هێرشی پۆلیس بۆسه‌ر په‌ناخوازان له‌ سنووری مه‌جارستان بۆ سربستان

367
شه‌وی سێشه‌ممه‌ بۆ دووه‌مین شه‌وی به‌رده‌وام، پۆلیسی مه‌جارستان په‌ناخوازانێك كه‌ به‌ نیازبوون به‌ پیاده‌ به‌ره‌و بوداپێست بڕۆن، سه‌رله‌نوێ بۆ ئۆردوگایان گه‌ڕاندنه‌وه‌. به‌ پێی راپۆرتی “رۆیتێرز”، زیاتر له‌ سه‌د كۆچبه‌ر، شه‌وی سێشه‌ممه‌ ئه‌ڵقه‌ی ئه‌منیه‌تی پۆلیسی مه‌جارستان له‌ ده‌وروبه‌ری ئۆردوگایه‌ك له‌ “روزكه‌” له‌ سنووری سربستانیان شكاند و به‌ره‌و بوداپێست وه‌‌ڕێكه‌وتن. پۆلیسی مه‌جارستان به‌ ته‌قه‌ و گازی فرمێسكڕێژ، بڵاوه‌یان به‌ په‌ناخوازان كرد و بۆ ئۆردوگایان گه‌ڕاندنه‌وه‌. هاوكات ده‌وڵه‌تی مه‌جارستان بۆ پێشگیری له‌ وروودی په‌ناخوازان، خوازیاری ده‌ستبه‌جێی دروستكردنی به‌ربه‌ستی سنووریی بوو. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٨ی مانگی خه‌رمانان رێكخراوی لێبووردنی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ته‌كانی وڵاتانی یه‌كیه‌تی ئوروپا له‌ به‌رامبه‌ر شه‌پۆلی به‌رین و بێ وێنه‌ی په‌ناخوازان ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی و خوازیاری گۆڕانكاری جیدی له‌مباره‌وه‌‌ بوو.