هۆکاری پەرەسەندنی مەسرەفی مه‌وادی موخه‌در بە ره‌وایەتی نۆکەرانی رژیمی ئیسلامی

کۆماری ئیسلامی ناوەندێکی بە ناوی ستادی به‌ره‌ونگار بوونه‌وه‌ی مه‌وادی موخه‌در دامەزراندوە و ئیدیعا دەکات کە لەدژی گەردش و گیرۆدەبون بە مادەی هۆشبەر خەبات دەکات. لەمرۆدا بۆ ئاگادار بوون لە چەند و چۆنی ئەم ئیدیعایە و دەرکی ئەو ئاسیبە پڕ ئازارانەی لێیەوە سەرچاوەیان گرتوە، پێویست بە ئاماژە کردن بە ئامار و ئەرقام ناکات. کافیە بە هەر شارێکدا دەورێک بگەڕێی تا ئاستی ئەم دیاردەیەت بۆ دەربکەوێ. کار گەیشتۆتە جێگایەک کە وردە فرۆشانی مادەی موخەدر لە شوێنە گشتیەکاندا مشتەریەکانیان ئەدۆزنەوە. بەڵام با بزانین کاربەدەستانی ڕژیم چۆن بۆ ریشەی رەواجی ئەم دیاردەیە دەگەرێن.عەلیڕەزا جزینی قایم مقامی ستادی بەناو به‌ره‌ونگار بوونه‌وه‌ی مه‌وادی موخه‌در، لە یەکەم دانیشتنی خەبەری خۆی لە ساڵی نوێدا، ئاماژەی بە راستی تاڵی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی مەسرەفی مادەی موخەدر بەتایبەت لەنێو لاوان و ژناندا کرد. زیاد بوونی ٣٣ لەسەدی مەرگی ژنانی موعتاد و گەیشتنی ١٢ لەسەدی بە ٣٦ لەسەدی گوازرانەوەی ویروسی نەخۆشی ئه‌یدز لە رێگای کەلوپەلی تەزریقەوە لەنێوگیرۆدە بواندا، بەشێک لە ئامارێک بوو کە ئەو لەم دانیشتنەدا رایگەیاند.بەشی جێگای سرنجی قسەکانی جزینی لەوێدایە کە هۆکاری پەرەسەندنی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر باس دەکات و دەڵێ: “لە ئێستادا هێندێک تەجهیزات لە حەوزەی بەرەنگار بوونەوە و خەبات لەدژی مادەی موخەدر گەمارۆیان لەسەره‌. ئێمە پێویستیمان بە تەجهیزاتی بەرەنگار بوونەوە و چەندین قەڵەم دەرمان لەم بوارەدا هەیە؛ کەوایە ئەگەر ته‌حریمه‌كان لابچن، کاریگەریەکی گرینگی لەسەر حەوزەی مادەی هۆشبەر لە ئێران، بەرەنگار بوونەوەی و دەرمان لەم حەوزەیەدا دەبێت.”بەڵام پەردەپۆش کردنی ڕاستیەکان لەمبارەیەوە لێرەدا کۆتایی نایەت. بۆ پاساوی زیاتر و داپۆشینی زیاتری ڕاستیەکان لەم بوارەدا، هەواڵنێری فەرا ڕێکەوتی ٣١ خاکەلێوەی ٩٤ وتوێژێکی لەگەڵ دوکتور عەلی شەفیعی کۆمەڵناس لە حەوزەی پزیشکی و سڵامەتدا، ئامادە کرد کە لەودا ئەویش لەو کەسانه‌یه‌ کە هەوڵ ئەدات زەینەکان لەسەر ناسینی هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی ئیعتیاد لە ئێران دوور بخاتەوە و دەڵێ: 429

“یەکێک لە هۆکارە زۆر کاریگەرەکان لە گیرۆدە بووندا، هۆکاری ئابووریە. بەپێی توێژینەوەکان، ڕکودی ئابووری و ڕەونەقی ئابووری هەردوکیان دەتوانن لە مەسرەفی مادەی هۆشبەردا کاریگەر بن. لە دەورانێکدا کۆمەڵگای ئێمە لە حاڵی پشت سەرنانی قۆناغێک لە گەشەی ئابووری خێرادا بوو. لەم دەورانەدا نیاز بە هێزی کاری بەردەوام و لەبەردەستدا دەبووە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی جێی سرنج لە کەسەکان بۆ بردنەسەری کارایی خۆیان روویان دەکردە مەسرەفی مادەی هۆشبەر؛ هەرچەند ئەم کاراییە کورت ماوە بوو. لە دەورانێکیشدا کە کۆمەڵگا لە ڕکودی ئابووریدایە هەژاری و بارودۆخی خراپی ئابووری و ده‌روونی