وتەیەک بە بۆنەی رۆژی جیهانی قەدەغە بوونی کار منداڵ و خەبات کردن لەدژی

١٢ ی ژوئێن بەرابەر لەگەڵ ٢٢ جۆزەردان وەک رۆژی جیهانی قەدەغە بوونی کاری منداڵ و خەبات لەدژی ڕاگەیەندراوە. ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا دەچین بەرەپیری رۆژی جیهانی قەدەغە بوونی کاری منداڵەوە کە، لە ئاکامی قەیرانی سەرمایەداری و قوڵ بوونەوەی ئەم قەیرانە سەدان ملیۆن منداڵ لە دنیادا لە بارودۆخێکی گەلێک نا مرۆڤانە و پڕ مەتەرسیدا، بەشێوەی بەردەوام، شان بە شانی گەورەکان خەریکی کاری حیرفەیین. منداڵ لەبەر چاوی گەورەکاندا لە بارودۆخێکی کۆیلە ئاسادا لە کارخانە، مەزرا، مەعدەن، خیابان، چواڕێ، مەیدان و باقی ناوەندەکانی کاردا، تەنانەت لە بۆنگاکان و ناوەندەکانی وادار کردنی ئینسان بە لەشفرۆشی، فرۆشتنی ئەندامانی جەستە و وادار کردنیان بە کاری قاچاغ و بزێهكاری، کار ده‌كه‌ن. لەوێوە کە کاری منداڵ ڕیشەی لە هەژاری و دەست کورتی کەسوکاریان و بەرین تر بوونەوەی کەلێنە چینایەتیەکان دایە، هەژاری و نابەرابەریش بە نۆرەی خۆی، ڕیشەی لە چەوساندنەوەی ئینسان بەدەستی ئینسان و مناسباتی سەرمایەدارانە و قەیرانە دەورەییەکانی و توند بوونەوە و قوڵ بونەوەی قەیرانەکان دایە، ئەم ڕاستیە تاڵ و حاشا هەڵنەگرە زیاتر لە پێشو لە حاڵی پەرەسەندن دایە. بەپێی راپۆرتی سازمانی جیهانی کار، ٢١٥ ملیۆن منداڵی کار له‌ دنیادا هەن کە، نیوەیان خەریکی ئەنجامدانی کاری پر مەترسیدەوترێ لە ژمارەی منداڵانی کار، ٦١ لەسەدیان لە ئاسیا، ٣٢ لەسەد لە ئافریقا و ٧ لەسەدیان لە ئامریکای لاتیندا دەژین. لەوێوە کە زۆربەی ئەو وڵاتانەی منداڵانی کار لەخۆ دەگرن ژمارەیەکی باوەڕ پێکراو لەو منداڵانەی کە خەریکی کاری حیرفەیین و بەدرێژایی رۆژ کاردەکەن، نادەن بەدەستەوە. لەوێوە کە، دەیان ملیۆن لە منداڵانی کار لە ناوەندە کرێکاریەکاندا تۆمار ناکرێن و بەشێوەی نایاسایی و ڕەش کاریان پێدەکرێت، لە ئاکامدا ژمارەی منداڵانی کار گەلێک زیاترە لەو ڕێژەیەی کە لە ئامارەکاندا دەیبینین. لەگەڵ پەرەسەندنی شەپۆلی کۆچ کردن بەرەو ئوروپا و ئامریکا و توند بوونەوەی قەیرانی سەرمایەداری لەم وڵاتانەدا، پێی منداڵانی کار و خیابانی گەیشتۆتە ئەم وڵاتانەش. بێجگە لەوە، لە ئاکامی شەڕە وێرانگەرەکانی ئەم چەند دەیەی دوایی لە چوارگۆشەی دنیادا و لە وڵاتانی هەژار و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، دەیان میلیۆن منداڵی ئاوارە و بێ سەرپەنا، وادار بە کۆچ کردنی ناچاری کراون. ئەو منداڵانەی کە بە میلیۆن کەسیان لە رووی ناچاریەوە و بۆ مانەوەیان دەچنە ژێر باری کارەوە، ئەویش لە خراپترین بارەدۆخدا. لەبەر ئەوە، وادیار نییە کە منداڵانی کار بەگشتی و قوربانیانی شەڕەکانی ئەم دەیەی دوایی لە رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئافریقا و ئامریکا لە ئامارەکانی سازمانی جیهانی کار سەبارەت بە ژمارەی منداڵانی کاردا هاتبێتن455رژیمی کۆماری ئیسلامی حاکم بەسەر ئێراندا یەکێک لە دزێو ترین ڕواڵەتەکانی نیزامی سەرمایەداریە لە بەرخورد لەگەڵ منداڵان و کاری منداڵدا. لە ئێران هیچ جۆرە ئامارێکی باوەڕ پێکراو و دروست سەبارەت بە ژمارەی منداڵانی کار لەبەر دەستدا نییە. هەڵبەت ناڕاستی ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا تایبەت بە چارەنوسی منداڵانی کار نییە. ئامارە ڕەسمیەکان لە ئێران باس لە بوونی ٢ ملیۆن منداڵی کار دەکەن بەڵام، بەپێی ئامارە ناڕەسمیەکان، ژمارەی منداڵانی کار ٧ ملیۆن منداڵی ژێر ١٥ ساڵ بەراورد دەکرێت. ئەم ئامارە زۆربەی رۆژنامەکانی نێوخۆش بڵاوی دەکەنەوە. شەپۆلی منداڵانی کار لە ئێران بە ڕواڵەتی شارە گەورەکانی ئێرانەوە بە روونی دەبیندرێت.