ناڕه‌زایه‌تی په‌ناخوازان له‌ سنوروی یونان ــــ مه‌قدونییه‌

679
رۆژی شه‌ممه‌ ٣٠ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌ناخوازان له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ بڕیاری ئه‌م دواییانه‌ی كاربه‌ده‌ستانی مه‌قدونییه‌ سه‌باره‌ت به‌ دیپۆرت كردنه‌وه‌ی په‌ناخوازان، له‌ شاری “ئیدۆمێنی” یونان خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست.
به‌ پێی راپۆرتی ئاسۆشێتێدپرێس، كاربه‌ده‌ستانی مه‌قدونییه‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ په‌ناخوازانێك كه‌ له‌ وڵاتانی شه‌ڕلێدراوی سوریه‌، ئه‌فغانستان و عێراق نه‌بن، بۆ وڵاته‌كانیان ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌. خۆپیشانده‌ران كه‌ له‌ وڵاتانی “ئه‌لجه‌زایر، تونس، لیبی، لوبنان، ئێران، پاكستان، به‌نگلادش و كۆنگۆ” بوون، به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمگه‌لێكی وه‌ك “ئازادی، ئێمه‌ تیرۆریست نین و ناگه‌ڕینه‌وه‌”! خوازیاری ئه‌وه‌ بوون كه‌ ئیزنی چوونه‌ژووره‌وه‌یان پێبدرێت. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ناڕازییانیش مانیان له‌ خواردن گرتووه‌ و ژماره‌یه‌كیش به‌ به‌رپا كردنی خێمه‌ له‌سه‌ر سنوور، بۆ سێهه‌مین رۆژی به‌رده‌وام هێڵی ئاسنی یونان بۆ مه‌قدونییه‌یان به‌ست.