وته‌یه‌ك به‌ بۆنه‌ی یادی ٣٨ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه ‌١١ی مانگی خه‌رمانان، ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێرانه‌٣٨ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ وه‌ها ڕۆژێكدا، له‌‌ كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ردا، حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ كوردستانی شۆڕشگێڕ دامه‌زرا. له‌م ڕۆژه‌دا ، یاد و بیره‌وه‌ری خه‌باتكارانێك كه‌ له‌ ڕێزه‌كانی ئه‌م حیزبه‌، له‌ زیندان و له‌ ژێر دڕندانه‌ترین ئه‌شكه‌نجه‌كاندا، ئێعدام كران، یان له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ كوردستان، له‌ ڕێزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌دا‌، گیانی ئازیزیان له‌ پێناوی ڕزگاری ئینسانی چه‌وساوه‌ و سته‌ملێكراو فیدا كرد، ڕێز لێده‌گرین و درود و سڵاو ده‌نێرین بۆ بنه‌ماڵه‌ خۆڕاگر و سه‌ربه‌رزه‌كانیان. هه‌روه‌ها له‌م ڕۆژه‌دا ڕێز له‌ خه‌بات و خۆڕاگری كرێكاران و كۆمۆنیسته‌ به‌ندكراوه‌كان و هه‌موو به‌ندكراوانی سیاسی ده‌گرین كه‌ بۆ دیفاع له‌ باوه‌ڕ و به‌رنامه‌ و ئامانجه‌كانیان، به‌ره‌نگاری ڕژیمی سه‌ركوتگه‌ری ئیسلامی بوونه‌ته‌وه‌ و له‌ نامرۆڤانه‌ترین باروودۆخدا له‌ زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر ده‌به‌ن. به‌ هیوای ئه‌وه‌یكه‌ خرۆشی خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و سته‌ملێكراو، ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ ته‌ختی ده‌سه‌ڵات بێنێته‌ خوار و  هه‌موو به‌ندكراوانی ئازادی خواز به‌سه‌ركه‌وتن و به‌ بزه‌ی خۆشی له‌سه‌رلێو، بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو باوه‌شی ئازیزانیان.

دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ ڕۆژی ١١ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٢ی هه‌تاوی، هه‌نگاو هه‌ڵگرتن له‌ ڕێگایه‌كدا بوو‌ كه‌ چینی كرێكار‌  پێویسته پێیدا تێپه‌ڕبێت، تا له‌ چینی چه‌وساوه‌ و بێ به‌شی كۆمه‌ڵ ببێته‌ چینی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و كۆمه‌ڵه‌، تا كۆمه‌ڵی ئێران له‌ هه‌موو ئه‌و قه‌یران و نه‌هامه‌تیانه‌ ڕزگاری بێت كه‌  به‌رۆكی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی گرتووه‌‌، تا له‌ ئاكامی نیهایی ئه‌م ڕه‌وته‌دا، سۆسیالیزم، كۆمه‌ڵگایه‌ی ئینسانی ئازاد و یه‌كسان و به‌خته‌وه‌ر بێنێته‌ دی. به‌ وه‌ها ئاسۆیه‌ك‌ بوو كه‌ حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌ هه‌وڵی دامه‌زرێنه‌رانی، پێكهات و چالاكیی خۆی ده‌ستپێكردئه‌م حیزبه‌ له‌ بارودۆخێكدا دامه‌زرا كه‌ شۆڕشی ئێران له‌ ژێر زه‌ربه‌ی دژه‌ شۆڕشی ئیسلامی، دوایین هه‌ناسه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌كێشا. سه‌ركوتی خوێناوی و ده‌ستبه‌سه‌ر كردن و ئێعدامی به‌ربڵاو، به‌شێك له‌ ڕێكخراوه‌ چه‌په‌كانی، به‌كرده‌وه‌، له‌ناو بردبوو یان په‌ره‌وازه‌ی ئه‌م سه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ری دونیای كردبوونسه‌رلێشێواوی حه‌ره‌كه‌تی چه‌پی ئێرانی داگرتبوو.  له‌م باروودۆخه‌دا پێكهاتنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌ چه‌په‌كانی ئێران، سه‌ره‌ڕای پێویستێكی روتینی یه‌كگرتن، له‌ هه‌مانكاتدا دژه‌كرده‌وه‌ و وڵامێكی شۆڕشگێڕانه‌ به‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌ بوو. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه‌ ڕژیمی ئیسلامی له‌ هه‌موو شوێنێك له‌ناوچوونی ڕێكخراوه‌ سیاسیه‌كانی له‌ جاڕ ده‌ده‌ا، حیزبێكی سیاسیی نوێ و پڕ جۆش و خرۆش، خه‌ریكی سه‌رهه‌ڵدان بوو. ئه‌گه‌رچی دوو ڕێكخراوی سه‌ره‌كی كه‌ به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م حیزبه‌یان دانا، ئیتحادی موبارزانی كۆمۆنست و كۆمه‌ڵه‌ بوون، به‌ڵام به‌ دوای ڕاگه‌یاندنی به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی ئه‌و دوو جه‌ریانه‌ و ڕوون بوونه‌وه‌ی رێباز و ستراتێژی ئه‌م حیزبه‌، فراكسیۆنگه‌لێك له‌ چه‌ندین ڕێكخراوی چپی ئێران به‌و حه‌ره‌كه‌ته‌‌ په‌یوه‌ست بوون و نوێنه‌رانییان له‌ كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ردا به‌شداریان كرد.

