هێرشه‌ خوكوژییه‌كان له‌ فه‌رانسه‌، كۆوه‌یت و تونێس

34
به‌ پێی راپۆرتی هه‌واڵنێرییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، رۆژی جومعه‌ ٥ی مانگی پووشپه‌ڕ، دوابه‌دوای هێرشه‌ خۆكوژییه‌كانی گروپی ئیسلامگه‌رای “داعش” له‌ ٣ وڵاتی “فه‌رانسه‌، كۆوه‌یت و تونێس”، ده‌یان كه‌سی مه‌ده‌نی كوژراون.
به‌ پێی راپۆرتی هه‌واڵنێری “فه‌رانسه‌”، به‌ هۆی هێرشی ئه‌ندامانی گروپی ئیسلامگه‌رای داعش بۆسه‌ر كارخانه‌یه‌ك له‌ باشووری فه‌رانسه‌، كه‌سێك كوژرا و چه‌ند كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. هاوكات هه‌ر له‌م رۆژه‌دا له‌ حه‌وزه‌ی خه‌لیجی فارس، دوابه‌دوای بۆمبگوزاری مزگه‌وتێكی شیعه‌كان له‌ پێته‌ختی كۆوه‌یت، لانیكه‌م ١٣ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و سه‌دان كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. گروپی داعش به‌رپرسایه‌تی ئه‌م هێرشه‌ی وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌. هێرشی سێهه‌م له‌ وڵاتی ئافریقایی تونێس روویداوه‌ كه‌ به‌ پێی راپۆرته‌كان، له‌ جه‌ریانی هێرشی ئیسلامگه‌رای داعش بۆسه‌ر هۆتێلێك له‌ شاری ساحێلی “سووسه‌”، لانیكه‌م ٣٩ كه‌س كوژراون و ژماره‌یه‌كیش بریندار بوون. هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا ده‌بیری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ راپۆرتێكدا رۆژی جومعه‌ی به‌ “كاره‌ساتبار” ناولێبرد و هه‌ر ٣ هێرشه‌كه‌ی مه‌حكووم كرد.