پێكهێنانی چواره‌مین كانتۆنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی له ‌كوردستانی سوریه‌

653
به‌ پێی راپۆرته‌كان، خه‌ڵكی كوردستانی سوریه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٩ی مانگی ره‌زبه‌ر چواره‌مین كانتۆنی خۆیان له‌ باكوری ئه‌م وڵاته‌ كه‌ به‌وان “كانتۆنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر” ده‌وترێت، پێكهێنا.
كانتۆنی تازه‌ كه‌ چواره‌مین كانتۆنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر له‌ سنووره‌كانی توركیه‌ و سوریه‌ به‌ئه‌ژمار دێت، له‌ شاری “تێل ئه‌بیه‌ز” و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری تا شاری كۆبانی دامه‌زراوه‌. ماوه‌یه‌ك له‌وه‌پێش كورده‌كان توانیان ئه‌م دوو شارانه‌ له‌ داعش وه‌ربگرنه‌وه‌. كورده‌كانی كوردستانی سوریه‌ پێشتر له‌م ناوچه‌یه‌ سێ كانتۆنی “جه‌زیره‌، كۆبانی و عه‌فرین”یان دامه‌زراندبوو. راگه‌یاندنی یاساگه‌لێكی تایبه‌ت له‌وانه‌ به‌رابه‌ری ژن و پیاو له‌ بواری گشتی و خسوسی و كار و ئێشتغاڵ، مافی هه‌ڵبژاردنی ژنان له‌ ناوه‌نده‌ جیاجیاكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگا، قه‌ده‌غه‌ كردنی توندوتیژی و هه‌ڵاواردن له‌دژی ژنان و قه‌ده‌غه‌ كردنی چه‌ند هاوسه‌ری و ئیزدواجی ئیجباری كچان له‌ كانتۆنه‌كانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كوردستانی سوریه‌، ده‌ستكه‌وتێكی به‌نرخ بۆ خه‌ڵكی خه‌باتكاری كوردستانی سوریه‌ به‌ تایبه‌ت ژنانه‌.