هەوڵی بێ سەمەر بۆ فریودانی خەڵکی کوردستان

لەم حەفتە و مانگانەی دواییدا کوردستان، گوایە کەوتۆتە بەر “سرنجی” کاربەدەستانی دەوڵەتی و یەک لەدوای یەکیان بە بیانوی جۆراوجۆر دەچن بۆ ئەم ئوستانە. یەکێك باس لە زەرورەتی دەست پێکردنی تەرحە عومرانی و ئاوەدانیەکان لەم ئوستانەدا دەکات و “مژدە”ی بەکردەوە دەرهێنانی بەڵێنە ئیجرا نەکراوەکان ئەدات، ئەویتریان باسی مەسایل و موشکلاتی توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی کوردستان و رێگای زاڵ بوون بەسەریاندا دەکات، یەکێکی وەک عەلی یونسی دەستیاری تایبەتی سەرۆک کۆماریش بۆ کاروباری ئەقوام و کەمینە دینی و مەزهەبیەکان کە رۆژی سێشەممە ٢٦ ی مانگی جۆزەردان بۆ بەشداری لە مەڕاسمی رێزگرتن لە دوو کەس لە ئۆستادانی کوردزمان، چوبووە شاری سنە، خەڵکی کوردستانی بە ”

497ئێرانی رەسەن، خەڵکێکی با فەرهەنگ و ئاشتی خواز، ناساند. دەبێ بپرسین چی رویداوە کە کوردستان لەم دەوریەدا بەم شێوەیە بۆتە جێی “سرنجی” کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی؟راستیەکەی ئەوەیە کە ئەم رژیمە چ بە ناردنی هێزی نیزامی و ئەمنیەتی بۆ کوردستان و چ رەوانە کردنی کاربەدەستانی دەوڵەتی، دەیەوێ کوردستانی ئێران لە بازنەی کاریگەری ئەگەری رووداوە سیاسییەکان لە ناوچەکەدا دوور بخاتەوە. بۆ ئەم کارەش لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە دەست بەکار بووە، توند کردنەوەی فەزای سەرکوت و خەفەقان، لەگەڵ چڕ کردنەوەی ” سرنجەکان” بەم هۆیەوە هاوکات بوون تا هەردوو بچنە خزمەت لابردنی ئەم نیگەرانیانە و قایم کردنی پێگەی رژیم لە کوردستانداعەلی یونسی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێران و رۆژنامە نووساندا، کۆمەڵێک بابەتی لە پێوەند لەگەڵ خەڵکی کوردستان باس کرد کە لە لایەکەوە قوڵایی ریاکاری حاکمیەتی ئیسلامی لە بەرانبەر خەڵکی کوردستاندا جارێکی تر بە زەقی نیشاندا و لە لایەکی ترەوە، نیگەرانی کاربەدەستانی رژیمی لە قووڵ بوونەوەی خەباتی خەڵکی کوردستان ئاشکرا کرد. لەم روەوە پێویستە ئاوڕێک لە هەڵبژاردەیەک لە قسە و بۆچونەکانی لە هەردوو بارەوە، بدەینەوەسەرەتا یونسی دەستی کرد بە تاریف و تەمجید لە خەڵکی کوردستان و وتی: “هێندێک هەوڵیاندا کە کوردەکان وەک خەڵکێکی شەڕ خواز، نامێهرەبان و یاسا شکێن نیشان بدەن و هەوڵیاندا کوردەکان بە تەجزیە تەڵەب بناسێنن”. یونسی روونی نەکردەوە کە “ئەمانە” کێن؟ بەڵام خەڵکی کورد و هەموو ئینسانە ئازادی خوازەکان لە سەرتاسەری ئێران، ناو و نیشانی ئەم “کەس و لایەنانە” بە باشی دەزانن. دەزانن کە “ئەمانە” بێجگە لە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی نەبوون و نین. حاکمیەتێک کە هەر بەم بیانوانە هێرشێکی بەرینی نیزامی لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٥٨ لە درێژەی سەرکوتی خەباتی سەرتاسەریدا لە ئێران، لەدژی خەڵکی کوردستان دەست پێکرد. دەزانن کۆماری ئیسلامی بوو کە شار بە شار و دێ بە دێی ئەم کوردستانەی بۆمباران و گوللەباران کرد و ژمارەیەکی زۆری لە خەڵکی ئەم کوردستانە خەڵتانی خوێن کرد، وێرانی و ئاوارەییەکی زۆریشی لێکەوتەوە. دەزانن کە ڕژیمی ئیسلامی بە بیانوی جودا خوازی، ژمارەیەکی زۆری لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بە دەستی خڵخاڵی جەللاد لە دادگایی کرانی سەرپێیدا، ئێعدام کرد و ژمارەیەکی بەرچاویشی بەم تاوانە تەبعید کرد یان لە زیندانەکاندا ئەسیر و خستنیە ژێر ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازارەوە. دەزانن کە ٣٦ ساڵ حاکمیەتی ئیسلامی بۆ خەڵکی کوردستان گەلێک نایەکسانی و هەڵاواردن و بێ مافی لەگەڵدا بووە و لەم ماوەیەشدا ڕەوتی سەرکوتی ئەم خەڵکە کە خوازیاری مافی پێشێل کراوی خۆیانن، هەروا بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەیە.

