١٣٩٤ ساڵی پەرەسەندنی خەباتی کرێکاری، با ١٣٩٥ یش ساڵی دروست کردنی رێكخراوی سەرتاسەریە کرێکاریەکان بێت

لە ڕوانگەیەکی چینایەتی و خەباتکارانەوە بۆ بارودۆخی کۆمەڵگەی ئێران بروانین بە جورئەت ساڵی ڕابردو دەکرێ ناو بنرێت ساڵی ناڕەزایەتی کرێکاری. ئاشکرایە کە ناڕەزایەتیەکان پڕژو بڵاو بوون و بەم هۆیەشەوە نەبوونە ئامرازێکی گوشاری جیدی بۆسەر ڕژیم و سەرمایەداران، بەڵام کەس ناتوانێ چاوپۆشی لە بەرینایی و لەوەی کە لە چەندین بواری زیندوه‌ لە خەبات و خۆراگری بۆ دابین کردنی مافەکانیان لە کۆمەڵگای دیکتاتۆر لێدروای ئێراندا، هه‌وڵیانداوه‌ ئینكار بکات. لە ڕاستیدا کەمتر رۆژێک لە ساڵی ڕابردودا بووه‌ كه‌ بەبێ ناڕەزایەتی و کۆبونەوەی کرێکاری لە شێوەی جۆراو جۆریدا تێپەڕ بوبێت. ئەگەر تەنیا بڵاو بوونەوەی هەواڵی خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاری لە سایتەکانی کۆمەڵە و حیزبی کومونیستی ئێراندا وەک بنەما بگرین، بە شێوەی مامناوەند هەموو مانگێک شاهیدی ٦٠ ناڕەزایەتی، کۆبونەوە و مانگرتنی کرێکاری بووین. ئەگەر هەر لەم ئاستەدا و بەم ئامارە لانیکەمەشەوە، ئەم جۆگەلە پڕژوبڵاوانە لە هەیئەتی رێكخراوه‌یكی سەرتاسەری کرێکاریدا بە یەکەوە پەیوەست بوونایه‌، لەم ساڵەدا، چ ئامرازێکی چینایەتی بەهێز بۆ داسەپاندنی ویست و داواکاریە کرێکاریەکان بەسەر ڕژیم و سەرمایەداراندا دەکەوتە ڕێ و چ هەنگاوێکی گرنگ له‌ ئاست گه‌شه‌ی خەباتی سیاسی و چینایەتیدا هەڵدەگیرا.680

ڕژیم بەپێی خسڵەتی چینایەتی خۆی مەترسی یه‌كگرتوویی خەباتی پڕژوبلاوی کرێکاری هەست پێدەکات و هه‌ر بەم هۆیەشەوە كه‌ به‌رده‌وام بەرخوردی ئەمنیەتی و قەزایی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی کرێکاری، ده‌كات، هه‌ره‌شه‌یان لێ ده‌كات و زیندانیان ده‌كات. رژیم نیگه‌رانی په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانه‌ و ده‌زانێ كه‌ په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی كرێكاری گەردشی سەرمایە و سەرمایەگوزاری تووشی مه‌ترسی ده‌كات. لەم پێوەندیەدا مانگی ڕەشەمەی ٩٤ حەوت رێكخراوی سەربەخۆ لە بەیانیەیەکی هاوبەشدا بڕیاری زیندان، هەڕەشەو و گوشار لەدژی هەڵسوڕوانی سەندیکایی و چالاکانی کرێکاریان مەحکوم کرد. تەشەکولە کرێکاریەکان لەم بەیانیەدا بە ئاماژە بەوەیکە هەڵسوڕاوانی کرێکاری به‌رده‌وام له‌ ژێر گۆشار دان خوازیاری ئازادی بێ شەرت و مەرجی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و هەڵوەشاندنەوەی مه‌حكوومییه‌ته‌كانیان و په‌روه‌نده‌كانیان لەهەر ئاستێک لە مەڕاحلی قەزاییدا بوون.
لەگەڵ بە ئاکام گەیشتنی تەوافوقاتی هەستەی لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٩٤، هەوڵێکی زۆر لە لایەن دەوڵەتەوە درا کە ئەم تەوافوقاتە بکەنە خاڵێکی جێگای هیوا بۆ دەرچون لە ڕکودی ئابووری، ڕەخساندنی هەلی کار و باشتر بوونی ئاستی بەڕێچونی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. وتیان لەگەڵ لاچونی تەحریمەکان و هاتنی سەرمایە گوزارانی دەرەکی و ڕەونەقی دووبارەی پیشەسازی و ئابووری ئاستی ژیانیش دەچێتە سەرەوە. بەڵام کاتێک کە بەرجام لە زستانی ڕابردودا بە ئاکام گەیشت، بە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستێکی ٣ جار لەخوار هێڵی هەژاریەوە، مۆری باتڵیان لەم وەعدە و وەعیدانە دا.
