هێرشی پۆلیسی توركیه‌ بۆسه‌ر خۆپیشانده‌ران

161
به‌ پێی راپۆرتی هه‌واڵنێری فه‌رانسه‌، ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌ ٣ی مانگی گه‌لاوێژ، هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی توركیه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر ریزی ناڕازییانی دژبه‌ عه‌مه‌لیاتی نیزامی توركیه‌ له‌ سوریه‌ و عێراق. به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، پۆلیسی توركیه‌ به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ گازی فرمێسكڕێژ و ئۆتۆمبیلی ئاوپاش، هێرشیان كرده‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران. شایانی باسه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌دژی عه‌مه‌لیاتی نیزامی توركیه‌ له‌ حاڵێكدا رووده‌دات كه‌ ئه‌رته‌شی توركیه‌ رۆژی شه‌ممه‌ مقه‌ڕی “په‌ كا كا”ی بۆمباران كرد. “ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلوو” سه‌رۆك وه‌زیری توركیه‌ رایگه‌یاند: “تا كاتێك كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌دژی وڵاته‌كه‌ی درێژه‌ی هه‌بێت، عه‌مه‌لیاتی نیزامیش درێژه‌ی ده‌بێت.” شایانی باسه‌ هه‌واڵ و زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌وڵه‌تی توركیه‌ به‌ بیانووی به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعش، هێرشی نیزامی كردۆته‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كوردستان و سه‌ركوتی كردووه‌. جێگای ئاماژه‌یه‌ كه‌ مه‌ئمورانی ئه‌منیه‌تی توركیه‌ له‌ جه‌ریانی هێرشی دوو رۆژی رابردوودا سه‌دان كه‌سیان به‌ تۆمه‌تی هاوكاری له‌گه‌ڵ گروپی “داعش”، حێزبی دیمۆكراتیكی گه‌ل و پ كا كا ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌.