەدا محەممەد مێهدی زاهدی سەرۆکی کوموسیۆنی ئاموزش و تەحقیقاتی مەجلیس وتی: “هێندێک سەرە داومان دەست کەوتوە کە کۆمەڵێک لە کەسانی بیانی بەشێوەی ناڕەسمی لەوڵاتدان خەریکی کاری جاسوسین، هەروەها هێندێکیان تاوانی وەک قەتڵ، دزی چەکدارانە، بارمتە گرتن، قاچاغچێتی مادەی هۆشبەر، ئەنجام ئەدەن کە مه‌ترسیدارن.” قسە و هەڵوێستی کاربەدەستانی دەوڵەتی و مەجلیس نشینان ئەم راستییه‌مان پێده‌ڵێن کە له‌ لایه‌كه‌وه‌ رژیم ده‌یهه‌وێت گوشار بۆسه‌ر په‌نابه‌رانی ئه‌فغانستانی له‌ ئێران په‌ره‌پێبدات و بارودۆخی ژیان و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وان تووندتر بكاته‌وه‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌فغانستانیش به‌هۆی هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌ شه‌ڕی یه‌مه‌ن و پشتگیری له‌ عه‌ره‌بستانی سعودی بۆ گوڕینی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی بخاته‌ ژێر زه‌خته‌وه‌. بەمجۆرە جارێکی تر بەملیۆن کۆچبەری ئەفغانی، کە زۆربەی هەرە زۆریان ژنان و پیاوانی کرێکارن، بونەتە ئامرازی دەستی رژیمی دژی ئینسانی کۆماری ئیسلامی لە مناسباتی دیپلۆماتیکدا.لەپاڵ کەڵک وەرگرتنی ئه‌بزاریی لە کرێکاران و کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە مەیدانی دیپلۆماسیدا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و شوینیستە خاوەن سەرمایە ئێرانیەکان کۆمەڵێک موسیبەتیان بەسەر کرێکارانی ئەفغانستانیدا سەپاندوە کە ریشەیەکی قوڵی رەگەزپەرستانە و چینایەتی هەیە. ئەو سەرمایەدارانەی کە لە سایەی کاری گەلێک هەرزانی کرێکارانی ژن و پیاوی ئەفغانستانیدا سەروەتی نجومییان کەڵەکە کردوە هەوڵیانداوە ئەم هێزە لەژێر وەحشیانەترین گوشارەکاندا رابگرن تا ئەوان ملكه‌چ، بێ پشتیوان و بە ئاستی تەوەقوع و چاوەڕوانی نزمەوە بمێننەوە. کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی بە کەمترین حەقدەست، بۆ سەرمایەدارانی ئێرانی کاردەکەن لە حاڵێکدا کە شاملی بیمەی ته‌ئمینی ئیجتماعی نین و هیچ یاسا و رێسایەک بەسەر کاریاندا زاڵ نییە. کەڵک وەرگرتن لە کرێکارانی ئەفغانستانی لە دژوارترین و سەخت ترین کارەکاندا، وەک کاری سەنگبڕی، گاوداری، 436مورغداری، کار لە مەزراکان، کاری بیناسازی، کاری خزمەتگوزاری و لەم بابەتانە گەلێک رواجی هەیە. ساعاتی کاری ئەم کرێکارانە جاریوایە تا لەپێکەوتنیان درێژەی هەیە. لە زۆربەی کاتەکاندا خاوەنکاران ئەم کرێکارانە ناچار دەکەن ئیزافەکاری بکەن و لەبەرانبەردا حەقدەستی ئیزافیشیان پێنادەن. به‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ کرێکارانی بێ ئیجازەی ئەفغانستانی، مافی کردنەوەی حیسابی بانکیان نییە، لە زۆر حاڵەتدا پەسئەندازەکانیان لای خاوەنکار دادەنێن تا لە دەرفەتێکی گونجاودا بینێرنەوە بۆ بنەماڵەکانیان. گەلێک جار روویداوە کە ئەم کرێکارانە کەوتونەتە داوی مەئمورەکانەوە و دیپۆرت کراونەتەوە و دەستیان بە پارەکەیان رانەگەیشتوە. هێندێک جاریش خاوەنکاری بێ ویژدان زۆر بە هاسانی پارەکەی لێخواردون و کرێکاران ته‌نانه‌ت مافی ئه‌وه‌یان نەبووە شکایەت بكه‌ن و ناچارن بە هەر بارودۆخێک کە خاوەنکارەکان دیاری دەکەن واتا کەمترین حەقدەستەکان، وەک کۆمەڵێک کۆیلەی بێدەنگ بەهەر نرخێک زۆرترین قازانجیان پێبگەیەنن.