یونسی ریاکارانە وتی: “کوردەکان هەرچی زیاتر بەرەوپێش بچن ئەوە ئێرانە کە پێشڕەفت دەکات و هەرچی زیاتر داب و نه‌ریت و رەسم و فەرهەنگ، هونەر و ئەسالەتی بەنرخ و کۆنیان زیاتر بناسرێت ئێران زیاتر قازانج دەکات”. بەڵام بەرهەمی ئەم روانینە لە کردەوەدا چی بووە؟ ناوچە کورد نشینەکان، لە دەورەکانی رابردودا و لەدەورەی حاکمیەتی رژیمی ئیسلامیشدا بەردەوام عینوان و نیشانەی ناوچەی بێبەش و گەشە نەکردوی بەدوای خۆیدا کێشاوە. دەبێ بپرسین ئەم بەرەوپێش چوونە کەی و چۆن بەرهەم دێت؟ کام دەست کوردستانی بە ئانقەست و ئاگاهانە تا ئێستا دوای ٣ دەیە لە گەشەی ئابووری، لە گەشەی خزمەتگوزاری گشتی بە نیسبەت پێداویستیەکانی ئەو قۆناغە بەدوور گرتووە؟ ئایا دەستێک جگه‌ له‌ دەستی هەمان “ئەوانە” کە کوردستانیان وەک سەرزەمینێکی بێگانە داگیر کرد، دەکرێ لەکاردا بێت؟ دەستێک کە لە قۆڵی رژیمی ئیسلامی حاکمەوە دەرهاتوە و بەتوندی ئالودە بە سیاسەتی شوینیستییە، بەرەوپێش چوون یان لانیکەم لابردنی کەم و کورتیەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تەحەمول ناکات. بەم هۆیەوەیە کە لە سەرتاسەری ئەم ناوچەیەدا لەگەڵ پڕۆژە گەورە ئابووریە گرنگەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی و بنەما ئابووریەکاندا سەرەڕای بوونی ئیمکاناتی سروشتی زۆر و زەمینەی بەهرەبەرداری گەورە، بەرەوڕوو نین. بە پێچەوانەوە، شاهیدی زیاد بوونی سەرسوڕهێنەری ژمارەی بێکارانین. ئاسەوارەکانی ئاوا بارودۆخێک، زیاد بوونی بەرچاوی گرفتی ئیعتیاد، زیاد بوونی ئاماری خۆسوتاندن و خۆکوژی لە کوردستان و باقی گرفتە کۆمەڵایەتیەکان دەکرێ لە زومرەی “بەرەپێش چوونەکان”ی کوردستان لە دەورەی حاکمیەتی رژیمی ئیسلامیدا بزانرێت.

ئەو لە بەشێکی تری قسەکانیدا روونی کردەوە: “دیدگا و روانینی بەرپرسانی باڵای نیزام لە پێوەند لەگەڵ ئەقوام و مەزهەبەکان لە وڵاتدا بەردەوام ئەرێنی بووە و ئێستاش هەروایە.” ئەو بە ئانەقەست درۆ دەکات، بە پێچەوانەی هاوبیرە ئەرشەدەکانی لە نیزامدا روانگەیەکی ئەمنیەتی بۆ کوردستان هەیە. کوردستان تا ئێستاش میلیتاریزە کراوە، دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکان بە شێوەیەکی بەرین لە کوردستاندا چالاکن تا فەزای سەرکوت و خەفەقان توندتر بکەنەوە، تا ئەم فەزایە بە یارمەتی فریوکاریەکانی لەجۆری قسەکانی یونسیەوە بێت و کوردستان “ئارام” رابگرێت. خەڵکی کوردستان ئەم ڕوانینە “ئەرێنیە” لە ئێعدامی هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی، لە گرتن و ئەزیەت و ئازار دانی بێوچانی هەڵسوڕاوانی کرێکاریدا تەرجومە دەکەنەوە، ڕوانینێکی “موسبەت” کە خەباتی رەوای خەڵکی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بەم نایەکسانی و زوڵم و زۆرداریانە بە گوللە و زیندان و ئێعدام و ئەشکەنجە وڵام داوەتەوە.خەڵکی کوردستان بە روونی هەستیان بەوە کردوە کە لە بەرانبەر ئەم رژیمەدا هیچ رێگایەک بێجگە لە پشت بەستن بە هێزی خەباتی خۆیان بۆ دابین کردنی ماف و ئازادیە پێشێل کراوەکانیان لەبەر دەمدا نییە. نە تەعریف و تەمجیدی ریاکارانە و نە نیشاندانی نیگەرانی و دودڵیەکان و دانی هۆشدار، هیچکام کاریگەیان نییە. خەڵکی کوردستان دەزانن تەنیا لە رێگای پەرەگرتنی خەباتی خۆیان و گرێدانەوەی ئەم خەباتە لەگەڵ بزوتنەوە ناڕەزایەتی و رادیکاڵەکان لە سەرتاسەری ئێراندا، دەتوانن ویست و داواکاریەکانیان لەوانە لاچوونی ستەمی نەتەوایەتی دەستەبەر بکەن.

About admin

mnykkargarhastam

View all posts by admin →