په‌یام و به‌یانییه‌ به‌ بۆنه‌ی مه‌رگی هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری كوروش به‌خشه‌نده‌

745
ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ندیكاكان و رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان به‌ بۆنه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی “كوروش به‌خشه‌نده‌” یه‌كێك له‌ هه‌ڵسووڕاوانی سوسیالیست و سیمای ناسراوی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران گه‌لێك په‌یام و راگه‌یاندنیان بڵاو كرده‌وه‌.

له‌ به‌یانییه‌ی “كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان به‌ پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كاندا” جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌: “مه‌رگی له‌ناكاوی كوروش به‌خشه‌نده‌ هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری و ئه‌ندامی ئه‌م كومیته‌یه‌ و ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت ئیجرایی كومیته‌ی دیفاع له‌ كرێكارانی مهاباد، به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی و سه‌رجه‌م كرێكاران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری سه‌ره‌خۆشی ده‌ڵێین. یادی به‌رز و به‌ڕێز بێت. ئه‌م كومیته‌یه‌ هه‌روه‌ها گوشاری جه‌سته‌یی و ده‌وروونی بۆسه‌ر هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری به‌ روودانی ئه‌مجۆره‌ كاره‌ساتانه‌ ده‌زانێت و خوازیاری كۆتایی هێنان به‌ گوشار و ئه‌زیه‌ت و ئازاری كرێكاران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری‌ و ئازادی ده‌ستبه‌جێ و بێ شه‌رت و مه‌رجی ئه‌وانه‌.”

له‌ په‌یامی “كومیته‌ی دیفاع له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری مهاباد”یشدا هاتووه‌: “كوروش به‌خشه‌نده‌ له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری كوردستان، یه‌كێك له‌ سیما ناسراوه‌كانی دیفاع له‌ مافی كرێكاران، ته‌مه‌نی پڕله‌ شانازی خۆی له‌ رێگای رزگاری چینی كرێكار له‌ ده‌ست چه‌وساندنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ تێپه‌ڕ كرد. ئێمه‌ ئه‌ندامانی كومیته‌ی دیفاع له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری مهاباد، گیان له‌ده‌ستدانی كوروش به‌خشه‌نده‌ به‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌، دۆستان و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران سه‌ره‌خۆشی ده‌ڵێین و خۆمان به‌ به‌شداری خه‌م و په‌ژاره‌یان ده‌زانین.”

له‌ به‌شێك له‌ په‌یامی “یه‌كیه‌تی ئازادی كرێكارانی ئێران”دا هاتووه‌: “بێگومان مه‌رگی كوروش به‌خشه‌نده‌” زه‌ربه‌یه‌كه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران. ئێمه‌ به‌ ده‌ربڕینی داخ و په‌ژاره‌ی قووڵی خۆمان به‌ بۆنه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی له‌ناكاوی ئه‌م خه‌باتكاره‌ شێلگیر و ماندوویی نه‌ناسه‌ی چینی كرێكاری ئێران، سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، دۆستان و هاوڕێیانی له‌ كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان به‌ پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان، كومیته‌ی دیفاع له‌ هه‌ڵسوڕاوانی كرێكاری مهاباد و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر ئارمان و ئامانجه‌ به‌رزه‌كانی كوروشی ئازیز پێداگری ده‌كه‌ین.”

