مەرگی دوو ھەزار موعتاد، بەڵگەی تاوانێک لەدژی سەوداگەرانی مەرگ

ماوەیەک لەوە پێش عەلیڕەزا جەزینی قایم مەقامی دەبیرکولی ستادی خەبات لەدژی مادەی ھۆشبەر لە وتووێژکدا لەگەڵ راگەیەنەرەکانی ئوستانی کرماشان باسی لە مردنی 2 ھەزار کەس لە موعتادان لە ماوەی 8 مانگی ئەمساڵ لە وڵاتدا کرد. ئەو بە دەربڕینی ئەوەی کە ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی ھاوشێوەی ساڵی رابردو گەلێک زیادی کردوە، وتی: 200 کەس لەوان ژنن. ھەڵبەت سەرچاوە سەربەخۆکان رێژەی مەرگ و میری موعتادانیان زیاتر لەوە بەراورد کردوە. قایم مقامی دەبیر کولی ستادی خەبات لەدژی مادەی ھۆشبەر، مەسرەفی زۆری مادەی موخەدر و ناخالیسیەکانی ئەم مادەیەی بە ھۆکاری سەرەکی زیاد بوونی ئاماری مەرگ و میر لە نێوان موعتاداندا ناوبرد و وتی: قازانج پەرستان ھێندێک شتی تر لەگەڵ مادەی ھۆشبەر تێکەڵ دەکەن کە دەبێتە ھۆی مردنی کەسی گیرۆدە بوو. جەزینی سەبارەت بە عەواملی سەرەکی ئیعتیادیش وتی: بابەتگەلی وەک چێژ، کونجکاوی، پڕکردنەوەی کاتی فەراغەت لە353 گرنگترین ھۆکارەکانی ئیعتیادن لە توێژینەوەکاندا.

 رژیم بە یارمەتی ئەم پاساودەرانە، گرفتێکی کۆمەڵایەتی وەک ئیعتیاد کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرۆکی سەرجەم کۆمەڵگەی گرتوە، و زیاد بوونی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتری و پەرەسەندنی ئاسەوارەکانی دەخاتە ئەستۆی خودی قوەربانیەکان. بەڵام ئەم بە ملیۆن ئینسانەی کە بەم جۆرە لە چەرخەی ژیانێکی ئاسایی ئینسانی دەر ھاوێژراون و خۆیان و کەسانی دەوروبەریان چاوەڕێی رۆژی مەرگیانن و رۆژانە 10 کەسیان لەنێو دەچێت، کێن؟ زۆربەی ھەرە زۆریان لاوانێکی بێ ھیوا و سەرخوردەن و سەربە بنەماڵە ھەژارەکان. زۆربەیان دەورانی منداڵییان لە داوێنی دایک و باوکە موعتادەکاندا بەسەربردوە. زۆربەی ئەم قوربانیانە کەسانێکن کە یان شانسی درێژەدان بە خوێندن و سەرکەوتنیان نەبووە تێیدا، یان لەگەڵ ئەوەی کە خوێندویانە و بوونەتە خاوەنی حیرفەیەک، ھیچ کات شانسی ئەوەیان دەست نەکەوتوە کارێکی گونجاو لەگەڵ پسپۆڕی و حیرفەکەی خۆیان بدۆزنەوە. کەوایە بە پێچەوانەی نەتیجە گیری قایم مقامی دەبیری ستادی موبارەزە لەدژی مادەی ھۆشبەر کە سەرجەم ھۆکار و عەواملی ئیعتیاد لە ” ھەڵسوکەوتی” قوربانیەکاندا دەبینێ، دیاردەی ئیعتیاد و پەرەسەندنی ئەم گرفتە کۆمەڵایەتیە لە جامیعەدا؛ راستەوخۆ دەگەرێتەوە بۆ بارودۆخی کۆماڵایەتی، ئابووری، سیاسی، فەرھەنگی و ساختاریی حکومەت و گه‌رایش بەرەو ئیعتیاد لە نێو لاواندا، زیاتر لە ھەموو شت و ھۆکارێکی تر پێوەندی بە نابەسامانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەوانەوە ھەیە.

گەنجی بنەماڵەیەکی مورەفە کە دڵەڕواکێی نان و ئاو و ژیانێکی ئاسایی و سروشتی نییە، لە خۆراکی باش و مەسکەنی گونجاو بەھەرەمەندە و درێژەدان بە خوێندنی زەمانەت کراوە و ناچار نییە ھاوکات کار بکات و بشخوێنێ، دیارە بێجگە لە ھێندێک حاڵەتی دەگمەن، ناکەوێتە داوی مادەی موخەدیرەوە. کەوایە ئەم موسیبەتە کۆمەڵایەتیە وەک باقی موسیبەتەکانی تر، ئەساسەن بەرۆکی ئەوانە دگرێت کە لە مەوقعیەتێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی نابەساماندان. بەواتایەکی تر دەکرێ بوترێ کە زیاترین قوربانیانی ئەم دیاردە شومە، منداڵانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و توێژی ھەژارن کە ژیانیان و ھەموو ھیوا و ئاواتەکانیان بە فیڕۆ چوو دەزانن.

