هێرشی هێزه‌كانی رژیم بۆسه‌ر ده‌ستفرۆشانی شاری سنه‌

911
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا هێزەكانی رژیم بۆ جارێكی دیكە هێرش دەكەنە سەر دەستفرۆشەكانی بەردەم پاركی محەمەدی نایسری شاری سنە و سەرەڕای ئەوەی سووكایەتیان پێ كراوە، دەستیان بەسەر كەل و پەلەكانیشیاندا گرتووه‌.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو ژمارەیەك لە هێزە ئەمنیەتیەكانی كەڵانتەری ١٨ی نایسەر هێرش دەكەنە سەر دەستفرۆشانی بەردەم پاركی محەمەدی ئەو شارە و سەرەرای ئەوەی كەلوپەلەكانیان زەوت دەكەن، دەیاندەنە بەر لێدان و سووكایەتی پێ كردن. بە وتەی یەكێك لەو دەستفرۆشانە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، هەموو شەوێك چەندین كەس لە هاوڵاتیانی شاری سنە بۆ دابین كردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەكانیان لە بەردەم پاركی محەمەدی سەرقاڵی دەست فرۆشی كردنن، بەڵام هەموو كات هێزەكانی رژیم بە بڕیاری راستەخۆی “سەرگورد دارابی” بەرپرسی كەڵانتەری ١٨ی نایسەر هاوكات لەگەڵ شارەداری و تەنانەت شورای ترافیكیش هێرش دەكەنە سەرمان و سووكایەتی و بێ رێزیمان پێ دەكەن و لە ئاكامدا دەست بەسەر كەل و پەلەكانیشمان دەگرن. جێگەی ئاماژەیە كە، ماوەیەكە هێزەكانی رژیم بە هۆكاری نادیار گوشاریان خستۆتە سەر تەناكورافرۆشان و دەستفرۆشەكانی شاری سنە و هەڕەشەی جیدیان لێ دەكەن كە نابێت بە شەو كاری ده‌ستفرۆشی بكه‌ن و هەر كەسێك ئەو بڕیارە بەڕێوەنەبات، هەڕه‌شەی زیندان و دەستبەسەر كرانی لێكراوە.