هاوڕێ عه‌بدوڵڵا به‌یگزاده‌ ماڵاوایی له‌ژیان كرد

245
ئاگادار بووین كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢١ی مانگی گه‌لاوێژ، هاوڕێی “عه‌بدوڵڵا به‌یگزاده‌” له‌ كادره‌كانی له‌مێژینه‌ی كۆمه‌ڵه‌ و ئه‌ندامی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران، له‌ شاری “كوپێنهاگ” پێته‌ختی وڵاتی دانمارك، ماڵاوایی له‌ ژیان كرد. هاوڕێ عه‌بدوڵڵا ساڵی ١٣٣٤ له‌ ئاوایی “ده‌رزیوه‌لی” سه‌ر به‌ شاری بۆكان له‌ دایك بوو. هاوڕێ عه‌بدوڵا یه‌كێك له‌ هه‌ڵسووڕاوانی ریزی یه‌كه‌می خه‌بات له‌دژی رژیمی پاشایه‌تی بوو. له‌ ساڵی ١٣٥٧وه‌ تا ساڵی ١٣٧١ به‌ شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی له‌ به‌شی نهێنی ته‌شكیلاتی كۆمه‌ڵه‌ له‌ شاره‌كانی سه‌قز و كرماشان، درێژه‌ی به‌ هه‌ڵسووڕانی خۆی دا و دوای ئه‌وه‌ به‌ بڕیاری ته‌شكیلات، به‌ ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه په‌یوه‌ست بوو. ساڵی ١٣٧٧ بۆ چاره‌سه‌ر نه‌خۆشی به‌ره‌و وڵاتی دانمارك وه‌ڕێكه‌وت. به‌داخه‌وه‌ سه‌عاتی ٦ و ٤٠ ده‌قیقه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢١ی مانگی گه‌لاوێژ پاش ماوه‌یه‌ك ده‌ست و په‌نجه‌ نه‌رم كردن له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كی سه‌خت، دڵی له‌ لێدان كه‌وت. له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م رووداوه‌دا كومیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران و هه‌روه‌ها نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات راگه‌یاندنیان ده‌ركردووه‌.