ھۆکاری ئەم دیاردە ماڵ وێرانکەرە، لەبنەڕەتدا لە نیزامی سەرمایەداری سەرچاوەی گرتوو بە جیاوازی قوڵی چێنایەتی و نایەکسانیە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاسەواری سەرچاوە گرتوو له‌وانه‌وه‌ گرێ دراوه‌. جەوانی بێکار، جەوانێکی کە لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کراوە، لاوێکی کە ھەزار جار سەری لەبەرد دراوە و بێ ھیوا بووە، لاوێکی کە کۆمەڵگە بوونی ئەو و حەز و چاوەڕوانیەکانی بەڕەسمیەت ناناسێ، جەوانێکی کە خەفەقانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنیەتی گەرووی دەگوشێ، زۆر ھاسان تر لە باقی ھاو تەمەنەکانی گیرۆدەی مادەی ھۆشبەر دەبێت.

لەگەڵ ئەوەدا بەملیۆن موعتاد کە شەو و رۆژ لە سوچ و قوژبنی ماڵ و کۆڵان و خیاباندا گرمۆڵە بوون و ئازار دەکێشن، بەملیۆن کەسی تر لە کەسوکاری نزیکیان، بۆ ساتێکیش بێ غەم نین بۆ عەزیزی لەدەست چوویان و ئەو کەسەی بەشێنەیی خەریکە دەتوێتەوە. بە بیستنی ھەواڵی مەرگی 10 کەسی موعتاد لە رۆژدا، ھەموو کەسێک لەخۆی دەپرسێ کە عاملینی گواستنەوەی ئەم نەخۆشیە کۆمەڵایەتیە کە لە پشت ده‌رگای ھەموو بنەماڵەیەک لە کەمین دایە تا قوربانی لێ بستێنێ، کێن؟ کێن ئەو کەسانەی ئەم مادە مەترسیدارە بەبێ دودڵی لە سنورەکان ئاودیو دەکەن و بە ھاسانی لە ئاستی شار و دێھاتەکاندا بڵاوی دەکەنەوە و بە ھاسانی و بەبێ ھیچ کۆسپێک لە دیواری بێتۆنی زیندان دەیپەڕێننەوە و دەیگەیەننە ھەموو بەند و سلولێکیش؟ بەرپرسی مەرگی ئەم ئینسانانەی کە بە مەرگی سروشتی کە لە راستیدا بە شێوەیەکی ئازاراوی دەکوژرێن، کێن؟

ئەوەی کە مردنەکان لە دەرەوەی رەواڵی ئاسایی مەرگی ئینسانەکانن و بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێن، دەبێ بەدوور لە روانگەی بەزەیی کۆمەڵگە سەبارەت بەم قوربانیانە و بنەماڵەکانیان، لە دیفاع کردن لە مافی ژیانی سالمی ئینسانەکان و لە ناڕەزایەتی بە مەرگ ئافەرینی مەرگ ئافەرینان، ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک ھەڵخڕێنێ. ئەوانەی کە رۆژانە 10 کەسیان لێ دەمرێت، قوربانیانی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامین. ئەم قوربانیانە پەیوەندیان بە سەرجەم کۆمەڵگاوە ھەیە و ھەموو ئەندامانی کۆمەڵگە دەبێ خۆیان بە خاوەنی ئه‌و ته‌رمانه‌ بزانن‌ كه‌ لە گۆشە و کەناری خیابانەکاندا كه‌وتوون.

ئەگەر دەست ئەندەرکارانی سەرەکی مادەی ھۆشبەر کە لە کادر و مۆرە سەرەکیەکانی سپای پاسدارانن و لەم رێگایەوە قازانجی نجومی کەڵکە دەکەن، بە ئازادی نتوانن ئەم مادە مەرگبارە لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاو بکەنەوە کۆمەڵگە ھەر رۆژە و شاھیدی مەرگ و میری ئەم ئیینسانانە نابێت.

یەکێک لە شێوەکانی خەبات لەدژی پەرەسەندنی مادەی ھۆشبەر و دەرمان کردنی موعتادان، بەشداری، کردنی بەھێز و پشتیوانی لە تەشەکول و ناوەندە سەربەخۆکانی خەبات بۆ تەرکی ئیعتیادە. یارمەتیدانی ئەم ریکخراوانە و ھەوڵدان بۆ بەرپا کردنی تەشەکولی لەم شێوەیە بەکردەوە لە خزمەت خەبات لە دژی رژیمێکە کە سەبەبکار و ھۆکاری سەرەکی مانەوەی ئەم گرفتە کۆمەڵایەتیە لە ئێراندا. کۆماری ئیسلامی پێویستی بە گەردشی مادەی ھۆشبەر لە کۆمەڵگەدا ھەیە لەبەر ئەوەی سڕی و بێتەفاوەتی کۆمەڵگە، دەبێتە ھۆی دڵمردویی و گۆشەگیری و خەمۆکی لاوان و بێدەنگ بوون و خامۆشیان. ئەو پێویستی بە تەسلیم بوون و ھەست بە سوکایەتی کردنی شارۆمەندانی ھەیە. لاوان ئەگەر شور و نیشاتیان ھەبێت، ئەگەر لە موسیبەتەکانی وەک ئیعتیاد بەدوور بن، ئەگەر وزە و تواناییەکانیان کانالیزە بکرێت و بیر لە خۆیان و داھاتویان بکەنەوە؛ زەوی لەژێر پێی رژیمی کۆماری ئیسلامی دەێته‌ لەرزه‌.