کاریگەری لەسەر مەسرەفی مادەی موخەدری کەسەکان دەبێت.” شەفیعی بۆ کامڵ کردنی پاساوەکانی و سەنگی تەواو دانان لە خزمەتگوزاری بۆ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هۆکاری سەرەکی لە پەرەسەندنی ئیعتیاد لە ئێران وتی:” بەگشتی کۆمەڵگای ئێران کۆمەڵگایەکی پویا و پڕ لە هەوراز و نشێوە. بە سرنجدان بەم پویاییە، زیاد بوونی ئاماری ئیعتیاد نابێ زۆر جێگای سەرسوڕمان بێت. چون خاسیەتی کۆمەڵگایەکی پویا، هەبوونی فاکتۆرە مەترسیدارەکانە.قسەکانی جزینی وەک دەست ئەندەرکار و قسەکانی عەلی شەفیعی وەک کارناسێکی دانیشگاهی، کۆمەڵێک ئیستدلالی بێ ناوەرۆکن کە هەردوکیان لەخزمەت، داپۆشینی نەخشی کۆماری ئیسلامی لە پەرەسەندنی گیرۆدەبون بە مادەی هۆشبەردان. بە ئیستناد بە هەموو دیاردەکان، یەکەم، تەحریمەکان لەسەر دەرمان لەم حەوزەیەدا کاریگەری نەبووە و دووهەم، بەرلە تەحریمەکانیش گرفتی روو لە زیاد بوونی ئیعتیاد و پەرەسەندنی بەردەوامی گەردشی مادەی هۆشبەر لە ئاستێکی بەریندا لە ئێران دەبیندرا. پاساوی تەحریمەکان بیانوە بۆ دەرچون لەژێر باری بەرپرسیاریەتیەک کە راستەوخۆ لە ئەستۆی ڕژیمی ئیسلامیە. لەبیرمان نەچێت کە هەرلەم دەورەی تەحریمەدا کە بە وتەی قایم مقامی ستادی به‌ره‌ونگار بوونه‌وه‌ی مه‌وادی موخه‌در، هەوڵەکانیان بۆ دابین کردنی دەواودەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشانی گیرۆدە بوو بە هیچکوێ نەگەیشتبوو، مادەی موخەدر، یەکێک لەو کاڵایانە بوو کە هاوردە و هه‌ناردە کردنی بە شێوەیەکی بەرین لە ئاستی ئێراندا بە پەناگوێی ئەم “به‌ره‌ونگار بوونه‌وه‌ی مه‌وادی موخه‌در”ه‌وه‌ درێژەی هەبوو وە بە وتەی خۆیان رۆژبە رۆژ بە ڕێژەی گەردش و گیرۆدە بوون پێیەوە زیاد بووە. چ دەستێک لە پشت ئەم ڕاستیەوەیە کە مادەی هۆشبەر لە قەبارەیەکی زۆر گەورەدا چ لە دەورانی شەڕدا و چ لە دەورانی بەناو سازەندەگیدا و چ لە دەره‌وه‌ی تەحریمەکاندا، هەروا بێ راوەستان لە ئێران لە گەردش و کڕین و فرۆشتندایە. بۆچی بۆ ئەقلام و تەجهیزاتی نیزامی جێی پێداویستی بەردەوام مانەوەی کۆماری ئیسلامی هەموو رێگاکان بۆ دەوردانەوەی ته‌حریمه‌كان بەکاردێنن، بەڵام لەوێدا کە ژیانی زۆر کەس لە ئاکامی سیاسەتەکانی ئەم ڕژیمەدا گیرۆدەی داوی ئیعتیاد بوون، ڕێگایەک نییە و دەبێ بەم شێوەیە شاهیدی مەرگی بەشێنەیی لاوانی ئەم وڵاتە بین؟کەسانی وەک ئاغای جزینی هەوڵ ئەدەن تا دەستی نە چەندان شاراوەی باندە مافیاییەکان لە دەوڵەت و حکومەتدا کە لە ڕێگای نابود کردنی ژیانی ئینسانەکانەوە سەروەت و دەسڵاتێکی زۆر بەدەست دێنن لە بەرچاوان ون بکەن. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی پێویستی بەوەیە کە بەرەی لاوی ئەم کۆمەڵگایە، بەرەی سەرزیندو و هەوڵدەر و چالاکی، بە جێگای هەوڵدان بۆ ئیجادی ئاڵوگۆڕ لە بارودۆخی ئێستادا و دەروست کردنی سبەی رۆژێکی باشتر و لادانی هەموو ئەو کۆسپانەی لە سەر ڕێی گەیشتن بەم سبەی رۆژەدایە، بکات بە کۆمەڵیک ئینسانی بێ ئیرادە و تەسلیمیان بکات. هەژاری ئابووری، بێ ئاسۆیی لاوان و پەرەسەندنی