هه‌واڵنێرییه‌كان باس له په‌ره‌سه‌ندنی هێرشی ئاسمانی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان به رێبه‌ری عه‌ره‌بستان، بۆسه‌ر بنكه و باره‌گای حهوسییهكان و هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌كه‌ن.له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمان به رێبه‌ری عه‌ره‌بستان، چه‌ندین ناوه‌ندی نیزامی و دامه‌زراوه‌ی ژێر كۆنتڕۆڵی نیزامییانی لایه‌نگری “عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح” سه‌رۆك كۆماری پێشوی یه‌مه‌ن و میلیشیاكانی حهوسییان بۆمباران كرد. به پێی تازه‌ترین ئاماری رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له سه‌ره‌تای هێرشی عه‌ره‌بستان بۆسه‌ر یه‌مه‌ن له دوو هه‌فته له‌وه‌پێشه‌وه تا ئێستا، زیاتر له ٥٠٠ كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه. بۆ یارمه‌تی به خهسارپێگهیشتووانی ئه‌م شه‌ڕه، رۆژی جومعه دوو هه‌واپه‌یمای یه‌كییه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور و سه‌ندوقی منداڵانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان “یونیسێف”، له شاری “سه‌نعا” نیشتنه‌وه. كه‌م بوونی سوته‌مه‌نی، ئاو و مه‌وادی خۆراكی له پێته‌ختی یه‌مه‌ن زۆر خراپ و قه‌یراناوی راگه‌یه‌ندراوه. رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی كاره‌ساتی ئینسانی له‌م وڵاته هۆشدارییان داوه. هه‌ر له‌م حاڵه‌دا، پارلمانی پاكستان رۆژی جومعه له‌گه‌ڵ داخوازی عه‌ره‌بستان بۆ به‌شداری ئه‌م وڵاته له عه‌مه‌لیاتی نیزامی له یه‌مه‌ن، دژایه‌تی كرد.