ووته‌یه‌ك به‌ بۆنه‌ی ساڵهاتی دامه‌زرانی سپای پاسداران

رۆژی ٢ی مانگی گۆڵان ساڵهاتی دامه‌زرانی سپای پاسدارانه‌. وه‌زاره‌تی دیفاعی رژیم به‌م بۆنه‌وه‌ په‌یامێكی ناردووه‌. له‌م په‌یامه‌دا سێ بواری چالاكی سپا به‌ جیاواز ئاماژه‌یان پێكراوه‌. یه‌كه‌م، سه‌ركوت كردنی نه‌یارانی ناخۆی رژیم. دووهه‌م، چالاكی و حزور له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێران. سێهه‌م، بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی توانای رژیم له‌ بواری چه‌ك و چۆڵ و تێكنۆلوژی شه‌ڕدا. له‌م په‌یامه‌دا ته‌ئكید كراوه‌ كه‌ گوایا سپا له‌ هه‌ر سێكی ئه‌م بوارانه‌دا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌. هه‌ڵبه‌ت پێویسته‌ بگوترێ كه‌ بوارێكی چواره‌میش له‌ چالاكی سپای پاسداراندا هه‌یه‌ كه‌ له‌م په‌یامه‌دا به‌ئه‌نقه‌ست له‌ بیر براوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ چالاكی سپا له‌ بواری قاچاغی مه‌وادی موخه‌دیر و چنگ داگرتن به‌سه‌ر به‌شه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئابووری ئێران. گومان له‌ودا نییه‌ كه‌ له‌ بواری یه‌كه‌م دا، واته‌ تێكشكاندنی شوڕشی ئێران و سه‌ركوت كردنی نه‌یارانی رژیم، ئه‌وجۆره‌ی كه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دیفاع دا هاتووه‌، “به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پیلانگێڕی به‌ره‌ی دژ به‌ شۆڕش و دوژمانی نیزام”، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی پێكهێنانی سپای پاسداران بوو، سه‌ركه‌وتن گه‌لێكی به‌ده‌ستهێناوه‌.413

مێژووی ٣٦ ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رژیم نیشانی داوه‌ كه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ دژبه‌ خه‌ڵكه‌ له‌م بواره‌دا ده‌ستی له‌ هیچ جنایه‌تێك نه‌پاراستووه‌. هه‌ڵبه‌ت سپا مافی خۆیه‌تی كه‌ شانازی به‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی دژ به‌ خه‌ڵك و دژ به‌ شوڕشی خۆی له‌م بابه‌ته‌وه‌ بكات. به‌ڵام به‌ هه‌مووی ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌مرۆ له‌ په‌روه‌نده‌ی سپادا چ شتێك غه‌یری نه‌فره‌ت له‌و ده‌موده‌زگایه‌ و ریزێكی پان و به‌رین له‌ كۆمه‌ڵانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و خه‌ڵكێك كه‌ له‌ وجودی ئه‌و رژیمه‌ بێزارن و هه‌موو شه‌وێك خه‌ونی رووخانی پێوه‌ ده‌بینن، ماوه‌ته‌وه‌؟ دامه‌زراوه‌كانی سه‌ركوتگه‌ری رژیم و له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌ سپای پاسداران نه‌یانتوانیوه‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ چاوترسێن بكه‌ن. بواره‌كانی به‌ربڵاوی خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تی، خه‌باتی كرێكاران، لاوان، ژنان، هه‌ڵسووڕاوانی بواره‌ مه‌ده‌نیه‌كان، و خه‌ڵكی خه‌باتكاری كوردستان، كه‌ مزگێنی ده‌ری رووخانی سبه‌ی رۆژی ئه‌و رژیمه‌ن، پێمان نیشان ده‌ده‌ن كه‌ تێكشكانی سپای پاسداران له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ئه‌ركه‌ی دا، زۆر دوور نییه‌.

