په‌نابه‌رانێك کە بۆ رزگار بوون لە شەڕ و برسیەتی رێگای دەریا دەگرنەبەر

لەم رۆژانەدا گەلێک وێنەی ئەو پەنابەرانەی کە لە ئاو و ئاگر ئەدەن تا خۆیان بگەیەننە ناوچەیەکی ئەمن لە ئوروپا ویژدانی هەر ئینسانێک ئازار ئادات. ئەوانەی کە لە مەترسی نوقم بوون لە ئاوەکانی دەریای مەدیتەرانە و دەریای ئیژە رزگاریان ئەبێت، لە سنورەکاندا بەرەوڕووی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی ئەو مەئمورانە دەبنەوە کە حاکمەکانی ئوروپا ئەوانیان بۆ پارێزگاری کردن لە سنورەکان داناوە. ئەم پەنابەرانە لە حاڵێکدا کە هێشتا ترسی سەرچاوە گرتوو لە شەپۆلە خرۆشاوەکانی دەریایان لە دڵدایە و وێنەی پەناخوازە خنکاوەکانیان لە زەیندا ماوە، ناچارن لە سەرمای زۆری پاییزیدا لە پشت میلەکانی سنور لە چاوەڕوانیدا بن و یان رێگایەکی دوور و درێژتر بۆ گەیشتنیان بە مەقسەد بپێون.لەم بارودۆخەدا کاربەدەستانی ئوروپایی لە پشت درگا داخراوەکانەوە خەریکی دانی بڕیاری دژی ئینسانی لەدژی پەنابەرەکانن کە تەنیا بەشی شیاوی بڵاو کردنەوەی دەخرێتە ئیختیار راگەیەنەرەکان. لە راستای ئەم بڕیارانەدا ئانگلا مێرکل، سەدری ئەعزەمی ئاڵمان، رۆژی ١٨ ی ئۆکتۆبر، بەرابەر لەگەڵ ٢٦ ی مانگی ڕەزبەر چوو بۆ تورکیە و چاوی بە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کەوت و وتووێژی لەگەڵ کردن. ئەو هەوڵیدا کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیە هانبدات تا سنورەکانی بەرووی پەنابەراندا دابخات و ئیجازە بدات بە ملیۆن ئاوارەی سوری لەو ئۆردوگایانەی کە لە خاکی ئەم وڵاتەدا دروست دەکرێن جێگیر بکرێن. مێرکێل لە بەرانبەردا لە لایەن سەرانی یەکێتی ئوروپاوە بەڵێنیدا ٣ ملیارد یۆرۆ، بدەن بە دەوڵەتی ئەم وڵاتە، وتووێژ سەبارەت بە ئەندامیەتی تورکیە لە یەکێتی ئوروپادا دەست پێبکاتەوە و بۆ هاتوچۆی شارۆمەندانی تورکیە بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئوروپا کۆمەڵیک ئاسانکاری بکرێت. کاربەدەستانی تورکیە هەوڵیاندا لەم دەرفەتە بۆ وەرگرتنی پارەی زیاتر و بەدەستهێنانی رەزامەندی سەرانی ئوروپا بۆ دروست کردنی ناوچەیەکی بۆشایی لە سوریە كەڵک وەربگرن. ئانگێلا مێركێل كه‌ به‌ ئامانجی گوشاری زیاتر خستنه‌ سه‌ر ئاستی حه‌قده‌ستی كرێكارانی ئاڵمان بۆ قبوڵ كردنی یه‌ك میلیون په‌ناخواز ئاماده‌گی و به‌رنامه‌ڕێژی كردبوو، ئێستا له‌ حاڵی ئاماده‌كاری بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌ناخوازانێكه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ په‌ناخوازی ئابوری ناولێده‌بات. ئاماری ئه‌م په‌ناخوازانه‌ زیاتر له‌ ٢٠٠ هه‌زار كه‌س راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ بڕیاره‌ به‌ فڕۆكه‌ی باربه‌ری نیزامی دیپۆرت بكرێنه‌وه‌.566

نزیکەی ١٤ ساڵە کە دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانە ئوروپاییەکانی زنجیرەیەک شەڕی وێرانگەر و کارەساتباریان لە خاوەرمیانە و باکوری ئافریقا خستوەتە ڕێ. ئەوان بە یارمەتی دەوڵەتانی ئەو ناوچانەی لەژێر چەتری پشتیوانیاندان وەک عەرەبستان و قەتەر و هەروەها دەوڵەتی پاکستان و تورکیە بە بیانووی خەبات لەدژی تیرۆریزم و دابین کردنی دیموکراسی بەشێکی گەورەی وڵاتانی ئەفغانستان، عێراق، سوریە، لیبی و یەمەنیان وێران کردوە، بە ملیۆن کەسیان کوشتوە و بریندار کردوە و چەندین ملیۆن کەسی دیکەشیان لە ماڵ و حاڵیان راوناوە و ئاوارە کردوە. زۆربەی ئەو پەنابەرانەی کە لەم رۆژانەدا بە مایەدانان لە گیانی خۆیان و منداڵەکانیان بەرەو ئوروپا دەرۆن و یان لەوێ داوای پەنابەرێتیان کردوە، بەرهەمی ئەم شەڕە دەستدرێژیكارانە و جەنایەتکارانەیەن.
