نەسڵ کوژی ئەرمەنییەکان و هەڵوێستی رەگەز پەرستانەی ئەمرۆی دەوڵەتی تورکیە

رۆژی ٢٤ ی ئاوریل، بەرابەر لەگەڵ ٤ ی گوڵان، بەبۆنەی یەک سەد ساڵەی نەسڵ کوژی ئەرمەنییەکان لە لایەن حکومەتی تورکیەی عوسمانیەوە مەراسمێک لە ئیرەوان، پێتەختی ئەرمەنستان، بەریوەچو. لەم مەراسمەدا کە بەرپرس و کاربەدەستانی ٢٠ وڵات لەوانە ویلادیمیر پوتین، سەرۆک کۆماری روسیە و فرانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری فەرانسە، تێدا بەشدار بوون، یاد و بیرەوەری یەک ملیۆن و نیو قوربانی جینۆسایدی ساڵەکانی ١٩١٥- ١٩١٦ بەرز راگیرا. دەوڵەتی فەرانسە چەند ساڵ لەوەپێش کوشتاری بەکۆمەڵی ژنان، پیاوان و منداڵانی ئەرمەنی وەک نەسڵ کوژی ناوبردوە و پوتینیش لە مەراسمی ٢٤ ی ئاوریلدا ئەم راستیە مێژوییەی تەئید کرد.
تا ئێستا ریکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، پارلمانی ئوروپا و نزیکەی ٢٠ دەوڵەتی دنیا رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ ی زاینیان وەک ” نەسڵ کوژیەکی مێژویی” ئەرمەنییەکان لە لایەن تورکانی عوسمانیەوە بەرەسمی ناسیوە.417

پێش ئه‌وه‌یكه‌ دەوڵەتەکان بەخاتری بەرژەوەندیەکانیان و یان لەژێر گوشاری رای گشتیدا نەسڵ کوژی حکومەتی عوسمانی، ئەرتەش، ژاندارمری و باقی هێزە سەرکوتگەرەکانی بەرەسمی بناسن نووسەرانی بوێری تورک و هیتر ئەم جەنایەتە گەورەیان گەیاندبوە گوێی رای گشتی خەڵکی دنیا. بە پێی توێژینەوەکانی ئەم نوسەرانە حکومەتی روو لە ناوچونی عوسمانی لە ساڵانێک پێشترەوە گه‌ڵاڵه‌ی لەنێوبردنی ئەرمەنییەکانی ئامادە و دەستپێکردنی شەری یەکەمی جیهانی بۆ پیادە کردنی بە گونجاو زانی. کاربەدەستانی ” ئیتیحاد و تەرەقی” لە ئیمپراتۆری عوسمانیدا کە لە شەری جیهانی یەکەمدا لەگەڵ ئاڵمان و ئیمراتوری ئوتریش یەکیان گرتبوو، کومیتەیەکی ٣ کەسیان راسپارد پاکتاو کردنی ئەرمەنییەکان بە ئاکام بگەیەنن. ئەو ٣ کەسە جەنایەتکارە بە نوێ کردنەوەی گه‌ڵاڵه‌ و نەخشە کۆنەکان و ریکخستنی جەنایەتکار ترین شوینیستە تورکەکان و بێ رەحمترین مۆرەکانی دەورانی حاکمیەت کاری دژی ئینسانی خۆیان دەستپێکرد.

مێژوو نیشانی ئەدات کە لە ساڵەکانی ١٩١٥- ١٩١٦ ی زاینیدا کاتێک کە حکومەتی عوسمانی لەحاڵی لێکهەڵوەشاندا بوو، بە تەرح و بەرنامەی رەگەز پەرستانەی رەوتی ئیتیحاد و تەرەقی، ملیۆن و نێوێک ئەرمەنی گیانیان لەدەست داوە. عەمەلیاتی کوشتنی بەکۆمەڵی ئەرمەنیەکان لە ٣ قۆناغدا بەریوەچو:

-کۆچ و کوشتاری ئەرمەنیەکانی دانیشتوی ویلایەتەکانی رۆژهەڵارتی ئاناتۆلی و کوشتاری ئەو ئەرمەنیە لاوانەی کە بەرواڵەت برابونە سەربازی لە مەودای نێوان مانگی ئاوریل تا ژوئیەی ساڵی ١٩١٥

