نوقم بوونی چل په‌ناخوازی دیكه‌ له‌ كه‌ناره‌كانی لیبی

566
سازمانی خاچی سووری لیبی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی ٤٠ په‌ناخوازی دیكه‌ی له‌ كه‌ناره‌كانی ئه‌م وڵاته‌ ئافریقاییه‌ راگه‌یاند.
به‌ وته‌ی وته‌بێژی خاچی سووری لیبی، ته‌رمی ٢٧ په‌ناخواز رۆژی شه‌ممه‌ له‌ شاری “زلتێن”ی ترابلۆس دۆزرایه‌وه‌ و ئه‌وانی تریش له‌ كه‌ناره‌كانی دیكه‌ی ترابلۆس و شاری “خومس” دۆزرانه‌وه‌. به‌ وته‌ی ناوبراو، زۆربه‌ی كۆچبه‌رانێك كه‌ ته‌رمه‌كانیان دۆزراوه‌ته‌وه‌ خه‌ڵكی وڵاتانی سه‌حرای ئافریقا بوون. به‌ پێی هه‌واڵێكی دیكه‌ هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا، رۆیتێرز رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر رایگه‌یاند، یه‌كیه‌تی ئوروپا به‌ ئاماده‌ كردنی ره‌شنووسێك به‌نیازه‌ بۆ پێشگیری له‌ رۆشتنی كۆچبه‌ران به‌ره‌و سنووره‌كانی باشوری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌، زیاتر له‌ ٤٠٠ هێزی سنوورپارێز به‌ره‌و رۆژئاوای باڵكان به‌ڕێ بكات. هه‌روه‌ها بڕیاره‌ وڵاتانی یه‌كیه‌تی ئوروپا ره‌وتی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی ئه‌فغانستانی، عێراقی و وڵاتانی دیكه‌ی ئاسیایی كه‌ داواكاری په‌نابه‌رایه‌تیان ره‌ت كراوه‌ته‌وه‌، خێراتر بكه‌ن.