په‌ره‌سه‌ندنی تێكهه‌ڵچوون له‌ نێوان ئه‌رته‌شی توركیه‌ و پ ك ك

429
به‌ چڕتر بوونه‌وه‌ی تێكهه‌ڵچوونه‌كان له‌ نێوان ئه‌رته‌شی توركیه‌ و هێزه‌كانی پ ك ك، رۆژی پێنجه‌شه‌ممه‌ پۆلیسی توركیه‌ به‌ هێرش بۆسه‌ر شاری كوردنشینی “جیزره‌” هه‌ڵكه‌توو له‌ ئۆستانی شێرناخ له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی توركیه‌، ئه‌م شاره‌ی گه‌مارۆ دا.هێزه‌كانی پۆلیسی توركیه‌ به‌ هێرش بۆسه‌ر هاوڵاتیانی جیزره‌ زیاتر له‌ ٨ كه‌سی مه‌ده‌نیان كوشت. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ پارتی دیموكراتیكی گه‌لان، هه‌واڵی كوژرانی ٢١ كه‌سی مه‌ده‌نی له‌وانه‌ چه‌ند منداڵی راگه‌یاند. دوابه‌دوای هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی پۆلیسی توركیه‌ بۆسه‌ر جیزره‌، ئێستا به‌رق، ئاوی خواردنه‌وه‌ و ته‌له‌فون بڕاوه‌ و بارودۆخی ئه‌م شاره‌ زۆر ناله‌بارتر بووه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ گروپێك له‌ نوێنه‌رانی پارلمانی توركیه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند وه‌زیری كابینه‌ی ده‌وڵه‌تی كاتی، له‌ ئه‌ندامانی پارتی دێموكراتیكی گه‌لان، كاروانێكیان رێكخستبوو تا خۆیان بگه‌ینه‌ شاری جیزره‌ و پێش به‌ كوشتاری زیاتری خه‌ڵك بگرن، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی توركیه‌ پێشیان به‌م حره‌كه‌ته‌ی ئه‌وان گرت. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ شاری “هێزخ”یش له‌ چوارچێوه‌ی دوو گروپی جیاجیا له‌ به‌ربه‌ستی پۆلیسی توركیه‌ تێپه‌ڕبوون و سه‌ره‌ڕای هێرشه‌كانی پۆلیس به‌ گولله‌ی گازی، به‌ره‌و شاری جیزره‌ وه‌ڕێكه‌وتن.