په‌رداخت نه‌كردنی حه‌قده‌ستی كرێكارانی قه‌تاری شه‌هری كه‌ره‌ج

223
راپۆرته‌كان باس له‌ په‌رداخت نه‌كردنی حه‌قده‌ست و باقی مه‌زایای دواخراوی كرێكارانی قه‌تاری شه‌هری كه‌ره‌ج ده‌كه‌ن. به‌ وته‌ی كرێكاران، شیركه‌تی په‌یمانكاری سابیر كه‌ درووستكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی له‌ ئه‌ستۆیه‌، زیاتر له‌ ٥ مانگه‌ حه‌قده‌ستی كرێكارانی په‌رداخت نه‌كردووه‌‌. كرێكاران له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای كێشه‌ و گرفتێك كه‌ ئه‌مرۆژه‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك له‌گه‌ڵی ده‌ست و په‌نجه‌ نه‌رم ده‌كات له‌وانه‌ هه‌زینه‌گه‌لێكی قورس وه‌ك: كرێ ماڵ، فیشی ئاو، به‌رق و گاز، هه‌زینه‌ی خوێندن و به‌ڕێچوونی ژیان و هه‌زینه‌كانی دیكه‌، به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند مانگێك كرێكاران حه‌قده‌ستیان پێی نه‌درێت، ده‌توانین پێشبینی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه خۆیان و بنه‌ماڵه‌كه‌یان تووشی چ كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن ده‌بن.