وادیارە لەگەڵ گشت ئەو موژدانەی کە دەوڵەت بۆ چارەسەر کردنی گرفتی بەڕێچون بۆ ساڵی ٩٥ ئەیدات دیسانیش کۆمەڵگای کرێکاری به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ست پێ كردنی به‌رنامه‌ی ٥ ساڵه‌ی شه‌شه‌م، ساڵیکی دژواری لە پێشدا ئەبێت. ئەم ڕژیمە بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتە ئابووریەکانی کە بوونەتە گرێپوچکە لە حەیات و مانەوەی ڕژیمی ئیسلامی، پێویستی بە هەرزان ڕاگرتنی هێزی کار لە ئێراندا هەیە، تا به‌م جۆره‌ چەرخی ئابووری وە حەرەکەت بکەوێت و مافیای حاکم لە توانایی ماڵی پێویست بۆ دخاڵەت کردن لە قەیرانە ناوچەییەکاندا و بردنەسەری توانایی سەرکوت لەنێو خۆدی وڵاتدا بەهرەمەند بێت.
ئەگەر بەشێوەی واقعی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش یەکەم زیان وێکەوتوانی دەورانی تەحریمەکان و ڕکود بوون و ئه‌و ده‌وره‌یه‌یان به‌ ژیان لەژێر هێڵی هەژاریدا تێپه‌ڕاند، گومانی تێدا نییە کە ئەگەر ئامرازی بەهێزی سیاسی و چینایەتی خۆیان نەخەنەکار، قوربانیانی دەورانی دوای ئەویش دەبن. ئەم ڕاستیە لە سیاسەتەکانی ئەمرۆی کۆماری ئیسلامیدا بە باشیی ده‌بینین. له‌ پاڵ راگه‌یاندنی حه‌ق ده‌ستپێكی مه‌مره‌ و مه‌ژی كه‌ دیاری كراوه‌، ئەوە بەسە کە دادستانی لە بەخشنامەیەکدا نایاسایی بوونی هەر چەشنە ناڕه‌زایه‌تیی ده‌برین و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ڕادەگەیەنێت. وەها بەخشنامەیەک پەیامێکی روونە بۆ سەرمایەداران کە بەبێ نیگەرانی لە ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاری دەتوانن سەرمایەکانیان له‌بۆاره‌ جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێناندا بخەنە کار. ڕژیمی ئیسلامی بۆ دەرچون لەم بونبەستە و زەمانەت کردنی مانەوەی هیچ ڕێگایەکی نییە بێجگە لەوەی کە بارودۆخێکی لەبار بۆ کارکردی سەرمایە دابین بکات. دابین کردنی ئەم بارودۆخە ئەساسەن شتێک نییە بێجگە لە پێشکەش کردنی هێزی کاری هەرزانی چینی کرێکاری ئێڕان بە سەرمایەدارانی نێوخۆیی و دەرەکی و دابین کردنی ئیدامەکارییان؛ بەو واتایەی کە درگاکانی بە لابردنی کۆسپ و بەربەستەکان، بە رووی سەرمایە دەرەکیەکاندا بکاتەوە و ئیمکانی بەهرە کێشی لە هێزی کاری هەرزان لەم وڵاتەدا بۆیان فەراهەم بکات. بەڵام له‌ لایه‌كه‌و گوشاری زیاتر بۆسەر چینی کرێکار مەترسی پەرەسەندنی خەباتی کڕێکاری و ڕیکخستن و سەرتاسەری بوونەوەی بۆ ڕژیم بەدواوەیە و ئاوا کابوسێک ڕژیم ناچار دەکات کە بەرنامە ئابووریە درێژ ماوەکانی بە محافزەکاریەوە بەرێتە پێشەوە، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رمایه‌ گوزارانی ده‌ره‌كی والێ ده‌كات كه‌ په‌له‌نه‌كه‌ن و به‌ پارێزه‌وه‌ روو بكه‌نه‌ ئێران.
لەگەڵ گشت ئەمانەدا ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەو هەموو ناکۆکیە نێوخۆیی و گرفتە سیاسی و عەمەلیانەی کە بۆ تێکەڵ كردنی ئابووریی ئێران و بازاڕی جیهانی لەگەڵی بەرەو روویە و هەوڵ ئەدات تا گرفتەکانی لەم بوارانەدا چارەسەر بکات، ئەگەر داهاتوی ئابووری کۆماری ئیسلامی گرێدراوە بە ئاکامی ئەم کێشمە کێشانەوە، چینی کرێکار دەبێ بەدوای چارەسەردا بێت بۆ زاڵ بوون بەسەر پڕژوبڵاویەکانیدا و به‌ هێزه‌ توانایه‌كی زۆرتره‌وه‌ پێی بێنه‌ مه‌یدانی ئه‌و نه‌به‌رده‌وه‌.