کرێکارانی ئەفغانستانی مافی ئه‌وه‌یان نییه‌ كه‌ بچنه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئۆستانه‌كانی ئێران. بەم حاڵەشەوە لەبەر ئەوەی خاوەنکارەکان پێویستیان بە هێزی زۆر هەرزانی ئەم کرێکارانەیە، ئەوان ناچار دەبن بە حقوقی کەمتر لە پێشو کاریان بۆ بکەن. ئەو موسیبەتانەی کە بەسەر ژنان و پیاوان و منداڵانی ئەفغانستانیدا سەپاوە تەنیا تایبەت بە شوێنی کار و مەیدانی دیپلۆماسی نییە. باج خوازی مەئمورەکان لە کرێکارانی ئەفغانستانی، گرتن و دیپۆرت کردنەوەیان و لە هێندێک حاڵەتیشدا تیرئەندازی لێکردن و کوشتنیان کۆمەڵێک موسیبەتی ترن کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گەلێک جار بەشێوەی رۆژانە بەسەر کرێکارانی ئەفغانستانی و بنەماڵەکانیاندا دێنن. بۆ نمونە بەپێی راپۆرتەکان، رۆژی جومعه‌ ٢٠ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٩٢ بەرابەر لەگەڵ ی ١٠ مانگی مەی ٢٠١٣، لە خاڵی سفری سنوریی نێوان ئەفغانستان و ئێران نزیکەی ٣٠٠ کەس لە کرێکاران بوونە ئامانجی تیرئەندازی سنور پارێزانی حکومەتی ئیسلامی ئێران. لەم ژمارەیە، تەنیا ٢٠٠ کەسیان بەزیندویی گەڕانەوە بۆ ئەفغانستان. ئەوان بە رۆژنامە پڕ تیراژەکانی ئەفغانستانیان وت کە مەئمورە سنور پارێزەکانی کۆماوری ئیسلامی سەرەتا ئەوانیان گرت و دوای بازجویی کردن وتیان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەتان. بەڵام دوای چەند خولەکێک ئەوانیان داوەتەبەر دەسترێژی گوللە.بێجگە لەمانە لە هێندێک حاڵەتدا کەسانی مەزهەبی، ناسیۆنالیست و دواکەوتوش لەنێو خەڵکی ئاساییدا لە لایەن مەئمورانی رژیم و خاوەنکارانەوە لەدژی ئەم خەڵکە لێقەوماوە هاندراون و گەلێک جار کارەساتی بەشوێنەوە بووە و ئەوەندەی تر ئازارەکانی قوڵتر کردونەتەوە.بەم دواییانە خانەی کارگەر و شوڕا ئیسلامیەکان بەناوی کرێکارەوە لە رۆژی جیهانی كرێكاردا هێندێک دروشمیان لە تەئیدی سیاسەتی دەرکردنی کرێکارانی ئەفغانستانی بەرز کردەوە کە بەشێک بوو لە کەمپەینی ئەم دواییەی حکومەت. بەڵام کرێکارانی وشیاری ئێرانی هەمیشە کرێکارانی ئەفغانستانیان وەک بەشێک لە چینی کرێکاری ئێران زانیوە و بەکردەوە و هەروەها لە نووسراوە و بڕیارنامه‌ جۆراوجۆرەکاندا دیفاعیان لە مافەکانیان کردوە. ئاخرین دیفاعی لەمجۆرە لە بڕیارنامه‌ی تەشەکول و ناوەندە سەربەخۆ کریکارییەکان لە رۆژی جیهانی کرێکار ئەوەڵی مەی ٢٠١٥دا به‌یان كرا. له‌م به‌یانییه‌دا هاتووه‌ كه‌: “ئێمە داواکاری لابردنی هەموو جۆرە تەبعیز و هەڵاواردنێکین لەسەر کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی و باقی نەتەوەکان لە ئێران، خوازیاری راگرتنی بەخێرایی دەرکردنیان و دانی مافی شارۆمەندی بەم دەستەیە لە هاوچینەکانمانین.” ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوێستی كرێكارانی هوشیار و پێشرۆ له‌ ئێران به‌رامبه‌ر به‌ هاوچینه‌كانی ئه‌فغانستانیان كه‌ بۆ به‌‌دیهێنانیشی خه‌بات ده‌كه‌ن.