هاوڕێ ئه‌حمه‌د قادری ماڵاوایی له‌ ژیان كرد

436
به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، رۆژی شه‌ممه‌ ٢١ی مانگی خه‌رمانان، تێكۆشه‌ری دێرینی كۆمه‌ڵه هاوڕێ “ئه‌حمه‌د قادری” ناسراو به‌ “وه‌ستا ئه‌حمه‌دی خه‌بات” ماڵاوایی له‌ ژیان كرد. ‌ كاك ئه‌حمه‌د سیمای ناسراو و خۆشه‌ویستی خه‌ڵكی كوردستان بوو. نێوی وه‌ستا ئه‌حمه‌دی خه‌یات بۆ پێمشه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ نێوێكی ئاشنا و خۆشه‌ویسته‌. ئه‌و كه‌سێك بوو كه‌ ساڵه‌های ساڵ به‌ خۆی و چه‌رخی خه‌یاتیه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ پێشمه‌رگانی كۆمه‌ڵه‌، جلی ده‌دوری و ئه‌م كاره‌ی به‌و په‌ڕی دڵسۆزیه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دا. هاوڕێ ئه‌حمه‌د له‌ زومره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی‌ خه‌ڵكی ئێران بۆ رووخانی نیزامی پاشایه‌تی، پێ نایه‌ مه‌یدانی خه‌باتی سیاسی و شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی ئێران بۆ رووخاندنی نیزامی پاشایه‌تی و به‌شداری شۆڕشی كرد و هه‌تا رووخانی نیزامی گه‌نده‌ڵی پاشایه‌تی هه‌دای نه‌دا. به‌دوای ئه‌وه‌شدا كه‌ رژیمی كۆماری ئیسلامی هاته‌ ‌سه‌ركار، بۆ هاوڕێ ئه‌حمه‌د ده‌ركه‌وت كه‌م ئه‌م رژیمه‌ نه‌ك هه‌ر هیچ ئالوگۆڕێكی باش له‌ ژیانی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشدا دروست ناكات به‌ڵكوو له‌دژی ئه‌وانه‌. هه‌ر بۆیه‌ رێگای درێژه‌دان به‌ خه‌باتی هه‌ڵبژارد و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆمه‌ڵه‌ی وه‌ك رێكخراوێك كه‌ ئاواته‌كانی خۆی تێدا به‌دی ده‌كرد هه‌ڵبژارد و خه‌باتی خۆی به‌م سازمانه‌وه‌ گرێ دا. هاوڕێ ئه‌حمه‌د له‌ جه‌ریانی پێكهاتنی یه‌كیه‌تی جوتیاران له‌ زومره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌ به‌م یه‌كیه‌تیه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوو و وه‌ك دۆست و هاوڕێیه‌كی جێ متمانه‌ی رێبه‌ری خۆشه‌ویستی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی و خه‌ڵكی كوردستان هاوڕێ فواد موسته‌فا سوڵتانی، ئه‌و ئه‌ركه‌ شۆڕشگێڕانه‌ی كه‌ پێی ده‌سپێردرا، به‌و په‌ڕی وه‌فادارییه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دا. دوایی هاوڕێ ئه‌حمه‌د له‌ ئه‌نجامی تێكهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر و پاش مقاومه‌تێكی بێ وێنه‌ له‌ زیندان ئازاد كرا. جه‌نایه‌تكارانه‌ی رژیمی ئیسلامی پاش ئازاد كردنی ده‌یانهه‌وێت به‌ پێوه‌ندییه‌كانی بزانن و ته‌عقیبی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م پیلانه‌یان بۆ هاوڕێ ئه‌حمه‌د ئاشكرا ده‌بێت و ئه‌م هاوڕێیه‌ خۆشه‌ویسته‌ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ نێو ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌. هاوڕێ ئه‌حمه‌د نه‌ك هه‌ر خۆی خه‌باتكارێكی نه‌سره‌وتوو بوو به‌ڵكوو منداڵه‌كانیشی په‌روه‌رده‌ی خه‌بات كرد و یه‌كێك له‌وانه‌ واته‌ هاوڕێ فه‌ریبا قادری له‌ ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا گیانی به‌ختكرد. هاوڕێ ئه‌حمه‌د‌ ماوه‌ی ١٣ ساڵ به‌و په‌ڕی دڵسۆزیه‌وه‌ به‌شداری خه‌باتی كۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕانه‌ی كرد. به‌داخه‌وه‌ هاوڕێ ئه‌حمه‌د دوای ماوه‌یه‌ك ده‌ست و په‌نجه‌ نه‌رم كردن له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، رۆژی شه‌ممه‌ ٢١ی خه‌رمانان دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ لێدان كه‌وت و ماڵاوایی له‌ ژیان كرد. ئێمه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی په‌یامه‌وه‌ ئه‌و په‌ڕی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌ی و دۆستان و نزیكانی هاوڕێ ئه‌حمه‌د ده‌كه‌ین و خۆمان به‌ به‌شداری خه‌م و په‌ژاره‌یان ده‌زانین.