پلۆمپی سه‌دان فرۆشگای جلوبه‌رگ له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران

27
وته‌بێژی هێزی ئینتزامیی ڕژیم باسی له‌ ناسین و هوشداریدان به‌ زیاد له‌ ٣ هه‌زار و ٦٠٠ یه‌كه‌ی سێنفی فرۆشیاری مانتۆ و جلوبه‌رگ كردوه كه‌ له‌م نێوه‌دا، ٨٢٥ یه‌كه‌ی فرۆشتنیش پلۆمپ كراون.
وته‌بێژی هێزی ئینتزامیی رژیم ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی هێزی ئینتزامیی به‌ ئاراسته‌ی گه‌ڵاڵه‌ی قه‌ده‌غه‌ كردنی به‌رهه‌مهێنانی مانتۆی نه‌شاز زانی كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی ئیتحادییه‌ی جلوبه‌رگی شاری تاران، ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت مودیره و ئه‌ماكنه‌وه‌ له‌ مانگی پوشپه‌ڕی ڕابردوو په‌سه‌ند كرا. به‌ پێی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌، ئه‌و مانتۆ و تیشێرتانه‌ی كه‌ نه‌شاز بن و له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ئیسلامیدا نه‌یه‌نه‌وه‌، قه‌ده‌غه‌ن. به‌ وته‌ی پۆلیس، داخرانی شوێنی كار بۆ فرۆشیار بۆ ماوه‌ی سێ هه‌تا ٦ مانگ و سزای نه‌غدیی به‌ بڕی ٥٠٠ هه‌تا یه‌ك میلیۆن ریاڵ چاوه‌ڕوانی فرۆشیارانی ئه‌مجۆره‌ لیباسانه‌ ده‌كات.