کرداری نامرۆڤانەی دەوڵەتانی ئوروپایی و ڕەگەز پەرستانی دەست پەروەردەیان لەگەڵ ئەو پەناخوازانەدا کە خۆیان بەرپرسی ئاوارە بونیانن قین و توڕەیی و ناڕەزایەتی بە ملیۆن ئینسانی پێشڕەو و دڵسۆزی لە ئوروپا و باقی شوێنەکانی تری دنیا هەڵخڕاندوە. خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەسی شارۆمەندانی پێشکەوتن خواز لە شارەکان، بەتایبەت پێتەختی وڵاتانی ئوروپایی نمونەیەک لە هەڵچونی ئەم قین و توڕەویی و ناڕەزایەتیەن. کەوتنەڕێی لێشاوی یارمەتی بەملیۆن ئینسانی شەریف بەرەولای ئاوارەکان و دروست کردنی تەشەکولی پشتیوانی لە پەنابەران لە لایەن ئەوانەوە نیشانی ئەدات کە لە بەرانبەر کاربەدەستانی دەوڵەتی و ڕەگەزپەره‌ستانی کۆنەپەرستدا ریزێکی تولانی تر لە ئینسانە ئازادی خوازەکان سەفیان بەستووه‌.
دەوڵەتانی سەرمایەداری کە خۆیان سەبەبکاری سەرەکی ئەم ئاوارە بوونەن و لە ماوەی ساڵانی رابردودا بە ملیارد دۆلاریان سەرفی سیاسەتی شەڕ ئەنگێزانەیان کردوە یان بە داسەپاندنی سیاسەتی نیئۆلیبڕالیستی بەسەر وڵاتانی لە حاڵی گەشەدا خەڵکی ئەم وڵاتانەیان بە گەروی هەژاری و فەلاکەتی ئابووریدا کردوە ئێستا باس لە کەم بوونی سەرچاوەی ماڵی بۆ چارەسەری گرفتی ئەم پەنابەرانە دەکەن. ئەوان لە حاڵێکدا کە سەدان هەزار ئاشیانەی تانک و فرۆکە و پادگان و ناوەندی نیزامیان دروست کردوە و دروست دەکەن، خۆیان لە حەواندنەوەی چەند سەد هەزار پەنابەردا بێتوانا نیشان ئەدەن. ئەوان ئەگەرچی لێرەو لەوێ لۆمەی کرداری رەگەزپەرستانە دەکەن، بەڵام لە کردەوەدا هەوڵ ئەدەن دەستەڕاستیە ڕەگەزپەره‌ستەکان بەهێز بکەن، لەبەر ئەوەی بۆ پشتیوانی لە سیاسەتە نامرۆڤانەکانیان جگه‌ له‌ سەرمایەداران و ئەم کۆنەپەره‌ستانە ناتوانن پشتیوانیەکی تر بۆ خۆیان بدۆزنەوە.
شەڕ و ئاوارە بوون، هەژاری و برسیەتی و رەنج و ئازاری پەنابەران تەنیا گۆشەیەکە لە نەهامەتی و موسیبەتەکانی نیزامی سەرمایەداری. بە توند بوونەوەی قەیرانی سەرمایەداری ئەم موسیبەتانە دەتوانن لایەنی مەترسیدار بەخۆیانەوە بگرن. تەنیا بە هێزی هاوپشتی ئینسانە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان باری قورسی ئەم موسیبەتانە کەم دەبێتەوە. تەنیا بە خەبات لەدژی ئەم نیزامە وێرانگەر و پڕ لە ناکۆکیە ئابووری و حکومەتە سەرمایەداریانەیە کە دەکرێ بوار بۆ رزگار بوونی بەشەریەت لەم هەموو موسیبەتە فەراهەن بکرێت. گومانی تێدا نییە کە بزوتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ پەنابەران و ریزی ئەو ئینسانانەی کە بە ئامێزی ئاواڵەوە پێشوازیان لە پەنابەران کرد و لە بەرانبەر قانونی پاراستنی سنورەکاندا دروشمی پاڕێزگاری کردن لە پەنابەرانیان بەرز کردەوە، هیوا بە رزگار بوونی بەشەریەت لە چنگ ئەم موسیبەتانە بەهێز دەکات. لە بارودۆخی ئێستادا ئەوە گەشە و پەرەسەندنی بزوتنەوەی چینی کرێکارە کە دەتوانێ ببێتە مێحوەری بەرەنگار بوونەوەی هێرشی نیزامی سەرمایەداری بۆسەر کار و ژیان و ئەمنیەتی ئینسانەکان و بە راکێشانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و لاوانی ناڕازی لەم بارودۆخە، ریزی خەبات لەدژی سەرمایەداری بەهێز بکرێت. پەنابەرانیش کە بە شێوەی بیلقوە هێزی خەباتی کرێکاری و سۆسیالیستین تەنیا بە هاتنە ریزی خەباتی چینی کرێکار لەدژی نیزامی سەرمایەداری دەتوانن هیواداربن لەو وڵاتانەی تێیاندا نیشتەجێ بوون ببنە خاوەنی مافێکی ئینسانی پایەدار و ریزێکی شیاو و شایستەیان هەبێت.