-کۆچ پێکردنی ئەرمەنیەکانی دانیشتوی باقی شوێنەکانی ئانادۆڵی و تراس ( واتا بەشی ئوروپایی تورکیە) لە مانگی ئوتی ١٩١٥ وە تا ژانویەی ١٩١٦ و لەنێوبەردنیان؛ و سەرئەنجام

-کوشتاری بەکۆمەڵی ئەو ئەرمەنیانەی دیل کرابوون لە ئۆردوگاکانی لێواری روباری فورات لە فیوریەوە تا ژوئیەی ساڵی ١٩١٦

هاوکات لەگەڵ کۆچ پێکردنی ئەرمەنیەکان، ماڵ و داراییەکانیشیان دەستی بەسەردا دەگیرا. بەوتەی توێژەرەوەیەک ئەم داراییانە دەروی زۆریان هەبووە لە گەشە کردنی بۆرژاوزی میللی تورکیەدا. بەشێک لە هەزینەی بەشداری عوسمانیەکان لە شەری جیهانی یەکەمیشدا لە رێگای دەست بەسەرا گیرانی سەروەت و دارایی ئەرمەنیەکانەوە دابین کراوە.

کومیەتی مەئموری جینۆساید لە قاتڵانی زیندانی، موسڵمانانی دەمارگرژ، رێگران و هەروەها خان و سەرانی عەشایەری کورد بۆ پاکسازی ئەرمەنەیەکان کەڵکی وەردەگرت. دواتر دەوڵەتی تورکیە، بە رێبەری ئاتاتورک و تورکە گەنجەکان پاکسازی نەتەوەی کرد و باقی کەمینەکانیان هەربەو شێوەیە ئەنجامدا، کە حکومەتی عوسمانی نەسڵ کوژی ئەرمەنیەکانی ئەنجامدا.

یەکێک لە توێژەرەوان بوارە عەینی و زەینیەکانی کوشتاری ئەرمەنیەکانی بە لەدەستدانی ئەو شوێنانەی لە ئەوروپادا لەلایەن ئیمپراتۆری عوسمانیەوە داگیر کرابوون و گەشە کردنی ناسیۆنالیزمی تورک لە کاردانەوە پێیان دەزانێ. بریاری کوشتاری ئەرمەنیەکان لەو چوارچێوەیەدا گیرا.

کوشتاری ئەرمەنیەکان لەو کاتەدا لە رۆژنامەکانی وڵاتاندا و لەوانە لە رۆژنامەکانی ئێران وەک ” رەعد”، ” ئێران” و ” تەورێز”دا رەنگی دایەوە. بۆ نمونە رۆژنامەی ” عەسری نوێ” لە ( ٢٧ ی ئۆکتۆبری ١٩١٥) لە بابەتێکدا لەژێر ناوی ” لەنێوچونی ئەرمەنیەکان” لەسەر بنەمای وتارێک لە ” تایمزی لەندەن” نووسی:” ( تورکە لاوەکان) دەیانەوێ ریشەی ئەرمەنەیکان لە بن بێنن”. رەعد یش لە ( ٥ ی مارسی ١٩١٦) دا نووسی:” … تورکەکان لە سەرەتای شەرەکەوە تا ئێستا بە پێی تەعلیمات و هاندانی ئاغاکانیان، واتە ئاڵمانیەکان، زیاتر لە ٨٠٠ هەزار ئەرمەنی بێ تاوانیان کوشتوە”.

جەمال زادە، نووسەری ئێرانی، لە ١٩١٥ دا لە رێگای گەرانەوە بۆ ئوروپا کۆمەڵێک وێنەی ترسناکی لە نابود کردنی ژنان، پیاوان و منداڵانی ئەرمەنی لە لایەن مەئمەرانی تورکەوە بەچاوی خۆی بینی و لە کتێبێکیدا لەژێر ناوی” ئەو شتانەی بە چاوی خۆم بینیومە لە شەری یەکەمی جیهانیدا” هێناونی.

