نیزامی سەرمایەداری هۆکاری سەرەکی وێران بوونی ژینگە

رۆژی دووشەممە ٣٠ی نوامبر بەرابەر لەگەڵ ٩ی سەرماوەز، کۆنفرانسی جیهانی گۆڕانی ئاو و هەوایی نەتەوەیەکگرتوەکان بەناوی “کاپ ٢١” لە پاریس دەستی پێکرد. ئەم کۆنفرانسە کە قەرار بوو ١١ رۆژ درێژەی هەبێت، وەک ئیدامەی معاهدەی کیوتۆ ناسێندراوە. سەران و یان نوێنەرانی ١٩٥ وڵات، دە هەزار نوێنەر و ٤٠ هەزار میوان لەم کۆنفرانسەدا بەشدارن. ١٢٠ هەزار نیزامی و ٦٣٠٠ پۆلیس بە بیانووی پاراستنی ئەمنیەت رەوانەی سەر شەقامەکان کراون و بەشی هەژارنشینی پاریس و دەوروبەری، کە دەوترێت دانیشتوانی موسڵمانی تێدا دەژین، بە تەواوەتی گەمارۆ دراوە. ئامانجی ئەم ئیجلاسە کەم کردنەوەی بەرهەمهێنان و بڵاو بوونەوەی گازە گوڵخانەییەکانە و بەرتەسک کرانەوەی بەرز بوونەوەی دەمای زەوی بۆ ٢ پلەی سانتیگراد تا کۆتایی ئەم سەدەیە راگەیەندراوە.هەموو ساڵێک نزیکەی ٤٨ هەزار میلیار تۆن گازی گوڵخانەیی، شاملی گازەکانی دی ئۆکسیدی کەربون، متان و “پرۆتۆکسیدی ئوزت”، لە لایەن دەوڵەت و خاوەن پیشە سازی، مەعادن، کەشاوەرزی و ئاژەڵداریەوە دەکرێتە نێو فەزاوە. پێنج وڵات بە تەنیایی زیاتر لە نیوەی گازە گوڵخانەییەکانی دنیا بەرهەمدێنن. ئەم ٥ وڵاتە بریتین لە چین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، هێند، روسیە و ئەندونێزی. زانیاریەکانی پێشوو نیشانی ئەدا کە کۆماری ئیسلامی، بەو ئابووریە لاوازەیەوە، یازدەهەمین بەرهەمهێنەری گازە گوڵخانەییەکانە لە دنیادا. لەم دواییانەدا مەعسومە ئیبتکار، سەرۆکی سازمانی پارێزگاری لە ژینگە کە لە کۆنفڕانسی پاریسدا بەشدار بوو، وتویەتی کە رژیمەکەی هەشتەمین بەرەهەمهێنەری گازە گوڵخانەییەکانە لە دنیادا و ئەگەر تەحریمەکان هەڵبگیرێن کۆماری ئیسلامیش لە رێژەی گازەکان کەم دەکاتەوە.597
بۆ ناڕەزایەتی لەدژی سەران و نوێنەرانی وڵاتان سەبارەت بە دەور و نەخشیان لە وێران کردنی ژینگەدا و خستنە ژێر گوشاریان ٢٣٠٠ ئاکسیۆن لە ٦٠٠ شار و ناوچەی تردا لە ١٢٥ وڵات ئەنجام دراوە یان ئەنجام ئەدرێت. ٢ هەزار سازمانی غەیرە دەوڵەتی داکۆکیکاری ژینگە لەگەڵ ١٤ هەزار نوێنەر لە پاریس ئامادەن تا لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیدا بەشداری بکەن. بەڵام دەوڵەتی فەرانسە بە بیانووی هێرشی تیرۆریستی ١٣ی نوامبر بە شێوەی رەسمی بەڕێوەچونی هەموو جۆرە کۆبونەوە و خۆپیشاندانێکی قەدەغە کردوە. بەم حاڵەشەوە هەڵسوڕاوانی پارێزەر لە مەیدانی “جمهوری” ئامادە بوون، هێرشەکانی پۆلیسیان وڵامدایەوە و کۆنفرانسەکەیان به‌ بێ خاسیه‌ت ناولێبرد. لەگەڵ ئەوەشدا رێکخەرانی ئاکسیۆنە ناڕەزایەتیەکان لە پاریس ٢٢ هەزار کەوشیان لەو مەیدانەدا دانا تا درەخەری ناڕەزایەتیەکانیان بێت. لە لەندەن و مادرید دوو خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەسی بەم بۆنەیەوە بەڕیوەچوون. لە باقی شارە گەورەکانی ئوروپا و ئاسیا رێپێوانی هاوشێوە رێکخراوە. لە ئۆسترالیا دەیان هەزار کەس لە ئاکسیۆنێکدا بەشداریان کرد له‌ژێرناوی “ماڕشەکانی ئاو و هەوایی خەڵک”، تەنیا لە مێلبۆرن ٦٠ هەزار و لە سیدنی ٤٥ هەزار ناڕازی بەشداریان لەم ئاکسیۆنانەدا کرد.