له به‌شێك له‌ به‌یانییه‌ی‌ “سایتی كانونی پشتیوانانی مافی كرێكار”دا هاتووه‌: “هێشتا ئه‌حكامی قورسی زیندان له‌دژی جه‌عفه‌ر عه‌زیمزاده‌ و مه‌حمود ساڵحی بۆمان قه‌بوڵ نه‌كرابوو، هێشتا برینی مه‌رگی شاهرۆخ زه‌مانی ساڕێژ نه‌بۆوه‌ كه‌ هه‌واڵی مه‌رگی كوروش به‌خشه‌نده‌ هه‌موومانی تاساند و خه‌مباری كردین. مه‌رگی كوروش پێمانی نیشاندا كه‌ ده‌بێ هه‌رچی زیاتر له‌ به‌رامبه‌ر مه‌حكومیه‌تی ناعادڵانه‌ له‌دژی هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری بوه‌ستین. ده‌بێ مه‌رگی كوروش به‌خشه‌نده‌ بكه‌ینه‌ پتانسیه‌لێك بۆ دیفاع له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و په‌یگیری بۆ دیفاع له‌ مافی كرێكاران كه‌ ئارمان و ئامانجی هاوڕێی ئازیزمان كوروش بوو.”

له‌ به‌شێك له‌ به‌یانییه‌ی “ژماره‌یه‌ك له‌ موعه‌لیمانی ئیخراجی ساڵی ٥٩ی سنه‌ و ده‌وروبه‌ر” وێڕای سه‌ره‌خۆشی به‌ بنه‌ماڵه‌ی كوروش به‌خشه‌نده‌، هاتووه‌:‌ جارێكی تر لاپه‌ڕه‌یه‌كی ره‌ش له‌ جه‌نایه‌ته‌كانی رژیمی كۆماری ئیسلامی ئاشكرا بوو. ئه‌م رژیمه‌ ساڵی رابردوو و ئه‌مساڵ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و مه‌ده‌نی خستۆته‌ ژێر گوشاره‌وه‌ تا به‌ڵكوو هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و كرێكاران چاوترسێن بكه‌ن. هاوڕێ كوروش تووشی نه‌خۆشی دڵ بوو، به‌ڵام بانگ كردن و پێوه‌ندی ته‌له‌فونی به‌رده‌وامی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رژیمه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی خراپتر كردبوو. ئێمه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ موعه‌لیمانی خانه‌نشین كراو و ئیخراجی ساڵی ٥٩ی سنه‌ و ده‌وروبه‌ر، ئه‌م كرده‌وه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه‌ مه‌حكوم ده‌كه‌ین و هۆكاری مه‌رگی كوروش ته‌نیا ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه‌ ده‌زانین.

“ژماره‌یه‌ك له‌ كرێكارانی ساختمانی ده‌ماوه‌ند”یش به‌ ناردنی په‌یامێك، به‌ بۆنه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی هه‌ڵسووڕاوی سوسیالیستی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران و كوردستان كوروش به‌خشه‌نده‌، سه‌ره‌خۆشی خۆیان ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ و سه‌رجه‌م كرێكاران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و دۆستان و هاوڕێیانی ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكارییه‌ و خه‌ڵكی شاری سنه‌ كردووه‌. ئه‌م كرێكارانه‌ وێڕای ئاماژه‌ به‌وه‌یكه‌ كوروش به‌خشه‌نده‌ له‌ هه‌ڵسووڕاوانی دڵسۆز، تێكۆشه‌ر و سوسیالیستی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران بوو. مه‌رگی ناوبراو به‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران و كوردستان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ عه‌زم و ئیراده‌ی خۆیان له‌سه‌ر درێژه‌ی رێگاكه‌ی و دیفاع له‌ مه‌زایا و داواكاری كرێكاران، راده‌گه‌یه‌نن.

كومیته‌ی پشتیوانی له‌ شاهرۆخ زه‌مانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا جه‌ختی كردۆته‌وه‌: “به‌داخه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی كرێكار، خه‌باتكار و تێكۆشه‌رێكی دیكه‌ی له‌ده‌ستدا. ئێمه‌ وێڕای ئه‌وه‌یكه‌ مه‌رگی له‌ناكاوی هاوڕێ خه‌باتكارمان كوروش به‌خشه‌نده‌ به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی، هاوڕێیانی، رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان، كومیته‌كانی دیفاع له‌ كرێكارانی زیندانی و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و شۆڕشگێڕانه‌ سه‌ره‌خۆشی ده‌ڵێین، داوای لێده‌كه‌ین بۆ پێكهێنانی هاوپشتی چینایه‌تی له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌داری و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ده‌ستبه‌كار بن و به‌ رێكخستنی رێكخراوی كرێكاری و فێدراسیونی سه‌رتاسه‌ری كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و به‌ پێكهێنانی حێزبی شۆڕشگێڕانه‌ی چینی كرێكار، سه‌نگه‌رێكی به‌رین له‌ خزمه‌ت خه‌باتی چیناتی به‌رقه‌رار بكه‌ن.”