له‌ بواری چالاكی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان ناكامیه‌كان سپای پاسداران یه‌ك له‌ دوای یه‌ك ده‌رده‌كه‌ون. له‌ جه‌ریانی گوفتوگۆه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كانی ٥+١ كه‌ به‌رواڵه‌ت ته‌نیا سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ ئه‌تۆمی بوو، گه‌لێك نیشانه‌ له‌ گوشاری ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا بۆسه‌ر رژیمی ئێران بۆ بڕینی یارمه‌تیه‌كانی ئه‌و رژیمه‌ به‌هێزه‌ ئیسلامی كۆنه‌په‌ره‌سته‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌ركه‌وتن. هه‌ر بۆیه‌ بوو كه‌ سه‌رانی رژیم هه‌موو ئیمكاناتی ته‌بلیغاتی خۆیان خسته‌كار تا قسه‌ له‌ ده‌ورو و نه‌خشی سپای قودس له‌ دژی داعش و له‌ باقی كێشه‌ ناوچه‌یه‌كان بكه‌ن. له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌نده‌ چوونه‌به‌ره‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان كرد به‌ ئه‌فسانه‌سازی سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمانده‌ی ئه‌و سپایه‌. به‌ هه‌ر حاڵ ئاشكرایه‌ كه‌ خامنه‌یی و سپا پیاڵه‌یه‌كی ژه‌هری دیكه‌یان نۆش كردووه‌ و دره‌نگ یا زوو ناچار ده‌بن ئامانجه‌كانی خۆیان له‌ ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئامریكا هاوئاهه‌نگ بكه‌ن. دیاره‌ ئه‌وه‌ سه‌رشكسته‌گیه‌كی گه‌وره‌ بۆ رژیمێك ده‌بێت كه‌ به‌ سه‌دان میلیارد دۆڵار پاره‌ی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی بۆ پشتیوانی له‌ هێزه‌ كۆنه‌په‌ره‌سته‌كانی ناوچه‌ سه‌رف كردووه‌، تاكوو كێشه‌كان له‌ سنووره‌كانی خۆی دوور بخاته‌وه‌.له‌ بواری بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی توانایی تێكنولۆژی نیزامیش سپای پاسداران كارنامه‌یه‌كی زۆر دره‌وشاوه‌ی نییه‌. زیاتر له‌ ٢ ده‌یه‌یه‌ كه‌ میلیاردها دۆلار له‌ سه‌روه‌تی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ی له‌ رێگای پڕۆژه‌یه‌ك دا سه‌رف كردووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆكه‌ به‌ سه‌رشۆڕی ده‌بێ وه‌لای بنێت. پیشه‌سازی نیزامی له‌ژێر كۆنتڕۆڵی سپا، له‌ بواری غه‌یره‌ ئه‌تۆمیشدا ناتوانێ دیارده‌یه‌كی جیا له‌ سه‌رجه‌می ئاستی ته‌كنیك و پیشه‌سازی له‌ بواره‌كانی غه‌یه‌ره‌ نیزامی له‌ ئابووری ئێران دا بێت. تێكنولۆژی دواكه‌وتوو له‌م بواره‌دا غه‌یری فرسه‌تێك بۆ دزی و تاڵان و بڕۆی به‌رهه‌می كاری كرێكارانێك كه‌ له‌م بوارانه‌دا كار ده‌كه‌ن، شتێكی تری لێناكه‌وێته‌وه‌. ئه‌م سیلاحانه‌ی كه‌ جاروبار سپا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ چاوی خه‌ڵك دا بدات، نمایشیان ده‌دات، شتێك نیین‌ غه‌یری به‌رهه‌می پیشه‌سازی نیزامی له‌ وڵاتێكی دواكه‌وتووی سه‌رمایه‌داری دا. ئه‌م سیلاحانه‌ به‌ به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ تێكنولۆژی سوپێڕ مۆدێرنی رۆژئاوایی كه‌مترین كاراییان هه‌یه‌ و ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا پێش هه‌موو كه‌س ده‌زانن كه‌ چه‌نده‌ بێ ناوه‌رۆكن.