هەروەک وترا ئامانجی کۆتایی بۆ کۆبونەوەکانی ئاو و هەوایی پاریس بەرگرتنە لە زیاد بوونی پلەی گەرمای زەوی و تا ٢ پلەی سانتیگراد دیاری کراوە. پسپۆڕانی زەوی شناسی بە شێوەی گشتی گەیشتن بەم ئاکامە لە بارودۆخی جیاوازدا بە مومکین دەزانن، بەڵام ئەم کۆنفرانسەی ئێستایان بە سیاسی و نا زانستی وەسف کردووە. ئەوان وتویانە کە بۆ بەرگرتن لە بەرز بوونەوەی گەرمی زەوی لەسەر بنەمای یەک تا ٤ پلەی سانتیگراد دەبێ رێژەی بەرهەمی گازە گوڵخانەییەکان تا ساڵی ٢٠٥٠ی زایینی بە رێژەی ٤٠ تا ٧٠ لەسەد کەم بێتەوە کە لە توانایی ئەم سیستمەی ئێستادا نییە. سیاسی بوونی کۆنفڕانسەکە بەچشنێک ئاشکرایە کە مانگی رابردوو جان کری وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ “فاینانشیاڵ تایمز” وتویەتی کە کۆنفرانسی پاریس بەستنی قەراردادێکی دیاریکراوی سەبارەت بە بەرگرتن لە گەرم بوونی زەوی لێ ناکەوێتەوە. ئەو ئیعتیرافی بەوە کرد کە تەعەهوداتی قانونی کۆنفرانسی ١٩٩٧ی کیوتۆ بۆ کەم کردنەوەی گازە گوڵخانەییەکان قەت بەکردەوە دەرنەهاتن. سەرانی وڵاتانی گەورەی بەشدار لە کۆنفرانسی ئاو و هەوایی لەگەڵ گەیشتنیان بە پاریس قسەوباسەکانیان سه‌باره‌ت به‌ مەسائێلی سوریە و پێوەندی تێکچووی نێوان روسیە و تورکیە تەرخان کرد. شەڕی لەفزی نێوان پوتین، سەرۆک کۆماری روسیە و ئۆردوغان سه‌رۆک کۆماری تورکیە، کە دەرخەری بەرژەوەندی ناکۆکی نێوان ئەندامانی ناتۆ و روسیەیە، سێبەری خستتە سەر کۆنفرانسی پاریس.
وێران کردنی ژینگە بەر لە هەموو توێژ و چینێک هەڕەشە لە چینی کرێکاری بەرەو هەژاری پاڵپێوەنراو و خەڵکی بێبەش دەکات. ئاسەوارەکانی گۆڕانی ئاو و هەوایی وەک لافاو و تۆفان، نەخۆشی جۆراوجۆر، پیس بوونی شارەکان و شوێنە کرێکاریەکان، وردە تۆز و شتی تری لەم چەشنە بەر لە هەموو کەس کرێکاران و زەحمەتکێشان و بنەماڵەکانیان لە باری جەستەیی و رۆحیەوە خستووە و دەخاتە مەترسیەوە. بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە لایەن یونیسێفەوە ئه‌نجام دراوه‌، لەو ناوچانەی کە زیاتر لەبەر مەترسی هەڕەشەی ئیقلیمیدان نزیکەی ٦٩٠ ملیۆن منداڵ دەژین. نزیکەی ٥٣٠ ملیۆن منداڵیان دانیشتووی ئەو وڵاتانەن کە بەردەوام بەروڕووی سێڵاو و کارەساتی ئینسانی و سروشتین. زۆربەی ئەم وڵاتانە لە ئاسیادا هەڵکەوتون. ١٦٠ میلیۆن منداڵیش لە هێندێک ناوچەی ئافریقادا دەژین کە بەردەوام مەترسی وشکەساڵی هەڕەشەیان لێدەکات.
