وتەیەک بە بۆنەی ٢٩ ی خاکەلێوە، رۆژی ئەڕتەش

لە ساڵی ١٣٥٨ لە فەرمانێکدا لە لەیەن خومەینیەوە، ٢٩ ی مانگی خاکەلێوە وەک رۆژی ئەرتەش دیاری کرا. لە بەشێک لە فەرمانەکەی خومەینیدا هاتبو:” ٢٩ی خاکەلێوە رۆژی ئەڕتەش ڕادەگەیەندرێت. ئێستا ئەڕتەش لە خزمەت میللەت و ئیسلام دایە و ئەڕتەشێکی ئیسلامیە، و میللەتی شەریف پێویستە ئەم رۆژە بەڕەسمی بناسن و پشتیوانی خۆیانی بۆ دەربڕن. ئێمە و ئێوە و ئەڕتەش، برایانە بۆ پاراستن و ئەمنیەتی وڵاتەکەمان تێدەکۆشین و کۆتایی بە شەرارەتی ئەشرار و کارشکێنیەکانی مەوفسیدان دێنین.” کۆتایی بە شەرارەتی ئەشرار و کارشکێنیەکانی مەوفسیدان، كه‌ وه‌كوو ئه‌ركی ئه‌رته‌ش له‌لایه‌ن خۆمینیه‌وه‌ دیاری كراوه‌، واته‌ سه‌ركووت كردنی خه‌ڵكێكی حه‌قخواز كه‌ به‌ شوێن پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و ئامانجی خۆیان له‌ شۆڕشێك بوو كه‌ له‌دژی رژیمی شا به‌رپایان كرد.409

واته‌ سه‌ركووت كردنی خه‌ڵكی كوردستان و توركه‌مه‌ن سه‌حرا، سه‌ركووت كردنی ماسیگرانی شیلاتی شیمال و كرێكارانی بێكار له‌ ئه‌سفه‌هان، واته‌ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌فته‌ری رێكخراوه‌ سیاسیه‌كان، واته‌ هێرش بۆسه‌ر دانیشگا و داخستنی.لەو تاریخە بەدواوە هەموو ساڵێک، بەتایبەت لە ساڵەکانی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێڕاق، یەک حەفتە پێش ئەم رۆژە کە پێیدەڵێن حەفتەی ئەڕتەش، یەگانەکانی ئەڕتەش بە ئیجرا کردنی کۆمەڵێک مانۆڕی نمایشی لە نێو و دەرەوەی پادگانەکان هەوڵ ئەدەن توانایی و زەرفیەتە دژی خەڵکیەکانی خۆیان بەڕووی جەماوەردا بکێشن. ئەم جۆرە مەڕاسمانە شێوە سازیەکە لە ڕێژەی ئەڕتەشی شاهەنشاهی کە، لە ٢١ ی مانگی خەزەڵوەری هەموو ساڵێکدا بە سان بینینی شا و فەرماندەکانی ئەڕتەش لێی، بەڕێوەدەچو.لە رۆژرکانی نزیک بە ٢٩ ی خاکەلێوە فەرماندەکانی ئەڕتەش، بەتایبەت فەرماندە ناوچەییەکان لە کوردستان لەگەڵ ئیمام جومعەکانی جیرە خۆری ڕژیم لەم ناوچەدا، دەستدەکەن بە ئیرایەدانی هێندێک سوخەنرانی پوچ و بێ ناوەرۆک کە مەتنەکەی لەپێشدا دیکتە کراوە. لەم سوخەنرانیانەدا هەوڵ ئەدرێت بڵێن کە، ئەڕتەشی کۆماری ئیسلامی خەڵکیە و ئەڕتەشی شاهەنشاهی دەژی خەڵکی بوو. ئەمەیان خودی و ئەیتریان وابەستە بوو. بناغەکانی ئەمیان لەسەر ئیمان و باوەڕ دامەزراوە و هی ئەویتریان لەسەر تەجهیزات و سەرسپوردەیی بینا کراوبوو.چاوگێڕانێکی خێرا بەسەر کرداری ئەڕتەشدا نیشانی ئەدات کە نەتەنیا ئەڕتەشی شاهەنشاهی بەڵکو، ئەڕتەشی کۆماری ئیسلامیش دژی خەڵکی و دژی شۆڕشە. گۆڕانی ڕژیم لە پاشایەتیەوە بۆ ئیسلامی نەبوو بەهۆی گۆڕانی ماهیەتی ئەڕتەش و بەپێچوانە، کارێکی کە ئەڕتەشی شا نەیتوانیبو لە دژی شۆڕشی خەڵک بە ئاکامی بگەیەنێ، ئەڕتەشی کۆماری ئیسلامی بە یارمەتی باقی ناوەندە سەرکوتگەرەکان گەیاندیە ئەنجام.لە کەس شاراوە نییە کە دەوڵەتی ئامریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی لە ترسی قوڵ بوونەوەی ئینقلاب و کەوتنە مەترسی بەرژەوەندیەکانیان لە ئێران و ناوچەکە دوای ئەو تەوافوقەی کە لە کۆنفڕانسێکدا بەناوی گوادلوپ ئەنجامدرا، بڕیاریاندا بە پوچەڵ کردنەوەی بەربەستی ئەرتەش ڕێگا بۆ بەدەسەڵات گەیشتنی ئوپوزسیۆنی کۆنەپەرست- ئیسلامی بە ڕێبەری خومەینی خۆش بکەن. لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا و بۆ زەمانەت کردنی بەرەو پێش چوونی، ژنڕاڵ هایزری ئامریکاییان لە مەئموریەتێکی نهێنیدا نارد بۆ ئێڕان تا ئەڕتەشی شاهەنشاهی لە شەپۆلەکانی شۆڕش بپارێزێت و فەرماندەکان بە پەیڕەوی کردن لە خومەینی