رۆژی سێشه‌ممه، سه‌دان كه‌س له شاری به‌غدا له ناڕه‌زایه‌تی به كرده‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیه سه‌باره‌ت به جێگیر كردنی هێزی نیزامی خۆی له ٢٥ كیلومیتری موسڵ، له به‌رامبه‌ر سه‌فاره‌تی توركیه له به‌غدا كۆبوونه‌وه.
حزووری نیزامیانی توركیه له شوماڵی عێراق و جێگیر بوونیان له پایه‌گایه‌ك له نزیك شاری موسڵ، تێكهه‌ڵچوونی نێوان دوو وڵاتی چڕتر كردۆته‌وه. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له رۆژی یه‌كشه‌ممه ١٥ی مانگی سه‌رماوه‌زه‌وه ئولتیوماتۆمێكی ٤٨ سه‌عاته‌ی بۆ توركیه دیاری كرد و داوای لێ‌كرد هێزه‌كانی له‌و وڵاته بباته ده‌ره‌وه. جێگری سه‌رۆك وه‌زیری توركیه ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه له كاردانه‌وه به‌م بڕیاره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق وتی: “هێزه‌كانی توركیه له عێراق جێگیر كراون تا مه‌شق و راهێنان به گروپه چه‌كداره‌كانی ئه‌و وڵاته به‌مه‌به‌ستی شه‌ڕ له‌دژی تیرۆریزم بكه‌ن.” به پێی هه‌واڵێكی دیكه، سه‌رۆك وه‌زیری عێراق رۆژی سێشه‌ممه داوای له سازمانی په‌یمانی ئاتلانتیكی شومالی “ناتۆ” كرد تا به كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئێختیاره‌كانی، بۆ بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیه له شوماڵی عێراق، گوشاریان بخاته سه‌ر. له لایه‌كی دیكه‌وه، راپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق توانیویانه ناوچهیهگی گرینگ و ستراتیژیك له شاری “رۆمادی” له گروپی ئیسلامگه‌رای داعش وه‌ربگرنه‌وه.