گومان لەوەدا نییە کە وێران بوونی ژینگە بۆتە هۆی نیگەرانی بۆرژوازی و دەوڵەتەکانیشیان. بەم حاڵەوە دەبێ بوترێت چینی سەرمایەدار و دەوڵەتانی خزمەتگوزاری توانایی بەرەوڕوو بوونەوەیان لەگەڵ ئەو کارەساتانەدا نییە کە لە ئەساسی ترین ئاستدا لە لایەن سیستمی سەرمایەداریەوە بەرهەمهێندراوە. ئەم سیستمە كه‌ لە ناکۆکی تەواودایە لەگەڵ سروشت و رقابەتەکانی نێوان دەوڵەتان لە بواری ئابووریدا، نەتەنیا ئیمکانی خەبات لەگەڵ ئاسەوارەکانی گەرم بوونی زەوەی نادات، بەڵکو بەرفراوان تریشی دەکات. هەر ئێستا چین وەک یەکەمین بەرهەمهێنەری گازە گوڵخانەییەکان و ئامریکا وەک دووهەمین بەرهەمهێنەر دەرگیری رقابەتی توندی ئابوورین. ئەوان دەبێ هەرچی لە توانایان دایە بەکاری بێنن تا لە مەیدانی ئابووریدا دەستی باڵایان هەبێت. زاڵ بوونی ئابووری ئیجازە بەم دوو وڵاتە ئەدات تا لە بواری رقابەتی نیزامی و سیاسی و رێبەری دنیای سەرمایەداریدا پاشەکەشە بە رەقیبەکەیان بکەن. ئەمەش تەنیا بە بەرهەمهێنانی زیاتری کالا و چەک و بڵاو کردنەوەی زیاتری گازە گوڵخانەییەکان ئیمکان پەزیر دەبێت. رقابەتی نێوان چین و ئامریکا لە مەیدانی ئابووریدا بەشێکە لە رقابەتێکی گەورەتر کە لەنێوان ئامریکا و هاوپەیمانەکانیدا و وڵاتانی لەحاڵی دەرکەوتندا لەگەڵ دەوری بەرچاوی چین و روسیە لە ئارادایە.
بە سرنجدان لەو راستیانەی کە بە شێوەیەکی زۆر کورت و خولاسە ئاماژەیان پێکرا دەوڵەتانی بۆرژوایی و سەرمایەداران نە تەنیا توانایی بەرگرتن لە خراپتر بوونی بارودۆخی ژینگەییان نییە، بەڵکوو بارودۆخی ژینگە خراپتر لە خراپیش دەکەن. سەرجەم سازمانە حکومەتیەکان و سازمانی ملەل و راگەیەنەرەکانی بۆرژوایی کە کرێکاران و زەحمەتکێشان هیوادار بە توانایی و ئیرادەی سەرانی وڵاتان بۆ بەرگرتن لە گەرمتر بوونی زەوی رادەگرن خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵکەوە. سازمانە غەیرە دەوڵەتیەکانی داکۆکی لە ژینگەش سەرەڕای هەر نیەتێکی خێریش کە هەیانبێت، لە ئەگەری هیوادار هێشتنەوەی جەماوەر بە لوتفی سەرانی دەوڵەتان بە کردەوە پێدەنێنە هەمان مەیدانەوە. کرێکارانی وشیار دەزانن کە بەدرێژایی مێژوو چارەسەری کۆتایی گرفتی ژینگەییش خراوەتە ئەستۆی سوسیالیستەکان و دەوڵەتی شورایی کرێکاران.