هێرشی هێزه‌كانی توركیه‌ بۆسه‌ر هاوڵاتیانی كوردستانی توركیه‌

545
به‌ پێی راپۆرته‌كان، هاوڵاتیانی كوردستانی توركیه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی هێزه‌كانی ئه‌رته‌شی توركیه‌ بۆسه‌ر “شه‌هیدگای خه‌رزان” بوون به‌ سپه‌ری ئینسانی، به‌ره‌وڕووی ته‌قه‌ی نیزامیانی توركیه‌ بوونه‌وه‌.
شایانی باسه‌ له‌ ئۆستانی به‌دلیس بۆ ماوه‌ی دوو رۆژه‌ “شه‌هیدگای خه‌رزان” له‌ نزیك ئاوایی “ئوولكه‌”، له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان و هه‌لیكۆپته‌ره‌كانی ئه‌رته‌شی توركیه‌وه‌ بۆمباران ده‌كرێت. رۆژی رابردووش هێزه‌كانی توركیه‌ بۆ رووخاندنی به‌ته‌واوه‌تی شه‌هیدگان هێرشی زه‌مینیان ئه‌نجام دا. نیزامیان گه‌یشتوونه‌ته‌ یه‌ك كیلومێتری شه‌هیدگا و ده‌ستیان كردووه‌ به‌ ته‌قه‌ كردن له‌ هاوڵاتیان. شایانی باسه‌ له‌ ئاكامی ئه‌م ده‌سڕێژییه‌دا، هاوڵاتییه‌ك به‌ سه‌ختی بریندار بووه‌ و به‌رقی ناوچه‌كه‌ش به‌ته‌واوه‌تی بڕاوه‌. شایانی باسه‌ رۆژی رابردوو هێزه‌كانی توركیه‌ هه‌وڵیان دا به‌ ماشین ئاڵاتی كار بچنه‌ نێو شه‌هیدگا كه‌ خه‌ڵك پێشیان پێگرتن و ئیزنی وروودیان پێنه‌دان. هه‌روه‌ها له‌ ئاكامی بۆمباران و گولله‌ باران كردنی هه‌لیكۆپته‌ره‌كان له‌ ناوچه‌ی خه‌رزان له‌وه‌ڕگاكانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ تووشی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ بوون و نزیكه‌ی ١٥ هێكتار بوون به‌ خۆڵه‌مێش.