هەژاری و بێکاری و کۆچ کردنی ناچاری، چارەنوسی چار هەڵنەگری کرێکاران و لاوان نییە لە کوردستان

لە رۆژەکانی کۆتایی ساڵی ٩٣دا دوایین کۆبونەوەی هاوبەشی شوڕای ئیسلامی ئوستانی کوردستان و ئیدارەی کولی تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی بەڕێوەچو. ئەحمەد رەشیدی مودیری گشتی ئیدارەی کار، لەم کۆبونەیەدا کە رۆژی چوارشەممە ٢٧ ی مانگی رەشەمە لە سنە بەڕێوەچو، وتی:” ئەوەیکە کوردستان ئوستانێکی مەحروم و لەحاڵی گەشەدایە حاشای لێ ناکرێ.” ئەو بە ئاماژە بەوەیکە نرخی بێکاری لە کوردستان ٢٨ تا ٨٥ لەسەدە. وتی : بەپێی سەنەدی گەشەپێدانی ئیشتیغاڵی ئوستان، لە دەیەی ٧٥ وە تا ٨٥ زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس لە جەمعیەتی ئەستان لەبەر نەبونی کار بەرەو ئەستانەکانی تر کۆچیان کردوە. رەشیدی بە ئاماژە بە سەرکەووتو نەبوون لە راكێشانی ئیعتیبارات و سەرمایەگوزاریدا وتی:” نەبوونی سەرمایە گرنگترین کێشەیە لە بواری ئیجرای گه‌ڵاڵه‌كان و ئیشتیغاڵزایی لە ئوستاندا.” و لە درێژەدا وتی:” زیاتر لە ٦٠ تا ٧٠ لەسەد لە جەمعیەتی بێکاری ئوستان لەو کەسانە پێک دێت کە دانیشگایان تەواو کردووە و بۆ دۆزینەوەی کار روو دەکەنە ئوستانەکانی دیكه‌.” ئامانج لە ئیرایەدانی ئەم ئامارانە و ئەرزیابی مەنفی لە کارکردی دەوڵەت و کاربەدەستانی ناوچەیی رژیم لە کوردستان لەم رۆژانەی کۆتایی ساڵدا و لە حاڵێکدا کە سرنجی خەڵک بەرەو بەڕێوەچونی مەڕاسمەکانی نەورۆز و ساڵی نوێیە، هەرچیەک بێت، دەرخەری راستیەکە. ئەویش بەردەوام بوونی هەژاری، بێکاری و تێپەڕ بوونی ساڵێکی پڕ لە دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵکی کوردستان لە بواری ئابووریدا.

 393

لە دەوڵەتی بەناو سازەندەگی رەفسەنجانی بەملاوە رەخساندنی هەلی کاری شارەکانی کوردستان بە پشت بەستن بە هێزەکانی سپا و ئەڕتەش تەقریبەن بە ئاکام گەیشت، خەڵکی کوردستان شاهیدی بیستنی ئەم بۆچوونە رێاکارانەی کاربەدەستانی ناوچەیی و ناوەندی کۆماری ئیسلامی بوون. واژەی گەشەی ئابووری بێ ئیعتیبار ترین واژەیە لە کوردستان.

رۆژەکانی کۆتایی ساڵ و دەستپێکی پشوی نەورۆزیش تەنیا یەکێک لەو دەرفەتانەیە کە، کاربەدەستانی دەوڵەتی و ناوچەیی فرسەت تەڵەبی و فریوکاریان تێدا گەیاندۆتە ئەوپەڕی خۆی. لەم رۆژانە و لە بۆنەکانی تردا لەوانە لە دەیەی ناسراو بە فەجر، حەفتەی ناسراو بە بەسیج، حەفتەی ڕیاکارانە بەناوی کرێکار، کاربەدەستانی سەرتاسەری و ناوچەیی بە تێکرار کردنەوەی بەڵێنە بێ ناوەرۆکەکان دەست دەکەن بە هەڵسەنگاندنی بەڕواڵەت رەخنەگرانە لە کرداری دەوڵەت، تا بەڵکو لەم رێگایەوە کەمێک قین و توڕەیی و نەفرەتی کرێکاران و خەڵکی کوردستان دامرکێنن.

لەم ریاکاریەدا، مودیری گشتی ئیدارەی کار و تەعاون بەتەنیا نییە. ” زارا ئاوجیان” سەرۆکی شوڕای ئیسلامی ئوستانی کوردستان لەم کۆبونەوەیەدا، بە دەربڕینی ئەوەیکە ئاستی رێژه‌ی بێکاری لە کوردستان گەلێک بەرزە، وتی، :” دەبێ بە گرتنەپێشی ریوشوێنی جۆراو جۆر و جەزبی سەرمایەگوزاری لەنێو خۆ و دەرەوەی ئوستان بەستێنێکی ئیجرایی بۆ گه‌ڵاڵه‌ ئیشتیغاڵزاکان و لابردنی کۆسپەکانی بێکاری لە ئاستی ئوستاندا ئاماده‌ بکرێت.” تاکەی لاوانی بێکار و تەحسیلکەردەی ناوچە کوردنشینەکانی کوردستان ئەم جۆرە ده‌بێیانه‌ لەباری کرداریەوەوه‌ بێ کەڵک، لەم رێاکارانە ببیسن؟ سەرەڕای ٣٥ ساڵ دانی دروشمی گەشە کردنی کوردستان و ئامادە کردنی چەندین بەرنامەی گەشەپێدان بۆ ئێڕان کە سەشەمینیشی هاتۆتە بازاڕەوە، بە پێی شاخسەکانی تەوسعەی ئابووری، کۆماڵایەتی، ئینسانی و فەرهەنگی و لەسەر بنەمای ئیعتیڕافاتی کاربەدەستانی دەوڵەتی، کوردستان لە پلەی ئاخری تەوسعە دایە لە وڵاتدا. لە هیچکام لە دەوڵەتەکانی پێکهاتو لەلایەن نیزامی دەسەڵاتدارەوە چ ” ئیسلاح خواز”، چ ” ئوسولگەرا” و چ ” تەدبیر و ئومید”ەکەیەوە، ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی لە رەوتی کەم بوونەوەی بێکاری لە کوردستانمان نەبینیوە. سەردەمدارانی رژیم ئیستراتیژی دامەزراندنی ئەمنیەتی پایەدار لە کوردستان لە کۆنترۆڵ کردن و سەرکوتی هەموو بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی خەڵکدا دەبینن و ئەویشیان بە سپای پاسداران سپاردوە. ئەگەر گەڵاڵەیەکی ئابووری تایبەتیش لە ئارادا بێت، دەبێ لە کاناڵی سپاوە تێپەڕ بێت و لە رێگای تاڵان و بڕۆی هێزی کاری ناوچەیی و لۆکاڵیەوە سودی بەدەستهاتو لێی بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵکی کوردستان هەزینە بکرێت.