حیزبی كۆمۆنیستی ئێران هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی، له‌ تاران و شاره‌ گه‌وره‌كانی ئێران و له‌ ناوه‌نده‌ كرێكارییه‌كان، ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی له‌ هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی كرێكاری و چالاكانی كۆمۆنیستی له‌خۆگرتبوو. ئه‌و به‌شه‌ له‌ ته‌شكیلاتی حیزب له‌ ساڵه‌ دژواره‌كانی ده‌یه‌ی ٦٠ی هه‌تاوی كه‌وته‌ به‌ر په‌لاماری دوژمن و ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌ تاران و شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران كه‌وتنه‌ زیندانه‌كانی ڕژیم و دواتر ‌ زۆربه‌یان ئێعدام كران. ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش به‌ ناچار ڕوویان له‌ كوردستان كرد یان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕۆیشتن. ئه‌م باروودۆخه‌ به‌ربه‌ستی ڕاسته‌قینه‌ بوو بۆ په‌ره‌پێدانی چالاكی ته‌شكیلاتیی حیزب له‌ ئاستی سه‌راسه‌ریدا. به‌ڵام له‌ كوردستان حیزبی كومونیستی ئێران به‌ بوونی كۆمه‌ڵه‌ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی پاراست.

حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ ماوه‌ی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا تووشی هه‌وراز و نشێوی زۆر هاتووه،‌ و چه‌ند گرووپێكی لێ جیا بووه‌ته‌وه‌ كه‌ رێبازێكی دیكه‌یان گرتووه‌ته‌ به‌ر، به‌ڵام ئێستاش خۆشترین بیره‌وه‌ری ژیانی هه‌موو ئه‌م كه‌سانه‌، ده‌ورانێكه‌ كه‌ له‌ ناو ڕێزه‌كانی ئه‌م حێزبه‌دا چالاكیان كردووه‌. مێژووی ٣٨ ساڵی ڕابردوو ئه‌و ڕاستییه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ هه‌ڵوێست و كرده‌وه‌یدا، هه‌رگێز له‌ رێبازی خزمه‌ت به‌ چینی كرێكار و سته‌ملێكراوان و بێبه‌شان لای نه‌داوه‌ و ساته‌‌ هه‌ستیاره‌ سیاسی و خاڵه‌ وه‌رچه‌رخانه‌ مێژووییه‌كانی، سه‌ربه‌رزانه‌‌ تێپه‌ڕاندووه‌.

 نفووزی كۆمه‌ڵه‌ له‌ كوردستان، وه‌ك كۆڵه‌كه‌ی سیاسی ئه‌م حیزبه‌، ڕێگه‌ی نه‌داوه‌  خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی بوون، به‌رپرس بوون، ڕادیكاڵ بوونی، به‌هۆی ئه‌و به‌ربه‌رستانه‌ی كه‌ دوژمن له‌ ئاست سه‌رتاسه‌ریدا بۆی خوڵقاندووه‌، له‌ ده‌ست بچێت. 