چوونی منداڵان بۆ بازاڕی کار لە ئێران بەشێک لە سیاسەتی دەستەبەرکردنی قازانجی دەوڵەت و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەتە لە ڕێگای چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی منداڵانەوە. لە زۆرێک لە کارگا و کارخانەکانی سەربە سپای پاسداران و دەزگا ئەمنیەتیەکان و سەربە کومیتەکانی بەناو ئیمدادی خومەینی، بەسیجی موستەزعەفان و لە کاری ماڵەوە و گه‌ڵاڵه‌كانی وەستا- شاگردی سەربەم ناوەندانەدا، منداڵان بەکار دەهێندرێن و بێڕەحمانە شیرەی گیانیان دەکێشرێ. لەم نێوانەدا سەهمی ناوچە حاشیه‌نشینه‌كانی وڵات لەوانە ئوستانەکانی کوردستان، ئازەبایجانی غه‌ربی، کرماشان، سیستان و بەلوچستان و خوزستان لە بواری بەکارهێنانی کاری منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ لە رێگای ئەو ناوەندانەوە کە لە سەرەوە ناویان هات گەلێک زیاترە. لێكۆلینه‌وه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن کە هەژاری ڕیشەی سەرەکی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی منداڵانی کارە. زیاتر بوونی هەژاری لەنێو بنەماڵە کرێکارییەکان و کۆچبەرانی دانیشتوی ئێراندا بەمیلیۆن منداڵی سەربەو خەڵکەی، رۆژانە ڕەوانەی بازاڕی کار و خیابان کردووە و ئەوان لە دنیای منداڵانەیان بێبەش و بەر بە گەشە کردنی سروشتی، کۆمەڵایەتی، ڕەوانی و جەستەییان دەگرێت.دوو رێكه‌وتن نامه‌ سازمانی جیهانی کار واتە مقاولە نامه‌ی ١٣٨ مەڕبوتە بە دیاریکردنی لانیکەمی تەمەنی منداڵان، و مقاولە نامەی ١٨٢ مەڕبوتە بە خراپ ترین شێوەی کاری منداڵان، لەپاڵ کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵدا داوا لە دەوڵەتەکانی ئەندامی دەکات ئەو سیاسەتانە بگرنەبەر کە، دەبنە هۆی تێکەوە پێچڕانی کاری منداڵان. کۆماری ئیسلامی هەرچەند یەکێک لەو ولاتانەیە کە ئەو مقاولە نامانەی ئیمزا کردوە بەڵام، لە کردەوەدا، نەتەنیا کاری منداڵانی ژێر ١٥ ساڵی ڕەسمیەت پێداوە بەڵکە، لە شوێنە کرێکاریەکانی ئێراندا بەتایبەت منداڵانی خیابانی و کار لە خراپ ترین و بێڕەحمانە ترین شێوەدا دەچەوسێنەوە. کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لەبەر پەرەسەندنی کاری منداڵان تێیدا کەوتەوەتە بەر ڕەخنە و ناڕەزایەتی ناوەندە نێونەتەوەییەکان و داکۆکیکارانی مافەکانی منداڵان.هاوتەریب لەگەڵ گەشە کردنی بێوێنەی منداڵانی کار لە ئێران، ژمارەی رێكخراوه‌ غەیرە دەوڵەتیەکانی پشتیوانی مافەکانی منداڵان و خەبات لەدژی کاری منداڵان لە ئێران پێیان ناوەتە گۆڕەپانی چالاكی کۆمەڵایەتی و مەدەنیەوە بەڵام، لاواز ترین بەشی تەشەکولەکانی مەوجود لە ئێراندا، ئەم ڕیکخراوانە، تەنانەت تەشەکولەکانی خاوەن ئیجازەی قانونین. لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی کە هەژاری و بێکاری لە بەرەیەکەوە بۆ بەرەیەکی تر دەگوازرێتەوە و هۆکارە دەرەکیەکانی لەوانە، ماجەراجوییەکانی ڕژیم و ئاسەوارەکانی بارودۆخی دژواری ژیانی بنەماڵە کرێکاریەکانی توندتر دەکاتەوە، دیاردەی منداڵانی کار و خیابانی بۆتە بەشێک لە ڕاستیەکی تاڵ و حاشا هەڵنەگر لەم کۆمەڵگایەدا. لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی په‌سه‌ند و تەئیدی قانون و کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان بەرتەسک کەرەوە و لابەری بەتەواوەتی کاری منداڵ تەنیا لایەنی فۆڕماڵ و ڕازێنەرەوەی هەیە. کۆتایی هێنان بە کاری منداڵان لە گرەوی روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دایە وەک هەنگاوی یەکەمی خەبات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی لێورێژ لە ڕیفاه و دابینکەری مافە کۆمەڵایەتیەکانی منداڵان. دامەزراندنی ئاوا کۆمەڵگایەک لە گرەوی بەرەوپێش چوونی ئیستراتیژی سۆسیالیستی لە خەباتی چینی کرێکار و باقی توێژە پێشڕەو و زۆرلێکراوە کۆماڵایەتیەکان دایە.