لەسەر ناوەرۆکی ئەم بارودۆخە حەسەن رۆحانی لە جەریانی تەبلیغاتی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنیدا لە ٢٠ ی مانگی جۆزەردانی ٩٢ چوو بۆ سنە و لە وەرزشگای ئازادی ئەم شارە، لە حاڵێکدا ئیسلاح خوازانی حکومەتی کوردیش لەلای راوەستابون، وتی:” کوردستان سزاواری ئەم هەموو بێکارە نییە. دەبێ گرانی کۆنترۆڵ و بێکاریش ریشەکێش بکرێت.”

٢١ مانگ بەسەر دەستبەکار بوونی دەوڵەتی رۆحانیدا تێپەڕیوە. نەتەنیا گرانی و بێکاری کۆنترۆڵ و رێشەکێش نەکراون بەڵکو هەردوو دیاردەکە لە کوردستان بەرەو رووی زیاد بوونێکی بێ وێنەن. هاوتەریبی گرانی نان، گۆشت، کرێ ماڵ و گاز و باقی نیازمەندیەکانی سفرەی بێ رەونەقی خەڵک، بێکاری چەند لایەنە و قەیراناوی تر بووە. عەبدولحەمید زاهدی ئوستانداری کوردستان لە مانگی رێبەندانی ٩٣ دا واتە ١٩ مانگ دوای دەست بەکار بوونی دەوڵەتی رۆحانی نرخی رەسمی بێکاری لە کوردستانی ٢٨.١ لەسەد راگەیاند و وتی:” ئێمە لەم بەشەدا بەرەو رووی قەیران بوینەتەوە. هەواڵنێری مێهر لە رۆژی ١١ ی مانگی رێبەندانی ٩٣ دا لەسەر بنەمای راپۆرتێکی ناوەندی ئاماری ئێران نووسیبوی: کوردستان لە باری رێژەی بێکاریەوە دووهەمین ئوستانی وڵاتە.

بە روانینێکی دوژمنانەی کە رژیمی ئیسلامی بۆ خەڵکی کوردستانی هەیە و بە کردارێکی کە خۆیان راپۆرتەکەی بڵاو دەکەنەوە، چ دیمەنگایەک واوەتر لە بەردەوام بوونی بارودۆخی ئێستا لە ساڵی ٩٤ دا لە دەوڵەت و نیزامی ئیسلامی حاکم بەسەر ئێراندا دەکرێت چاوەڕێ بکرێت. سرنج بدەنە قسەی یەکێک لە کاربەدەستانی مەجلیس واتە ئەحسەن عەلەوی تا وڵامی ئەم پرسیارە وەرگرنەوە. ” عەلەوی لە رۆژی ٢١ ی مانگی ڕێبەندانی ٩٣ دا دەڵێ:” بە لەبەرچاو گرتنی دابەزینی نرخی نەوت، ئیعتیباری ساڵی داهاتو بەرەو رووی دابەزین دەبێتەوە. ئیعتیباراتی عومڕانی کوردستان لە ساڵی داهاتودا ١١ لەسەد کەم دەبێتەوە.”

لە ماوەی ٣٦ ساڵی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بەسەر ئێراندا، بەشی خەڵکی کوردستان ” تەحەمول کردنی شەڕ و خوێن رشتن، تەبعید و ئاوارەیی، پەرەدان بە ئیعتیاد، بێکاری و کۆچکردنی ناچاری، حاشیەنشینی و بێ سەرپەنایی، ئیجادی کەش و هەوای ئەمنیەتی و میلیتاریستی بووە.

سروشتیە کە خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئاوا بارودۆخێک هەروا درێژەی دەبێت. نەفرەت لە کۆماری ئیسلامی زیادی کردوە و زیاتریش دەبێت. ئەم جۆرە تەبلیغاتە لە حاڵێکدا کە هەژاری و بێکاری بوونەتە دوانەی ژیانی دوو نەوە لە خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی تر بێزراو دەبێت. هەژاری و بێکاری چارەنووسی چار هەڵنەگری کرێکاران و لاوان نییە لە کوردستان. ئەوان شایستەی ژیانێکی ئینسانی ئاوێتە بە رێفاهی کۆمەڵایەتی و ئازادین، بابەتێکی کە تەنیا بە خەباتی وشیارانە، رێکخراو و یەکگرتوانە شیاوی دەستەبەر بوونە.