هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک لە کوردستاندا، لە گرەوەی خەباتی یەکگرتوانەی خەڵکی هاوچارەنووس دایە

زەمزەمەی سەفەری بەم نزیکانەی حەسەن رۆحانی بۆ کوردستان، لە لایەن کاربەدەستانی ناوچەیی رژیمەوە خراوەتە سەر زاران. لە سەرودەمی ئەم سەفەرەدا، کەمپەینێکی فریوکارانە لە لایەن دەمودەزگا ئیجرایی و ئەمنیەتیەکانی رژیم لە ناوچە کورد نشینەکاندا، بە “پڕ بەرەکەت ناوبردنی ئەم سەفەرە” لە ئارادا یە. حوسین فیروزی جێگری ئوستانداری کوردستان بە ئاماژە بە سەفەری حەسەن رۆحانی و هەیئەتی دەوڵەتەکەی بۆ کوردستان دەڵێ: ” ئێمە بەشوێن تەراحی کردنی هیچ جۆرە مانۆڕێکی ناواقعیەوە نین لەم سەفەرەی هەیئەتی دەوڵەت بۆ کوردستان. سەفەری هەیئەتی دەوڵەت بۆ ئەم ئوستانە لە راستای جێبەجێ بوونی وەعدەکانی سەرۆک کۆماردایە.”یەکەم وەعدەی حەسەن رۆحانی بە خەڵکی کوردستان لە سەفەری هەڵبژاردنیدا بۆ کوردستان، لە وەرزشگای ئازادی شاری سنە بە بێکاران دەرا. ئەو بە کێشە و گرفت ناوبردنی بێکاری لە کوردستان وتی: “ئوستانێکی خاوەن ئیستعدادی وەک کوردستان لیاقەتی ئەم هەموو بێکارەی نییە و دەبێ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لەم ئوستانەدا بەدی بێت. “دوو ساڵ و ٢ مانگ لە وەعدەکەی رۆحانی سەبارەت بە چارەسەری گرفتی بێکاری لە کوردستان تێپەڕیوە.487

ئەم گرفتە نەک هەر وڵامی وەرنەگرتۆتەوە و بەپێی وەعدەکەی رۆحانی ئاڵوگۆڕێک رووی نەداوە، بەڵکو لە ماوەی ٢ ساڵی رابردودا بێکاری هەروا لە حاڵی هەڵکشاندا بووە و ئاستەکەی تا نزیک بوونەوە لە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی پەرەیسەندوە.
لە ماوەی ٢ ساڵێکی کە بەسەر تەمەنی دەوڵەتەکەی رۆحانیدا تێپەڕیوە، هەموو جۆرە تەرحێک و لەوانە: “تەرحی تەوسعە و ئیشتغاڵ لە کوردستان”، “تەرحی سەرمایە گەزاری لە کوردستان”، “تەرحی بوونی هەردوو شارستانی بانە و مەریوان بە ناوچەی ئازادی بازرگانی”، “تەری ساماندەهی بە بازاڕچە سنوریەکان”، “تەرحی ئیجادی پیشەسازی بچوک لە بواری ئاسن و پیتروشیمیدا” و گەلێک تەرحی تر هاتن کە بێجگە لە کوتە کاغەزێک هیچیتر نەبوون و تیاچون.
ئوستانداری ئوستانی کوردستان لە سەرودەمی نزیک بوونەوە لە سەفەری رۆحانی لە بارەی سەرمایە گوزاریەوە لەم ئوستانەدا وتی:” نزیکەی ٤٠ لەسەد لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی ئوستان داخراون. ئوستانی کوردستان پیشەسازی نێوخۆیی نییە کەوایە دەبێ شیرکەتەکانی گەورەی بەرهەمهێنانی بێن و سەرمایەگوزاری تێدا بەکەن تاکەرتی تایبەتیش بۆ سەرمایە گوزاری کردن هانبدرێت.” “بایەزید مەردوخی” راوێژکاری ئابووری ئوستانداریی کوردستان دەڵێ: “بەداخەوە هەر ئێستا لە ٨٥٠ کارخانە کە لە ئوستاندا هەن زیاتر لە ٣٠٠ کارخانەیان داخراوە و ئەوانی تریش لەژێر زەرفیەتی ئیسمی خۆیانەوە کاردەکەن.”
ناوچە کورد نشینەکانی ئێران وێڕای هەژاری و بێ مافی گشتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە ئێران، بەرەو رووی گەلێک موسیبەت و بێبەشی بوونەتەوە کە چەند نمونەیان لەم دەورەیەدا بریتین لە: بێکاری و قەیرانی لاوان و لاوانی خوێندەوار، کۆچ کردنی هێزی کار لە ناوچە کورد نشینەکانەوە بۆ دەرەوەی وڵات و ناوچەکانی تری ئێران، بێکاری ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە و چەوساندنەوەی توند و بێ رەحمانەیان لە شیرکەتەکانی قاڵی بافی سەربە سازمانی بێهزیستی، جیهادی سازەندگی، بەسیج و کومیتەی ئیمدادی خومەینیدا بە کەمترین حەقدەست لەو کارگایانەدا کە لە ماڵەکاندا دامەزراون بەبێ دابین کردنی بیمە و ئەمنیەتی پیشەیی، تەعتیلی بەردەوامی یەکەکانی پیشەسازی و بەرهەم هێنان لە کوردستان، داخرانی بازارچە و گوزەرگا سنوریەکانی ” سەیف” و بێکار بوونی هەزاران کرێکاری مەرزی، قەیرانی ئاو و کەم بونەوەی ئاو لە شار و دێهاتەکانی کوردستاندا. بەوتەی ئوستانداری کوردستان ” سنە لە زومڕەی ٣ شاری قەیراناوی وڵاتە لەباری ئاوی خواردنەوەوە.” پەرەسەندنی حاشیەنشینی و زیاد بوونی کێشە و گرفتەکانیان، بڵاو کرانەوەی بەرینی مادەی هۆشبەر ی سەنعەتی لە کوردستان و زیاد بوونی ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەری سەنعەتی، زیاد بوونی رۆژ لە رۆژ زیاتری نەخوێندەواری و دوورکەوتنەوە لە خوێندنی منداڵی بنەماڵە هەژارەکان، زیاد بوونی منداڵانی کار لە ناوچە کورد نشینەکاندا، راوەستانی چالاکیە عومڕانیەکان و کەم بوونەوەی بوجە عومڕانیەکان لە کوردستان و لەخوارەوە بوونی خزمەتگوزاری دەرمانی و پزیشکی لە کوردستاندا، ئەم لیستە دورو درێژە دەکرێ هەروا پێوەی زیاد بکرێت.
