هێرشی گاردی زیندانی ئێوین بۆسه‌ر به‌ندی ٣٥٠

57y
به‌ پێی راپۆرتی هێرانا، جارێكیتر به‌ندی زیندانیانی سیاسی له‌ ئێوین، به‌ بیانووی پشكنین له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ مه‌ئموورانی زیندانه‌وه‌، هێرشی كرایه‌سه‌ر.به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌، كاربه‌ده‌ستانی زیندانی ئێوین له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی گاردی حفازه‌تی زیندان، هێرشیان كرده‌سه‌ر به‌ندی ٣٥٠ی زیندانی ئێوین و ده‌ستیان كرد به‌‌ پشكنی سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌له‌ شه‌خسیه‌كانی زیندانییه‌ سیاسیه‌كانی ئه‌م به‌نده‌. جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٨ی مانگی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ٩٣، له‌ جه‌ریانی هێرشی مه‌ئموورانی ئیداره‌ی ئیتلاعای سپا، وه‌زاره‌تی ئیتلاعات له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ ١٠٠ كه‌س له‌ سه‌ربازانی گاردی سازمانی زیندانه‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر به‌ندی ٣٥٠ و زیندانیانی سیاسی ئه‌م به‌نده‌یان دایه‌ به‌ر لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازار كه‌ له‌ ئاكامدا بریندار بوونی زیاتر له‌ ٣٠ زیندانی لێكه‌وته‌وه‌. جێگای ئاماژه‌یه‌، ژماره‌یه‌ك له‌م زیندانییه‌‌ سیاسیانه‌‌ به‌ هۆی برینه‌كانیانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی زیندان كران و لانیكه‌م ٣٢ كه‌سیشیان پاش ئه‌م رووداوه‌، بۆ ژووری تاكه‌كه‌سی گواسترانه‌وه‌.