پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی دوو هه‌وڵی تیرۆریستی رژیمی كۆماری ئیسلامی

235
به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، نیوه‌شه‌وی رۆژی شه‌ممه‌ ١٧ی مانگی گه‌لاوێژ، هه‌وڵێكی تیرۆریستی به‌مه‌به‌ستی تیرۆری ره‌زا كه‌عبی جێگری سكرتێری گشتی رێكخراوی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، پووچه‌ڵ كرایه‌وه‌. هه‌روه‌ها شه‌وی رابردوو هه‌وڵێك بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی چالاكی رێكخراوی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێرانیش بێ ئاكام مایه‌وه‌.له‌ یه‌كه‌م هه‌وڵدا بۆ تیرۆری ره‌زا كه‌عبی جێگری سكرتێری رێكخراوی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له مقه‌ڕی ئه‌م حێزبه‌ له‌‌ “بانه‌ گه‌وره‌”، به‌كرێگیراوێكی رژیم كه‌ نفوزی كردبووه‌ ناو ئه‌م رێكخراوه‌یه‌، ده‌وروبه‌ری نیوه‌شه‌وی رۆژی شه‌ممه‌ هه‌وڵی دا ره‌زا كه‌عبی له‌ ژووره‌كه‌ی خۆیدا به‌ ده‌مانچه‌یه‌كی بێده‌نگ، تیرۆر بكات. كاردانه‌وه‌ی خێرای ره‌زا كه‌عبی، ئه‌م هه‌وڵه‌ پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ به‌ڵام به‌كرێگیراوه‌كه‌ی رژیم ده‌مانچه‌كه‌ی به‌جێدێڵێت و خۆی له‌ شوێنه‌كه‌ ده‌رباز ده‌كات. له‌ هه‌وڵی دووهه‌مدا بڕێكی زۆر مه‌وادی ته‌قه‌مه‌نی له‌ چه‌ند شوێنی ناوه‌ندێكی چالاكی رێكخراوی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران له‌ زڕگوێزه‌ڵه‌، له‌ رێگای ئه‌ندامێكی خۆیانه‌وه‌ كه‌ به‌كرێگیراوی جمهوری ئیسلامی بووه‌، له‌ چه‌ند شوێن به‌ شێوه‌ی ته‌ڵه‌ داده‌نرێت. وادیاره‌ بڕیاربووه‌ له‌ رێگای دووره‌وه‌ و به‌ موبایل و له‌ كاتێكدا كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌و شوێنه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، بته‌قێندرێنه‌وه‌. پێش روودانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ پیلانه‌كه‌ ئاشكرا ده‌بێ و بۆ پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نییه‌كان، تیمێكی ئاسایشی سلێمانی ده‌گاته‌ شوێنه‌كه‌ و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له‌كار ده‌خه‌ن. به‌مجۆره‌ هیچ كام له‌م دوو هه‌وڵه‌ی رژیمی كۆماری ئیسلامی به‌ ئاكام ناگات.