كۆمه‌ڵایه‌تی بوون واته‌  ئازار و خه‌باتی خه‌ڵكی چه‌وساوه‌ و بێبه‌ش، به‌رژه‌وه‌ندی ئێستا و داهاتوویان، به‌رده‌وام له‌ ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌ و كرده‌وه‌ی حیزبدا بووه‌، واته‌ هه‌وڵیداوه‌ سۆز و لایه‌نگری بۆ ئه‌و رێبازه‌ له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا رابكێشیت به‌رپرس بوون به‌ مانای كه‌مته‌رخه‌م نه‌بوون له‌ ئاست دژواریه‌كانی ڕۆژانه‌ی ژیانی خه‌ڵك و هه‌وڵی به‌رده‌وام بۆ هێنانه‌خواری ئاستی ئه‌م دژواریانه‌، واته‌ به‌ نیگه‌رانیه‌كانی خه‌ڵك له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، وڵامی به‌رپرسیارانه‌ دانه‌وه‌واته‌ وه‌ڵامده‌ر بوون به‌رانبه‌ر به‌ هه‌ر سیاسه‌ت و تاكتێك و هه‌لوێستێك كه‌ گرتویه‌ته‌ به‌ر. ڕادیكاڵ بوون به‌ مانای ناسین و ناساندنی ڕیشه‌ی نابه‌رابه‌ریه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، واته‌ پێداگری له‌سه‌ر رێبازی كۆتایی هێنان به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی ئینسان به‌ ده‌ستی ئینسان، واته‌ شۆرشگێربوون له‌ هه‌موو ساته‌كانی ژێانی كۆمه‌لداواته‌ پشت ئه‌ستور بوون به‌ زانستی زه‌مانه‌، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ن كه‌‌ بنه‌مای ستراتێژی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران پێكدێنن.

حیزبی كۆمۆنیستی ئێران هه‌وڵ ده‌دات تا له‌ هه‌موو ساته‌كانی خه‌باتی ئازادی خوازانه‌ و چینایه‌تی ئێستای ئێران ده‌وری شایسته‌ی خۆی ببینێت. به‌ پێی به‌رنامه‌ و ستراتێژی ئه‌م حیزبه‌، هه‌ر كرێكارێكی پێشڕه‌و و ماف خواز، هه‌ر ئینسانێكی ئازادی خواز، هه‌ر ئینسانێكی ژێر سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ر ژنێكی یه‌كسانی خواز، هه‌ر لاوێك كه ئاسۆی ژیانی دواڕۆژی لێڵ كراوه‌، هه‌ر خه‌باتكارێكی پارێزه‌ری ژینگه‌، هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی به‌ڵێندار، ده‌توانێ جێگه و پێگه‌‌ی ئینسانی و خه‌باتكارانه‌ی خۆی له‌ ستراتێژ و به‌رنامه‌ی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران دا ببینێته‌وه‌.  كۆمه‌ڵه‌ له‌ كوردستان وه‌كوو بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌و حێزبه‌ نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوویه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا كه‌ ده‌توانێ ببێ به‌ ‌ ئۆلگووی چالاكییه‌كانمان له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران.

حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌و به‌رنامه‌ و ڕێبازه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، له‌پێناو ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسایه‌تیه‌ گرینگانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شانیه‌تی، هه‌موو تواناكانی خۆی بۆ یارمه‌تی دان به‌ ڕێكخستن  و هێنانه‌ مه‌یدانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی كۆمه‌ڵ به‌كار دێنێ. حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌ پێی پێشینه‌ی نزیك به‌ ٤ ده‌یه‌ حزوری له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی ئێران و پێبه‌ندبوونی به‌ دیفاع له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كرێكاران، به‌ پێی په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌و كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی زه‌حمه‌تكێش و سته‌ملێكراوی كوردستان هه‌یه‌تی، به‌ ێپی قورسایه‌ك كه‌ له‌ناو هێزه‌ چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كانی ئێراندا به‌ده‌ستی هێناوه‌،  به‌هۆی شه‌فافیه‌تی هه‌لوێست و بۆچونه‌كانی، ده‌توانێ ببێته‌ هه‌وێنی ڕێكخستن و چالاكیی ڕێبه‌ران و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران. حیزبی كۆمۆنیستی ئێران عه‌زمی خۆی جه‌زم كردووه‌ كه‌ له‌ پێناو خێرایی به‌خشین به‌م پڕۆسه‌یه‌، زه‌رفیه‌ت و تواناییه‌كانی خۆی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، له‌ پێناوی یه‌كگرتوویی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و كۆمۆنیستیی ئێران گه‌شه‌ پێبدات.