له‌ به‌یانییه‌ی “یه‌كیه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ پشتیوانی له‌ كرێكارانی ئێران”دا هاتووه‌: “كوروش به‌خشه‌نده‌، هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری به‌پێشینه‌ی و ئه‌ندامی كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان به‌ پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان” و هه‌روه‌ها له‌ ئه‌ندامانی هه‌یئه‌تی ئیجرایی كومیته‌ی دیفاع له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری مهاباد بوو و تا دوایین ساته‌كانی ژیانی، له‌دژی نیزامی سه‌رمایه‌داری و بۆ پێكهێنانی رێكخراوه‌ سه‌ربه‌خۆ كرێكارییه‌كان و ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی كرێكاران به‌ مافه‌كانیان، لێبڕاوانه‌ خه‌باتی كرد. مه‌رگی بێده‌نگی كوروش به‌خشه‌نده‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌ و حكومه‌مه‌ته‌كه‌ی له‌ ئێران ده‌نگێكی دلێر و ره‌سا بوو، به راستی كاره‌ساتێكی قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌ بوو له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران. ئێمه‌ گیان له‌ده‌ستدانی كوروشی ئازیز به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی، به‌ دۆستان و هاوسه‌نگه‌رانی، به‌ كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی، كومیته‌ی دیفاع له‌ كرێكارانی مهاباد و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران سه‌ره‌خۆشی ده‌ڵێین و خۆمان له‌ خه‌م و په‌ژاره‌یاندا به‌ هاوبه‌ش ده‌زانین و هه‌ر وه‌كوو ئه‌و ده‌یویست، به‌ش به‌حاڵی خۆمان هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه‌ ده‌نگی خه‌باتكارانی چینی كرێكار له‌ ئێران هه‌رچی به‌رینتر له‌ ئاستی جیهانیدا ره‌نگ بداته‌وه‌.”

وه‌ هه‌روه‌ها ناوه‌نده‌كانی هاوپشتی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران ده‌ره‌وه‌ی وڵات رایانگه‌یاندووه‌: ئێمه‌ ناوه‌نده‌كانی هاوپشتی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران ـــ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، گیان له‌ده‌ستدانی هاوڕێ كوروش به‌خشه‌نده‌ به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی، كرێكارانی ئێران، ئه‌ندامانی كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان به‌ پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان، ئه‌ندامانی كومیته‌ی دیفاع له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری مهاباد و سه‌رجه‌م داكۆكیكارانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری سه‌ره‌‌خۆشی ده‌ڵێین. یادی هاوڕێ كوروش زیندووه‌ و هه‌رگیز له‌بیر ناچێته‌وه‌. بۆ رێزگرتن له‌م ئازیزه‌ و زیندوو هێشتنه‌وه‌ی یادوبیره‌وه‌رییه‌كانی هه‌وڵی په‌یگیرانه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاوپشتی رێكخراوه‌كانی پشتیوانی چینی كرێكار و خه‌باتی هاوبه‌ش له‌دژی رژیمی سه‌رمایه‌داری، ده‌سته‌به‌ر كردنی ئارمانه‌ به‌رزه‌كانی ئه‌م هاوڕێیه‌ ئازیزه‌مان دایه كه‌ ده‌بێ له‌ پێناویدا هه‌موو هه‌وڵێك بخرێته‌ گه‌ڕ‌.”