په‌ره‌سه‌ندنی كه‌شوهه‌وای ئاڵۆز و ناڕه‌زایه‌تی شاری مهاباد

220y
به‌ پێی راپۆرتی گه‌یشتوو، دوابه‌دوای جه‌نایه‌تی ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی رژیم و گیان له‌ده‌ستدانی “فه‌ریناز خوسره‌وانی” و هه‌ڵچوونی ناڕه‌زایه‌تی و توڕه‌یی خه‌ڵكی مهاباد، كه‌شوهه‌وای ئه‌م شاره‌ هه‌روا گرژ و ئاڵۆزه‌.
خه‌ڵكی شاری مهاباد كه‌ چه‌ند رۆژ له‌وه‌پێش، شایه‌تی گیان له‌ده‌ستدانی “فه‌ریناز خوسره‌وانی” بوون، له‌دژی ده‌ستدرێژی ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی رژیم و بێ هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی به‌م جه‌نایه‌ته‌، به‌ شێوه‌ی یه‌كپارچه‌ و یه‌كگرتووانه‌ ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی. خه‌ڵك به‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌به‌رده‌م هۆتێل “تارا”، شوێنێك كه‌ فه‌ریناز خوسره‌وانی پاش هه‌وڵی ده‌ستدرێژی جنسی به‌كرێگیراوێكی رژیم، خۆی له‌ نهۆمی چواره‌می ئه‌م هۆتێله‌ خسته‌ خواره‌وه‌ و گیانی له‌ده‌ستدا، كۆبوونه‌وه‌ و خوازیاری ناساندن و سزادانی سه‌به‌بكارانی گیان له‌ده‌ستی ئه‌م كچه‌ لاوه‌ بوون. به‌رپرسانی رژیم له‌جیاتی وڵام دانه‌وه‌ به‌ خواستی به‌رحه‌قی خه‌ڵك، به‌ هێنانی هێزه‌كانی ئینتزامی و ئه‌منیه‌تی بۆ شوێنه‌كه‌، ده‌ستیاندایه‌ سه‌ركوت كردنی خه‌ڵك و بۆ بڵاوه‌ پێكردن به‌ هاوڵاتیانی ناڕازی، له‌ چه‌كی ساچمه‌یی و گازی فرمێسكڕێژ، كه‌ڵكیان وه‌رگرت و چه‌ند كه‌سێكیشیان بریندار كرد. دوابه‌دوای كاردانه‌وه‌ی وه‌حشیانه‌ی رژیم به‌م ناڕه‌زایه‌تیه‌ ئاشتیخوازانه‌یه‌، خه‌ڵكیش به‌ هاویشتنی به‌رد، به‌ره‌وڕووی هێزه‌كانی رژیم‌ بوونه‌وه‌ و هۆتێل تارایان ئاگر تێبه‌ردا. راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی رژیم له‌ مهابادیش، كه‌وتۆته‌ به‌ر هێرشی ناڕازییان. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌، درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌دژی رژیم، به‌ره‌و شاره‌كانی بۆكان، پیرانشار و مه‌ریوانیش كێشراوه‌. هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا تازه‌ترین راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رژیم هێزێكی زۆری له‌ شاره‌كانی میاندواو و نه‌غه‌ده‌ هێناوه‌ و داوای هێزی زیاتریشی له‌ شاره‌كانی وه‌ك ته‌ورێز كردووه‌. شایانی باسه‌ خه‌ڵكی ناڕازی شاری مهاباد له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌ هه‌تا به‌یانی له‌ شه‌ر شه‌قامه‌كان ماونه‌ته‌وه‌ و باس له‌ ئاگردانی چه‌ند ماشینی هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كان ده‌كرێت. به‌كرێگیراوانی رژیم هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م نه‌خۆشخانه‌كان و داروخانه‌كانیان خستۆته‌ ژێر كۆنترۆڵ و چاودێری خۆیانه‌وه‌ و به‌شێك له‌ برینداره‌كانیشی بۆ شوێنێكی نادیار گواستۆته‌وه‌.