دەوڵەت بەجێگای عەمەل کردن بە وەعدە و بەڵێنەکانی لەم بوارانەدا، سیاسەتی میلیتاریزە کردنی هەرچی زیاتری کوردستان و ناوچە سنوریەکانی لە ئیلامەوە تا ورمێی گرتوەتە پێش. بەجێگای ئیسلاحاتی عومرانی ئیجرای مانۆڕە نیزامیەکانی خستوەتە دەستوری کاری خۆیەوە. گرتن و زیندانی کردنی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و مەدەنی لە کوردستان بۆتە بابەتێکی رۆژانە و روتین. لە ئاوا بارودۆخێکدا خەڵکێک کە کرداری دوژمنکارانەی ئەم رژیمەیان لە دژی خۆیان لە ٣٦ ساڵی رابردودا ئەزمون کردوە، خەڵکێک کە لە ٢ ساڵی رابردودا بەڵێنە بێ بنەماکانی رۆحانیان بیستوە و کەمترین کرداریان نەبینیوە، ئایا دەتوانن لەمە بەدواوە چاوڕوانیەکیان لە رژیم و سەرۆک کۆمارەکەی هەبێت؟ کێشە و گرفتێکی بەم شێوەیە کەڵەکە بوو نە بەسەفەری رۆحانی چارەسەر دەبێت و نە ئامانجی رۆحانیش لەم سەفەرە بۆ کوردستان بەم مەبەستەیە.
ئامانجی رۆحانی لە سەفەر بۆ کوردستان تەبلیغاتیە و پێوەندی راستەوخۆی بە هەڵبژاردنی مەجلیسەوە هەیە لە مانگی رەشەمەی ئەمساڵدا. تا بەڕێوەچونی ئەم گاڵتەجاڕەی هەڵبژاردن ٧ مانگ دەرفەت ماوە. کاربەدەستانی ناوچەیی رژیم لە کوردستان، بێشەرمانە، بە تێپەڕ بوون بەلای ئەو کێشە و گرفت و موسیبەتانەی بەرۆکی خەڵکی ناوچە کورد نشینەکانیان گرتوە لە ماوەی ٢ ساڵ حاکمیەتی دەوڵەتی رۆحانیدا، تەبلیغاتی فریوکارانە و نابەوەختیان بۆ راکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان دەست پێکردوە.
عەبدولحەمید زاهدی ئوستانداری ئوستانی کوردستان لە سەرودەمی سەفەری رۆحانیدا لە وتووێژێکی درێژدا لەگەڵ هەواڵنێری فارس، سەربە سپای پاسداران، لەم بارەیەوە وتی:” بەخۆشێەوە پێوەندیەکی باش لەنێوان بنەما خوازان و ئیسلاح خوازان لەم ئوستانەدا بوونی هەیە و کۆبونەوەی ناڕەسمیان بەیەکەوە هەیە و پێکەوە سازاون تا هەڵبژاردن لە کەشێکی سڵامەتدا بەڕێوەبچێت. من پێموایە هەردو رەوتەکە کەسانێکن کە دڵسۆزی نیزامن و ئوستانی کوردستانیش لەگەڵ شوێنەکانی تردا جیاوازی هەیە و هێندێک هەستیاری تایبەت بەخۆی هەیە؛ کاتێک کە بەرژەوەندی نیزام لە ئارادا بێت ئوسولگەرا و ئیسلاح خواز بە یەکەوەن و رەنگە لە هەڵبژاردنیشدا بە یەکەوە ڕقابەت بکەن بەڵام لە کۆتاییدا بەرژەوەندی نەتەوەیی دەپارێزن.”
ئیستراتژی و ئەولەویەتی کۆماری ئیسلامی و هەموو باڵەکانی سەرەڕای هەر ناکۆکیەک کە بەیەکەوە هەیانبێت لە کوردستاندا یەکە و ئەویش” دامەزراندنی ئەمنیەتی بەردەوامە.” خەڵکی ناوچەکانی کوردستان هیچ سەهمێکیان لە بەرنامەکانی تەوسعەی ٥ ساڵەدا، کە شەشەکەشی هاتۆتە بازاڕەوە نەبووە. رۆحانی دێت و دەچێت بەڵام کێشە و گرفتەکانی خەڵک چارەسەر نابن. دەستەبەر بوونی هەر داواکاریەک، تەنیا لە گرەوی خەباتی خەڵکی کوردستان، شان بە شانی خەڵکی هاوچارەنوسیاندایە لە ئێران لەدژی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵەکانیەوە.