١٢ی خاکەلێوەی ساڵی ٥٨، وەبیرهێنەرەوەی داسەپاندنی ٣٦ ساڵ حاکمیەتی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی

ئەمرۆ چوارشەممە ١٢ی مانگی خاکەلێوە، سالڕۆژی داسەپاندنی رژیمێکە بەسەر خەڵکی ئێراندا کە ناوی نرا: “کۆماری ئیسلامی ئێران”. ٣٦ ساڵ لەوەپێش لە وەها رۆژێکدا دەستبەسەرا گرانی شۆڕشی خەڵکی ئێران بە ڕێبەری خومەینی، لە نمایشێکدا بەناوی: “گشت پرسی لە خەڵکی ئێران” حاکمیەتی جەهل و خورافە و سەرکوتی خۆیان بەسەر ئەم وڵاتەدا رەسمیەت پێدا.رۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ٥٨، لە حاڵێکدا هێشتا ٢ مانگ بەسەر سەرکەوتنی راپەڕینی خەڵکدا تێنەپەڕیبو وە جەماوەری خەڵک بەتەواوی ماهیەتی ئەفکاری کۆنەپەرستانە و ئامانجی بۆرژوازیی داگیرکەری شۆڕشیان نەناسیبوو، کە دارودەستەی خومەینی بە دروشمی: “کۆماری ئیسلامی نە یەک کەلیمە زیاتر و نە یەک کەلیمە کەمتر”، هاتنە مەیدان تا خەڵک وادار بکەن کە لەنێوان دوو دەنگی “ئه‌رێ یان نا “دا یەکێکیان هەڵبژێرن و بە بەشداری کردن لەم بەناو “راپرسی”یه‌دا دەنگی ئەرێ بدەن بە نیزامی کۆماری ئیسلامی.400

خومەینی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم شانۆگەریە زۆر بە ئەجەلە بوو. لەبەر ئەوەی دەیزانی ئەگەر خەڵک دەرفەتی هەبێت بە چاوی کراوە سەبارەت بە ماهیەتی حکومەتی ئیسلامی داوەری بکات، ئاکامی ریفراندۆمەکە ئەو جۆرە نابێت کە چاوەڕوانی دەکەن.پرسیاری فریوکارانە و وڵامی “ئه‌رێ یان نا” کە بۆ ئەم ڕیفڕاندۆمەیان دیاریکردبوو، بەشێوەیەک بوو کە گوایە ئەگەر کەسێک دەنگی “ئەرێ” نەخاتە سندوقەوە، بەواتای ئەوەیە کە لایەنگری گەڕانەوەی رژیمی پاشایەتیە. دیارە لە بارودۆخێکدا کە جەماوەری خەڵک گیانبازانە و بەشێوەیەکی بەرین لە راپەڕیندا بۆ روخاندنی رژیمی پەهلەوەی بەشدارییان کردبوو، لکاندنی ئاوا نیسبەتێک پێیانەوە مایەی خەجاڵەتی بوو وە زۆرێک لەم خەڵکە لەبەر نەفرەتی زۆریان لە رژیم و نیزامی پێشوو و سەرەڕای مەیلی باتنیان، بە حاکمیەتی مەزهەبی و حوکمڕانی کۆمەڵێک ئاخوند و کۆنەپەرست، بەناچاری و هه‌ندێکیشیان لە رووی تەوەهومەوە دەنگی ئەرێ یان هەڵدەبژارد و دەیانخستە سندوقی دەنگدانەوە.هەڵبەت لەوکاتەشدا ئەو دەستەیە لە خەڵک کە ماهیەتی حاکمیەتی مەزهەبی و بەهێز بوونی کۆنەپەرستانیان بەرابەر لەگەڵ حاکمیەتی ئیستبدادی و دیکتاتۆڕی پادشایەتی دەزانێ، نەک هەر ئەم ریفڕاندۆمەیان تەحریم کرد تا ئەو جێگایەی لە توانایاندا بوو، جەماوەری خەڵکیشیان وادار دەکرد بەشداری تێدا نەکەن. کاربەدەستانی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی بەهرەمەند لە ئیمکاناتێک کە دەستیان کەوتبوو وە بە کەڵک وەرگرتن لەو تریبونانەی کە لە ئیختیاریاندا بوو وە بە پشت بەستن بە سوننەتە مەزهەبیەکانی باو لەنێو خەڵکدا، ئاکامی بەناو راپرسیەکەیان بە قازانج و بەناوی کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند. پێشینەی هەموو هەڵبژاردنە فەرمایشیەکانی ٣٦ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە بۆ ئاوا رۆژێک و بە چەسپاندنی وەها رۆژێک بوو کە سوننەتی هەڵبژاردنە نمایشی و فەرمایشیەکان لەم رژیمەدا تێکرار دەبێتەوە. ١٢ی خاکەلێوە، بۆ خەڵکێک کە لەژێر حاکمیەتی ئەم رژیمەدا دەژین، وەبیرهێنەرەوەی یەکەم رۆژەکانی رەت کرانەوەی مافی هەڵبژاردن لە دیاری کردنی مافی چارەی خۆنوسین و یەکەم رۆژی سەقامگیر بوونی حاکمیەتی جەهل و خورافە و یەکەم رۆژی شکڵ گرتنی حاکمیەتێکە کە هەم کۆنەپەرستانە و هەم سەرمایەداریە.
رۆژی ١٢ی خاکەلێوە، ئەگەر بۆ کۆماری ئیسلامی رۆژی دەستپێکی سی و حەوتەمین ساڵە لە حاکمیەتی نیزامی سەرمایەداری ئیسلامی، بۆ جەماوەری خەڵک ساڵڕۆژی راگەیاندنی کۆتایی دەور و نەخشی جەماوەری خەڵکە لە شۆڕشێکی شکۆداردا و ساڵرۆژی دەستپێکی رژیمێکی کۆنەپەرست و ساڵرۆژی تەمەنێک سەرکوت و سوکایەتی و تەحەمول کردنی هەژاری و برسیەتی و دەستپێکی زەوتکرانی سەرەتایی ترین ئازادییە فەردی و کۆمەڵایەتیەکانە.
ئەمرۆ زۆرێک لەو کەسانەی کە لە رووی گومان و لە رووی ترس و نیگەرانیەوە لەوەیکە نەکات لەگەڵ لایەنگرانی ئیستبدادی پاشایەتیدا تەداعی ببنەوە چوونە بەردەم سندوقەکانی ئه‌رێ یان نا وتن بە کۆماری ئیسلامی دەنگی ئەرێیاندا، بە ریزی ئەو کەسانەوە پەیوەست بوون کە ئەم یەکەم شانۆی هەڵبژاردنە و شانۆکانی دواتریان تەحریم کردووە.

ئەگەرچی لەو کاتەشدا بەشێکی تاڕادەیەکی زۆر لە خەڵک لەو یەکەم شانۆگەری هەڵبژاردنەدا بەشداریان نەکرد، بەڵام کۆماری ئیسلامی یەکەم ئاماری جەعلیی خۆی لە بەناو “ریفڕادۆمێک” راگەیەاند و ئیدیعای کرد کە گۆیا زیاتر لە ٩٨ لەسەدی خەڵک لەم شانۆگەریەی “کۆماری ئیسلامی ئەرێ یان نا” دا بەشداریان کردووە. ئەم ئیدیعایەی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا رادەگەیەندرا کە خەڵکی کوردستان بە جەمعیەتێکی چەند ملیۆنیەوە، سەرەڕای ئەم فریوکاریە ئاشکرایە، بە وشیاری تەواوەوە لەم ریفڕاندۆمەدا بەشداریان نەکرد و بەمجۆرە رەوایەتی ئەم رژیمەیان قەبوڵ نەکرد. رژیم تەنانەت شانسی ئەوەشی نەبوو کە دەکەی هەڵبژاردنەکەی لە کوردستان دابنێ. بۆ زۆرێک لە ناوچە دوورە دەستەکان تەنانەت بەرگەی دەنگدان نەنێردرا. لە چەند شوێن و لەوانە لە هێندێک ناوچەی تورکەمەن سەحرا سندوقی دەنگدان دانەندرا.
٣٦ ساڵ دوای ئەم ڕێفڕاندۆمە، خەڵکی کوردستان بە ئیعتیباری بەشداری نەکردن تێێدا و وڵامی نا دانەوە بەم رژیمە و ٣٦ ساڵ خۆڕاگری و خەبات لەدژی، قەت ددانی بە مەشروعیەتیدا نەناوە. ئەمرۆ بەملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران بە خەڵکی کوردستان و بە هەموو ئەوانەی کە وشیارانە لەم شانۆگەریەی رەوایەتیدان بە رژیمی ئیسلامیدا بەشداریان نەکرد، دەستخۆشی دەڵێن. ئەمرۆ زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران و بەتایبەت کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش داواکاری روخاندنی ئەم رژیمەن. بەڵام ئاوا داواکاریەک تەنیا بە تێکرار بوونەوەی سەحنە پڕ شورەکانی ئاخێزی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و ئەمجارە بە گێڕانی دەورێکی وشیارانە و ڕێکخراوی چینی کرێکار و حزوری بەملیۆن لاو، ژنان و هەموو خەڵکی زۆرلێکراو لە مەیدانە جۆراوجۆرەکاندا، دەستەبەر دەبێت. با دەست لەنێو دەستی یەکتر زەمینەکانی وەها شۆڕشێک بە ئیرادەی ملیۆنیمان فەراهەم بکەین. لە رۆژی دامەزرانی حکومەتی جەنایەت، خەڵەتاندن و وێرانی کۆماری ئیسلامیدا جێی خۆیەتی ڕێز لە یادی ئەو کۆمونیست، شۆڕشگێڕ و پێشڕەوە ژن و پیاوانە بگرین کە لە راستای بەرگرتن لە بەهێز بوونی ئەم دێوەزمە دژی ئینسانیەدا و دەستەبەر بوونی ئارمانە راستەقینەکانی شۆڕشی ئێران، لە مەیدانی نەبەرد دا یان لە زیندانەکاندا گیانیان فیدا کرد. یادی ئیلهامبەخشیان ئەمرۆ لەهەر رۆژێکی دیکە زیاتر یارمەتیدەری ئێمە دەبێ لە رەزمی بێ ئەمان، نەخشەمەند، رێکخراو و پەیوەستە لەدژی رژیمی ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداریدا.