پێویستی خەبات بۆ سڕینەوەی توندوتیژی لەدژی ژنان

بە هاتنی ٢٥ی نوامبر زیاتر لەنیو سەدە بەسەر کوژرانی بێڕەحمانەی خۆشکانی میرابل دا تیدەپەڕیت. ٢٥ی نوامبری ساڵی ١٩٦٠، لە بەشی باکوری کۆماری دومینیکن ته‌رمی هەر سێ خۆشکی مرابل بەناوەکانی “پاتریال”، “مینروا” و “ماریاترزا” میرابل، لە پاڵ زەلکاوێکدا دۆزرانەوە. ئەم سێ خۆشکە کە لە خەباتکارانی هەڵسوراو لە دژی دیکتاتۆڕی “رافایل تراخیلۆ”، حکومەتی جێی پشتیوانی دەوڵەتی ئامریکا بوون، دوای دەستدرێژی و ئەشکەنجەکران بەدەستی جەنایەتکارانی ئەم حکومەتە بەشێوەیەکی دزێو و بێڕەحمانە کوژران. هەرچەند حکومەت دەیویست کوژرانیان وەک رووداوێکی رانه‌نده‌گی پیشان بدات، بەڵام بەخێڕایی جۆری دەستدرێژی کرانەسەر و کوشتنەکەیان، بوو بە هۆی ئابڕوچونی ئاشکرای حکومەت و خوشکانی میرابل وەک نمونەی “خەبات لە رێگای ئازادیدا” بە ناسناوی “پەپولە لەبیر نەکراوەکان” ناوبانگیان دەرکرد. ئەشکەنجە و توندوتیژی ئەنجامدراو لەدژی ئەم سێ خۆشکە و دەور و نەخشێک کە ئەوان لە خەبات لەدژی دیکتاتۆڕی حکومەتی تراخیلۆ گێڕابویان، بوو بەهۆی ئەوەی لە یەکەم کۆبونەوەی سازمانی ژنانی ئامریکای لاتین و دوڕگەکانی دەریای کارایب لە بوگوتای کولۆمبیا، لە ساڵی ١٩٨١، ژنەکان، رۆژی ٢٥ی نوامبریان وەک “رۆژی جیهانی خەبات لەدژی توندوتیژی لەدژی ژنان” ڕاگەیاند. ژنەکان، لەم کۆبونەوەیەدا، نە تەنیا توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزییان مەحکوم کرد، بەڵکو هەموو جۆرە توندوتیژیەکیان لەدژی ژنان لە ئەشکەنجە و کوشتن و دەستدرێژی لە لایەن حکومەتەکانەوە لە زینداندا گرتویەتی تا توندوتیژی رەوانی و فیزیکی لە نێو بنەماڵەدا و ئازار و ئەزیەت و هەڵاواردن لە شوێنەکانی کاری و کۆمەڵگایان مەحکوم کرد. ژنان و ئینسانە ئازادیخوازەکان هەموو ساڵێک لە رۆژی ٢٥ی نوامبردا هەموو جۆرە توندوتیژیەک کە لە لایەن دەوڵەت و کۆمەڵگای پیاوسالاری سەرمایەداریەوە، لە شوێنەکانی کار، کۆمەڵگا و بنەماڵەدا لەدژیان پەیڕەو دەکرێت، بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان، کۆبونەوە و بڵاو کردنەوەی بەیانیە و هیتر مەحکوم دەکەن.586

تەنیا لە ئاکامی هەوڵ و خەباتی شێلگیری سازمانەکانی پشتیوانی مافەکانی مرۆڤی ژنان و گوشاری رای گشتی بەشەریەتی عەداڵەتخوازی دنیا بوو کە لە ١٧ دیسامبری ١٩٩٩، کۆبونەوەی گشتی سازمانی ملەل بە دەرکردنی قەتعنامەیەک، ٢٥ی نوامبری وەک رۆژی “جیهانی سڕێنەوەی توندوتیژی لەدژی ژنان” راگەیاند.
لە ساڵی ٢٠٠٠ بەملاوە ئەو دەوڵەتانەی ناوەرۆکی راگەیاندنی “رۆژی جیهانی سڕێنەوەی توندوتیژی لەدژی ژنان”یان قەبوڵ کردووە، بەم بۆنەیەوە رێوڕەسمی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبەن. بەڵام کۆماری ئیسلامی ناوەرۆکی ئەم راگەیاندنەی ناکۆک لەگەڵ قانون و فەرهەنگی ئیسلامی زانیوە. ئەو دەوڵەتانەی کە ناوەرۆکی ڕاگەیاندنی توندوتیژی لەدژی ژنانیان قەبوڵ کردوە، پەیڕوکردنی توندوتیژی لەدژی ژنان بە بابەتێکی شەخسی و یان سەرچاوە گرتوو لە فەرهەنگ و سوننەت دەزانن و بەناو بەرەنگاری بونەتەوە. دیارە ئەوان لە ئاماژە کردن بە فەرهەنگ و سوننەتی توندوتیژی ئامێز دینی ئیسلامیان هەڵنەسەنگاندووە کە تەنبێ کردنی ژنی بە ئیجازە پێدراو زانیوە. بەڵام لەوێوە کە هۆکاری سەرەکی و هۆکاری مانەوەی فەرهەنگی دژی ژن و پیاوسالار خودی سیستمی سەرمایەداریە کە دەوڵەتەکانی جێی سرنج و ئاماژە خزمەتگوزاری ئەوان، کردارەکانیان قەت لە راستای ریشە کێش کردنی کرداری توندوتیژی ئامێز لەدژی ژناندا نەبوو. توندوتیژی لەدژی ژنان لە ماڵەوە، لە شوێنی کار و لە مەجامعی گشتیدا دەکرێ وەک شکڵی جۆراوجۆر دەستە بەندی بکرێت. توندوتیژی لەفزی، توندوتیژی فیزیکی، توندوتیژی رەوانی، رەگەزی، ئابووری و بەرگرتن لە گەشەی فکری و مەعنەوی ژنان، بەرگرتن لە گەشە کردنی کۆمەڵایەتی و دروست کردنی بەربەست لە بواری خوێندندا، دۆزینەوەی کار و پیشە لە شکڵ و شێوە جۆراو جۆرەکانی پەیڕەوکرانی توندوتیژی لەدژی ژنانن.
بۆ بەدەست هێنانی ئاماری سەرسورهێنەری کرداری توندوتیژی ئامێز لەدژی ژنان پێویستە چەندین کتێب بنووسرێت. لە ئامارە رەسمیەکاندا توندوتیژی پۆلیسی و دەوڵەتی بە کەمی ئاماژەیان پی ئەدرێت؛ لەبەر ئەوەی لە روانگەی دامەزراوە یان ئەو کەسانەوە کە ئامارەکان ئامادە دەکەن کرداری توندوتیژی دەوڵەتەکان یاساییە و وەک توندوتیژی حیساب ناکرێت.
رۆژانە بە ملیۆن ژن لە گۆشە و کەناری دنیادا لە کارگاکانی بەهرەکێشیدا، لە پیشەسازی کۆیلەتی جنسیدا، لە ماڵەکانیاندا، سوئیستیفادەیان لێ دەکرێت و سوکایەتیان پێ دەکرێت، لەگەڵ ئەوانەدا وەک کالای مەسرەفی هەڵسوکەت کراوە و دەبنە بابەتی کڕین و فرۆشتن. بەملیۆن ژن بوونەتە مڵک و وەک کەلوپەل کۆنترۆڵ دەکرێن. لە ئێرانی ژێر سوڵتەی رژیمی کۆماری ئیسلامی و بەپێی قانون، ژنان بەشێک لە دارایی و مڵکی پیاوانن. لە ئێراندا لێدانی ژنان بەپێی یاسای شەرعی ئیسلام ئیجازە پێدراوە. بەپێی مادەی ١١٠٥ی قانونی مەدەنی حکومەتی ئێران لە پێوەندی ژن و میردایەتیدا پیاو سەرۆکی بنەماڵەیە. تەنانەت شوڕای نیگابانیش دیاری کردوە کە ژن بەبێ ئیجازەی مێرد ناتوانێ لەماڵ بچێتەدەرێ تەنانەت ئەگەر بۆ ناشتنی باوکیشی بێت. سەفەر کردن، کار کردن و خوێندن بەجێگای خۆی.
توندوتیژیەکانی وەک شه‌لاق لێدان و سەنگسار بەپێی قانونی مجازاتی ئیسلامی دیاریکراوە. کوشتنی ژن بەبیانووی ناموسی بەبێ مجازات دەمێنێتەوە. مادەی ٦٣١ی قانونی مجازاتی ئیسلامی دیاریکردوە کە ئەگەر پیاوێک هاوسەرەکەی لەگەڵ پیاوێکی تردا لە نێو جێگادا ببنێت و بیكوژێ، ئەوە قەتڵی ئەنجام نەداوە و هیچ سزایەک نادرێت. لەسەر بنەمای ئەم قانون و فەرهەنگە پیاوسالاریە و هەروەها لە شوێنەکانی کاردا رۆژانە هەموو جۆرە توندوتیژیەک لەدژی ژنان پەێڕەو دەکرێت کە زمان توانای دەربڕینیانی نییە. حیجابی ئیجباری تەنیا یەکێک لە شێوەکانی ستەم کێشی ژن لە کۆمەڵگای ژێر حاکمیەتی رژیمی سەرمایەی ئیسلامیدایە.
بەڵام جەماوەری بەرینی ژنان و پیاوانی وشیار و پێشڕەو بە خۆراگری و خەبات و هەوڵدانی بەرینی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەدژی وەحشیگەری کۆماری ئیسلامی کاردانەوەیان نیشانداوە. روو هێنانی بەرینی ژنان بۆ خوێندنی باڵا، کار کردن لە دەرەوەی ماڵ و خەباتی روو بە بەروو لەگەڵ سیاسەت و کرداری دژی ژنی رژیم و فەرهەنگی پیاو سالاریدا بۆتە هۆی ئەوەیکە کۆنترۆڵی حکومەتی کۆماری ئیسلامی بەسەر چارەنووسی ژناندا لاواز بێت. پێگەی ئێستای ژنان لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا یەکێک لە نیشانەکانی ناکامی رژیمی ئیسلامی حاکم لە ئێرانە سەبارەت بە کۆیلە کردنی ژنان. بەڵام بۆ شکست پێ هێنانی بەتەواوەتی رژیم لاواز کردنی بەندەکانی ئاپاڕتایدی رەگەزی پێویستی بە خەباتێکی یەکگرتووانە و بەرینتر هەیە. نەبەرد لەدژی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆسەر مافەکانی ژنان تەنیا ئەرکی ژنان نییە، بەڵکو مەسەلەی هەموو پیاوانی ئازادیخواز و پێشکەوتووشە. خەبات بۆ سڕینەوەی توندوتیژی لەدژی ژنان بەشێکە لە خەبات بۆ رزگاری یەکجارەکی و کامڵی ژنان لە کۆت و بەندی پیاوسالاری و نیزامی سەرمایەداری. لەبەر ئەوە خەباتی ژنان و پیاوانی تێکۆشەر لەم بوارەشدا گرێدراوە بە خەباتی کرێکارانەوە بۆ تێکەوە پێچانی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی سوسیالیزم.