سپای پاسداران دوای شه‌ڕی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ٨ ساڵه‌ی ئێران و عێراق، ئه‌و مه‌جاله‌ی پێدرا كه‌ له‌ پاڵ په‌ره‌پێدان به‌ چالاكیه‌كانی خۆی له‌ بواری قاچاغی مه‌وادی موخه‌دێر، ده‌ست به‌سه‌ر ده‌یان ئیسكله‌ و فرۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ی سنووری دا بگرێت و كالای جوارۆجۆر قاچاغ بكات. سپا له‌ جه‌ریانی چالاكیه‌كانی ئابووری خۆیدا، ده‌ستی به‌سه‌ر چه‌ندها گه‌ڵاڵه‌ی ده‌یان میلیارد دۆلاری له‌ بواری نه‌وت و گاز و پێترۆشیمی دا گرتوو و بوو به‌ گه‌وره‌ترین هێزی ئابووری و په‌یمانكاری له‌ ئێران. سپا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ رێگه‌ی “قه‌رارگای خاتم الانبیا” و دواجاریش “خاتم الاوسیا” وه‌كوو به‌خته‌كێك كه‌وته‌ سه‌ر ئابووری مافیایی كۆماریی ئیسلامی. سپا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی له‌ فرۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ره‌وه‌ بگه‌ره‌ هه‌تا هه‌موو ئامرازێكی ده‌وله‌تی، هه‌تا داموده‌زگای قه‌زایی و سیخۆڕی و ته‌نانه‌ت كۆنتڕۆڵ كردنی فرۆكه‌خانه‌ی خۆمه‌ینی و ده‌زگای موخابه‌رات و هیتریش، هه‌مووی به‌كار هێنا. فه‌رمانده‌كانی سپا له‌ رێگه‌ی “بونیادی ته‌عاون”، ده‌ستیان به‌سه‌ر بازاڕی پاره‌ و ئه‌رزیش دا گرت. به‌ڵام به‌رهه‌می هه‌مووی ئه‌م چالاكیه‌ ئابووریانه‌ چی بوو غه‌یری ئابووریه‌كی شپرزه‌ و ئه‌زمه‌ لێدراو بۆ ئێران. ئابووریه‌ك كه‌ بۆته‌ وه‌ها گرێكوێره‌یه‌ك كه‌ له‌ شیده‌تی داماوی هاواری ئه‌حمه‌دی نژاد و رۆحانیشی به‌رز كردۆته‌وه‌. ئه‌حمه‌دی نژاد سپای به‌ “به‌راده‌رانی قاچاغچی” ناوبرد و رۆحانیش له‌م دوایانه‌دا ناسناوی سه‌رتاپا گه‌نده‌ڵی بۆ دیاری كردن.چالاكیه‌كانی به‌ربڵاوی ئابووری سپا ته‌نانه‌ت سه‌رمایه‌دارانی كه‌رتی تایبه‌تیشی ناڕازی كردووه‌. ئێستا سپا بۆته‌ رێگرێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاسایی بوونه‌وه‌ی ئابووری ئێران به‌ مه‌به‌ستی تێكه‌ڵبوونی له‌گه‌ڵ بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ته‌نانه‌ت هاوئاهه‌نگ بوونی به‌شه‌كانی جوراۆجوری سه‌رمایه‌داری ناخۆییش.ئه‌مڕۆكه‌ سپای پاسداران بۆ پاراستنی كۆماری ئیسلامی، له‌پاڵ دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی رژیم، ئامرازێكی غه‌یری سه‌ركوت له‌به‌ر دست نییه‌. ئامرازی ترساندن و ته‌وقاندنیش ئیتر گه‌لێك كول بووه‌. ئه‌م هێزه‌ كه‌ به‌ كۆڵه‌كه‌ی پاراستنی كۆماری ئیسلامی داده‌نرێت،‌ له‌ به‌رده‌م گۆڕانكاریه‌كی مێژوویی دایه‌. ئه‌م گۆڕانكاریه‌ مێژووییه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی كرێكاران و خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و دیكتاتوری و گه‌نده‌ڵی نیزامی سه‌رمایه‌داری ئێران و رژیمی كۆماری ئیسلامی، جێبه‌جێ ده‌بێت.