لە دەیەی حەفتای زاینی بەملاوە کاری توێژینەوە سەبارەت بە نەسڵ کوژی ئەرمەنیەکان لەلایەن حکومەتی تورکیەوە جیدی تر ئاوری لێدرایەوە و لە دەیەی ٨٠ و نەوەد دا گەیشتە لوتکە. لە دەیەی ١٩٨٠ بەملاوە، دەوڵەتی تورکیە هەوڵیدا بە دەست و دڵبازیەوە لەرێگای دانی یەرمەتی ماڵی بە ناوەندەکانی توێژینەوەی تورک ناسی لە زانکۆکانی ئوروپا و ئامریکا دا ئاراستەی توێژینەوەکانی ئەم ناوەندانە بخاتەژێر کاریگەری خۆیەوە. بەڵام ئەم کردارە داماوانە و فەساد ئەنگیزە بێ ئاکام مایەوە. لە دەیەی ١٩٨٠ دا لە کاردانەوە بە گوشارەکانی رای گشتی، ئاساری پوژوهیشگەران و نارەزایەتی ئینسانە پێشکەوتوەکان ریکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و مەجلیسی ئوروپا داواکاری ئەوە بوون تا تورکیە بەرەسمی کوشتاری ئەرمەنیەکان وەک پاکتاوی رەگەزی قەبوڵ بکات.

تا ئێستا دەوڵەتی تورکیە ئەم کارەی نەکردوە، بەڵام بەم دواییانە بە بڵاو کردنەوەی بەیانیە و سوخەنرانی کاربەدەستانی کوشتاری ئەمەنیەکانی بە ” نا مرۆڤانە” زانیوە. رەجەب تەیب ئۆدوغان، سەرۆک کۆماری تورکیە لە مەراسمی ریزگرتن لە قوربانیانی شەری جیهانی یەکەم لە گالیپولی، داخ و پەژاەرەی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی کوشتاری بەکۆمەڵی ئەرمەنیەکان لە ١٠٠ ساڵ لەوەپێش دەربری. فەرماندەکانی ئەرتەشی جەنایەتکاری تورکیە تائێستا لە دەربرینی هاودەردی لەگەڵ قوربانیانی ئەرمەنی خۆیان پاراستوە و ئارشیوەکانی پێوەندیدار بە جینۆسایدەکانیان چاپ و بڵاو نەکردۆتەوە.

بەڵام تورکە پێشرەوەکان لە هەمان کاتی قەتڵ عامی ئەرمەنیەکانەوە دژایەتی خۆیان لەگەڵ تورکە فاشیستەکان نیشانداوە و هاوخەمی خۆشیان بۆ ئەرمەنیەکان دەربریوە. چەندین توێژینەوە و وتاری بەنرخ و موستەنەد بە قەڵەمی نووسەران و رۆژنامە نووسانی پێشرەو و بوێری تورک لەم بارەیەوە نووسراوە. ئەم نووسەرانە بەم کارەیان مەترسی زیندان و تەنانەت مەرگیان لە لایەن پانتورکیستەکان و تورکە رەگەز پەرستەکانەوە بەرەروی ژیانی خۆیان کردۆتەوە. بۆ نمونە دەکرێ ئاماژە بە کوژرانی ” هرانت دینگ” رۆژنامە نووسی ئیفشاگەری ئەرمەنی دانیشتوی تورکیە لە پێوەند لەگەڵ نەسڵ کوژی ئەرمەنیەکان بکرێت.

راستیەکە ئەوەیە کە یەکەم نەسڵ کوژی مێژووی مۆدێرن لە حکومەتی تورکیەدا دەستی پێکرد. دوای ئەو هلوکاستی یەهودیەکان، کومونیستەکان و قەرەجەکان لە لایەن نازیەکانەوە، پاتاوی نەتەوەیی لە رواندا و کوشتاری خەڵکی کەردستان لە تەرحی ناسراو بە ئەنفالدا لە لایەن حیزبی بەعسی عێراق بە رێبەری سەدام حسێنەوە رویدا. لەمرۆدا کوشتاری هێزە خەباتکار و نەیارەکان لە لایەن دەوڵەتانەوە لە ئاستێکی بچوکتر، بەڵام بە هەمان وەحشیگەریەوە رویداوە و روئەدات. بۆ نمونە لەم بارەیەوە دەکرێ ئاماژە بە کوشتاری ٥ تا ٧ هەزار هێزی کومونیست و موجاهیدی خەلق لە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٦٧ دا بکرێت بە فەرمانی خومەینی.

گوشاری رای گشتی خەڵکی پێشرەو و خەباتی کرێکاران و ئینسانە ئازادی خوازەکان بۆسەر دەوڵەتی تورکیە نیشانی ئەدات کە لاپەرەی مێژوو لەدژی جەنایەتکاران هەڵدراوەتەوە.