و دەزگای ڕێبەریی جەریانی ئیسلامی وادار بکات. ئەم نەخشەیە لەگەڵ کەمێک خۆڕاگری لەنێو ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ئەڕتەشدا، هەمان ئەو فەرماندانەی کە لە شەوی دوای قیامدا ئێعدام کران، بەرەو روو بۆوە بەڵام، پێکهاتەی ئەڕتەش بە دەست لێنەدراوی تەحویلی خومەینی و ڕەوتی ئیسلامی درا. ئەم ئاڵگۆرە لە سەرەوە و لە حاڵێکدا کە شەپۆلی شۆڕش لە لایەن بەشی ڕادیکاڵی بزوتنەوەی جەماوەری خەڵکەوە هەروا درێژەی هەبوو وە داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی ئەڕتەش یەکێک لە داخوازیەکانیان بوو، خومەینی و لایەنگرانی وادار کرد تا بە دەر کردنی فەرمانێک ئەڕتەش لە هێرشی جەماوەری خەڵک بپارێزن و ئەو بۆ درێژەی ئامانجە دژە شۆڕشەکانیان بەکار بێنن.خومەینی تا کاتی دەر کردنی فەرمانی سەرتاسەری پشتیوانی لە ئەڕتەش و ناونانی رۆژی ٢٩ ی خاکەلێوە وەک رۆژی ئەڕتەش، بە دانی دەستور بە ئەڕتەش لە هێندێک لە شوێنەکانی وڵات لەوانە، کوردستان، تورکەمەن سەحرا و خوزستان ئەڕتەشی لە دژی بزوتنەوە سۆڕشگێڕانەکان بەکار هێنابوو.سەرتیپ ئەحمەد پوردەستان فەرماندەی هێزی زەمینی ئەڕتەش، لە خوتبەکانی بەر لە نوێژی دوێنێدا بە ئاماژە کردن بەوەی کە زۆربەی شۆڕشگێڕان لەگەڵ مانەوەی ئەڕتەش نەبوون، سەبارەت بە فەرمانەکەی خومەینی وتی :” لە ٢٩ ی مانگی خاکەلێوەدا، حەزرەتی ئیمام بە بڕیارێکی بوێرانە ئەڕتەشی لەحاڵی هەڵوەشانەوەی گێڕایەوە بۆ نێو ئوقیانوسی میللەت. یەکەم گوردان کە لەبەرانبەر دژی شۆڕشدا دەستەویەخە شەڕی کرد، ئەڕتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.”ئیمام جومعە بەکرێ گیراوەکانی مەرکەزی بوزرگی ئیسلامی غەرب لە شارەکانی سنە، قوروە و سەقز لە سوخەنڕانانی ئەم رۆژە بوون و نوێژی هەینی دوێنێ سەبارەت بە دەور و نەخشی دژی خەڵکی ئەڕتەش بوون. موحسین ئازەرئەفروز فەرماندەی گوروپی ٣٣ ی تۆپخانەی خودابەندەلو، سەبارەت بە دەور نەخشی ئەڕتەش لە رۆژەکانی دوای ڕاپەڕین لە کوردستان دەڵێت:” لە هەمان رۆژەکانی سەرەتای شۆڕشەوە لە مەسەلەی خەبات لەگەڵ دژی ئینقلاب لە ئوستانە جۆراو جۆرەکان لەوانە کوردستان ئەڕتەش دەوری خۆی بە تەواوی گێڕاوە.”ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەڕتەشی کۆماری ئیسلامی وەک ئەڕتەشی هەموو دەوڵەتانی سەرمایەداری ماهیەتەن دژی خەڵکی و دژی ئینقلابیە. فەرماندەکانی ئەڕتەشی بەڵام، وتەبێژی سەربازەکان و نوێنەری بەرژەوەندیەکانیان نین. زۆربەی سەربازەکان، کادر و بەدەنەی ئەڕتەش لە توێژ و چین و گوروپی کۆمەڵایەتی هەژار و مامناوەند لە وانە منداڵی بنەماڵە کرێکاریەکان پێکدێت. ئەو توێژ و گوروپە کۆمەڵایەتیانەی کە لە جەریانی ئالوگۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا و بە قوڵ بوونەوەی کێشمە کێشە چینایەتیەکان بەپێی بەرژەوەندی و تەعلوقاتی چینایەتی، میللی، ناوچەیی و تەنانەت مەزهەبیان هەڵوێست دەگرن. لەگەڵ توند بوونەوەی قەیرانی کۆمەڵایەتیدا و تێکچونی هاوسەنگی هێز ئەم وابەستە بوونە کاری کردۆتەسەر عەمەلکرد و هەڵوێست کردتنی سیاسیان. لە ئاوا بارودۆخێکدا دیواری پادگانەکان درزی تێدەکەوێ و ئێمە شاهیدی کەم بوونەوەی ئەم جۆرە وەفاداریە درۆینە و ڕواڵەتی و هەڵاتنیان و بە تەنیا مانەوەی فەرماندەکان و توانەوەی ئەڕتەش دەبین. ئەڕتەشی کۆماری ئیسلامی لەم قاعیدەیە بەدەر نییە. ئەڕتەشی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ڕواڵەتی فریوکارانەی بێ ناوەرۆک تر و کارتۆنی ترە لە ئەڕتەشی پاشایەتی و لە بەرانبەر شەپۆلەکانی شۆڕشدا خۆڕاگر تر لە ئەڕتەشی ڕژیمی شا نابێت.