هه‌ڕه‌شه‌ی رژیم له‌ بنه‌ماڵه‌ی هه‌ڵسووڕاوێكی مه‌ده‌نی له‌ شاری مه‌ریوان

427t

به‌ پێی راپۆرته‌كان، هه‌ڵسووڕاوێكی مه‌ده‌نی خه‌ڵكی شاری مه‌ریوان نیشته‌جێ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ ناوی “محه‌ممه‌د غه‌ریب فه‌یزی” له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی رژیمه‌وه‌ سه‌رله‌نوێ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی كراوه‌ تا كوڕه‌كه‌یان بۆ ناوخۆی ئێران بگه‌ڕێنه‌وه‌.
به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری مه‌ریوان سه‌ره‌ڕای گوشار خستنه‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاری ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یان بۆ نێو خاكی ئێران، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیشی لێكردوون. پێشتریش ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بە بنەماڵەی محەمەد غەریب فەیزی راگەیاندبوو کە ئەگەر کوڕەکەیان نەگەڕێننەوە بۆ ئێران، خوشک و برای “محەمەد غەریب فەیزی” لە دانیشگا دەردەکرێن. جێگای ئاماژه‌یه‌ كه‌ “محەمەد غەریب فەیزی”، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن هێزەكانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتییەکانی رژیمه‌وه‌ دەستبەسەر و دواتر بە دانانی وه‌سیقه‌ لە زیندان ئازاد کرا و پاش ئەوەی لەلایەن دادگەوە حوکمی زیندانی کرانی بۆ بڕایه‌وه‌، به‌ ناچاری ئێرانی به‌جێهێشت. شایانی باسه‌ ناوبراو یەکێک لە ئەندامانی چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بووە و بەو هۆیەوە چەندین جار رێزی لێگراوە. ناوبراو لە ساڵی ١٣٨٨دا بەهۆی چالاکییەکانی لە بواری فەرهەنگی ـــ هونەری و هەروەها كاری یارمەتی و فریاکەوتنەوه‌ وەکوو لاوی سەرکەوتووی ساڵ ناسێندرا و خەڵاتیش کرا.