بێکاری بە تایبەت لەنێو خوێندەواراندا، فەزای سەرکوت و ئیختیناق و داسەپاندنی بێ مافی و پێشێل کردنی حورمەت و کەرامەتی هەموو رۆژەی ئینسانەکان، زەمینە سازی سەرەکی پەرەسەندن و چونی لاوانە بەرەو ئیعتیاد. بەداخەوە زۆر کەس بە خەیاڵی خۆیان بۆ دوور کەوتنەوە لەم فەزا تەنگ و خەمناکە، دوور کەوتنەوە لە ماسایل و موشکلاتێک کە لە سایەی حکومەتی کۆماری ئیسلامیدا هاتۆتە سەر ڕێیان، لەوەیکە رێگایەک شک نابەن، بەرەو مەسرەفی هەموو جۆرە مادەیەکی هۆشبەر دەچن، غافڵ لەوەی کە دەکەونە داوێکی پڕ ئازار ترەوە. ئەم ئاغای بەناو کۆمەڵناسە بە ئانقەست لەبیر خۆی بردۆتەوە کە لە دەورە جۆراوجۆرەکانی ٣٦ ساڵی رابردوودا کە گرفتی ئیعتیاد ئاستێکی گەلێک بەرینتری بەخۆیەوە گرتوە، قەت ئێران لەگەڵ “گەشەی ئابووریدا” بەرەوڕوو نەبووە. بە درێژایی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی قەیرانی ئابووری یەکێک لەو گرفتانە بووە کە بەرۆکی رژیمی ئیسلامی گرتووە. لە دەورە جۆراوجۆرەکاندا بە گرتنە پێشی سیاسەتی جۆراوجۆری ئابووری نەیتوانیەوە ئابووریەکەی لە قەیران ڕزگار بکات یان لانیکەم باری قورسی ئەم قەیرانە کەم بکاتەوە، تەنیا کارێک کە توانیویەتی بیکات شکاندنەوەی ئەم بارە قورسە بووە بەسەر شانی خەڵکدا و دژواتر کردنی بارودۆخی ژیانیان. بەڵام ئەم مەترسیە کە لە ڕوانگەی ئاغای بەناو کۆمەڵناسەوە نابێ زۆر جێگای سەرسوڕمان بێت، واتە لەنێوچونی ژیانی زۆرێک لە بنەماڵەکان، واتە ژێر و ژور بوونی ژیانی لاوانێکی زۆر کە دەیانتوانی و دەتوانن دروستکەری ژیان و ئەمرۆ و سبەی کۆمەڵگای خۆیان بن. لە ڕاستیدا ئەوەی کە جێگای سەرسوڕمانە درێژەی حاکمیەتی ڕژیمێکە کە لەگەڵ داواکاری و ویستی خەڵکدا بۆ بەهرەمەند بوون لە ئازادی و ڕیفاه و ئەمنیەت و ئاسایش لە ژیاندا نایەتەوە. ئەوەی کە جێگای سەرسوڕمانە مانەوەی ڕژیمێکە کە دەستی بەسەر سەروەت و گیان و ماڵی خەڵکدا گرتوە و بە دروست کردنی مەترسی هەموو رۆژە و لەنێو بردنی ژیانی گەلێک کەس، درێژە بە حەیاتی پڕ لە جەنایەت و شەرمەزاری خۆی ئەدات. بۆ لابردنی ئەم مەترسیە کە سێبەری خەستۆتەسەر ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی ئەم وڵاتە، پێویستە کۆتایی بە تەمەنی کۆماری ئیسلامی وەک هۆکارێکی سەرەکی یەک بە یەکی موسیبەتەکان و گرفتاریەکانی ژیان بهێندرێت. گومانی تێدا نییە ئەمرۆ دەبێ بە یارمەتی هەموو ئەو کەسانەوە بچین کە کەوتونەتە داوی ئیعتیادەوە و دەبێ وەک نەخۆشی کۆمەڵگایەکی نەخۆش بە سەبر و حەوسەلە و بە ڕوون کردنەوەی ڕاستیەکانی ژیان و ئەوەیکە بێجگە لە تەسلیم بوون و لەسەرخۆچون رێگایەکی دیکەش بوونی هەیە، هەوڵ بدرێت کە ژمارەیەکی هەرچی زیاتریان لەم داوە رزگار بکرێن. هەوڵ بدرێت سیاسەتەکانی ڕژیم و ئامانجە گڵاوەکانی پشت ئەم سیاسەتانە کە بەردەوام لە لایەن خزمەتگوزارانیەوە پاساو ئەدرێت، لەقاو بدرێت و ریسوا بکرێت. هەوڵ بدرێت بە پەرەدان بە ناڕەزایەتی و خەبات لەپێناو داسەپاندنی ویست و داواکاریە هەنوکەییەکان، رێگا بۆ گۆڕان و ئاڵوگۆڕی گەورە لە کۆمەڵگای ئێراندا خۆش بکرێت.