هێرشی ئیسلامگه‌رایان بۆسه‌ر هۆتێلێك له‌ مالی

675
رۆژی جومعه‌ ٢٩ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، له‌ جه‌ریانی هێرشی گروپێكی ئیسلامگه‌را بۆسه‌ر هۆتێلێك له‌ “باماكۆ” پێته‌ختی مالی، ده‌یان كه‌س كوژران و بریندار بوون و ده‌یان كه‌سیش به‌ بارمته‌ گیران.
به‌ پێی راپۆرتی یۆرۆنیوز، هێرشبه‌ران سه‌رله‌به‌یانی رۆژی جومعه‌ به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمی الله اكبر” و ته‌قه‌، هێرشیان كرده‌ سه‌ر هۆتێلی “رادیسۆن” و ١٧٠ كه‌سیان به‌ بارمته‌ گرت. به‌ پێی راپۆرتی ته‌له‌فزیۆنی ده‌وڵه‌تی مالی نزیكه‌ی ٨٠ كه‌س له‌ بارمته‌گیراوه‌كان له‌وانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌یانتوانی قورئان بخوێنه‌وه‌، ئازاد كران و ئه‌وانی تریش له‌ عه‌مه‌لیاتێكدا رزگار كران. به‌ هۆی ئه‌م هێرشه‌، لانیكه‌م ٣٠ كه‌س له‌وانه‌ سێ هێرشبه‌ر كوژران. به‌ پێی راپۆرتی هه‌واڵنێری فه‌رانسه‌، گروپی ئیسلامگه‌رای “مه‌رابتوون” باڵی ئه‌لقاعیده‌ له‌ رۆژئاوای ئافریقا، به‌رپرسایه‌تی ئه‌م هێرشه‌ی وه‌ئه‌ستۆ گرت.