پێویستی داخوازی یه‌كگرتوو، پێویستی هاوكات بوونی حه‌ره‌كه‌ته‌كان

له‌ ناو جه‌رگه‌ی بارودۆخی دژواری ئابوری ئێستادا، رۆژ نییه‌ كه‌ شاهیدی كۆمه‌ڵێك حه‌ره‌كه‌تی ئێعترازی كرێكاران نه‌بین. یه‌كێك له‌ گرفته‌كانی هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری وڵامدانه‌وه‌ به‌م پرسیاره‌یه‌ كه‌ چۆناوچۆن ده‌توانین خه‌باتی كرێكاران له‌ پرژوبڵاوی ئێستا بێنینه‌ ده‌رێ؟ چۆن ده‌توانین خه‌باتی كرێكارانی كارگا و كارخانه‌یه‌ك به‌ خه‌باتی كرێكارانی كارگا و كارخانه‌كانی دیكه‌وه‌ گرێ بده‌ین؟ هه‌موو نیشانه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ چینی كرێكار سه‌ری بۆ بارودۆخی دژواری ژیانی دانه‌نه‌واندووه‌ و به‌رده‌وام له‌ خه‌بات كردندا بووه‌. به‌ڵام خه‌باتی كرێكاری له‌ كارخانه‌یه‌ك ده‌نیشێته‌وه‌، له‌ كارخانه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌. كرێكاران له‌ جه‌ریانی خه‌باتی خۆیان ئاگایان له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی خۆیان نییه‌ و هه‌ر كامه‌یان به‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ت به‌ره‌وڕوو ده‌بنه‌وه‌.بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فه‌لاكه‌تی ئابوری و بێ مافی سیاسی پێویسته‌ ئه‌م بارودۆخه‌ كۆتایی پێبێت و خه‌باتی كرێكاران یه‌كگرتوو و هاوئاهه‌نگ بێت. پێكهاتنی ئه‌م هاوئاهه‌نگییه‌ مه‌رجی پێویست بۆ ته‌بدیل بوونی چینی كرێكار به‌ رێبه‌ر و پێشڕه‌وی خه‌باتی جه‌ماوه‌رییه‌.له‌ بارودۆخێكی ئێستادا بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م گیروگرفته‌ پێویسته‌ دوو ئاراسته‌ی گرینگ بگرینه‌ به‌ر. یه‌كه‌م: سه‌قامگیر كردنی كۆمه‌ڵێك داخوازی یه‌كگرتووی كرێكاری. وه‌ دووهه‌م: پێكه‌وه‌ گرێدانی هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی كرێكاری له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كاندا. ئه‌م مه‌رجه‌ی دووهه‌م تایبه‌ته‌ به‌ بارودۆخێكی وه‌كوو ئێستا كه‌ هێشتا رێكخراوه‌ كرێكارییه‌ سه‌راسه‌رییه‌كان شكڵیان نه‌گرتووه‌. وه‌كوو ئه‌زمونێك، خاڵی به‌هێزی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی ئه‌م دواییانه‌ی موعه‌لیمانی ئێران به‌هره‌مه‌ند بوون له‌م دوو تایبه‌تمه‌ندییه‌ بوو. ئه‌وه‌یكه‌ به‌یانییه‌ی ئه‌وان به‌ چ فه‌رهه‌نگێك ته‌نزیم كرابوو و ئه‌وه‌یكه‌ شكڵی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینیان بێده‌نگی بوو یان خۆپیشاندان یان ته‌حه‌سۆن یان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ساده‌، به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌م دوو تایبه‌تمه‌ندییه‌ گرینگییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو. داخوازی یه‌كگرتوو و حه‌ره‌كه‌تی هاوئاهه‌نگ و سه‌راسه‌ری ئه‌وان، ده‌وڵه‌تی رۆحانی ناچار كرد كه‌ پیلانی بێده‌نگی به‌رامبه‌ر به‌ خه‌باتی موعه‌لیمان وه‌لابنێت و ددان به‌وه‌دا بنێت كه‌ كه‌وتۆته‌ ژێر زه‌ختێكی واقیعی ئه‌م 431 (1)بزووتنه‌وه‌یه‌. یه‌كگرتوویی له‌ دروشمه‌كان له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ وه‌حده‌تێكی خه‌باتكارانه‌یه‌. هه‌ر ئه‌و یه‌كگرتووییه‌ ساكار و سه‌ره‌تاییه‌ ئیمكان بدات به‌ هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی كرێكاری تا هه‌ستی هاوپشتی و شعوری چینایه‌تی په‌ره‌پێبده‌ن و وره‌ی رێكخراو بوون و بڕوابه‌خۆ له‌ نێو جه‌ماوه‌ری كرێكاراندا به‌رنه‌سه‌رێ.ئێستا كه‌ هه‌موو كرێكاران له‌گه‌ڵ گرفتی له‌خواره‌وه‌ بوونی حه‌قده‌ستی خوارتر له‌ هێڵی هه‌ژاری و له‌گه‌ڵ گرفتی بێكاری به‌ره‌وڕوون، له‌م دوو بواره‌دا دوو دروشم گه‌ڵاڵه‌ ده‌كرێت. یه‌كیان چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌ست به‌قه‌ده‌ر سه‌به‌دی پێداویستییه‌كانی ژیان و ئه‌ویتریان بیمه‌ی بێكاری بۆ پێشگرتن به‌ ده‌ركردنی به‌كۆمه‌ڵ. ئه‌م دوو داخوازییه‌ كه‌ هه‌ر دووكیان گرینگ و چاره‌نووس سازن، ده‌توانن یه‌كگرتوویی كرێكاران له‌ بواری دروشمی موتالباتی دابین بكه‌ن. هاوجیهه‌ت كردن و هاوئاهه‌نگ كردن و هاوكات كردنی خه‌باتی كرێكاران له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كان و راكێشانی سرنجی هه‌موو به‌شه‌كان بۆلای یه‌كتر، به‌ بێ پێوه‌ندی نزیك و هاوڕێیانه‌ی هه‌ڵسووڕاوانی پێشڕه‌وی كرێكاری مومكین نییه‌. دیواری چین له‌ مابه‌ینی خه‌باتی ئابوری و خه‌باتی سیاسی چینی كرێكاردا نییه‌. ئه‌م دوو بواره‌ی خه‌باتی كرێكاری، كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه‌. خه‌باتی ئابوری كرێكاران ئامرازێكه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری به‌ره‌و خه‌باتی سیاسی هێدایه‌ت ده‌كات. له‌ بارودۆخێكدا كه‌ كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی زاڵ كردووه‌، ئه‌م ره‌وته‌ خێراتریش رووده‌دات. داخوازییه‌كانی ئابوری و سیاسی كرێكاران به‌ خێرایی پێكه‌وه‌ گرێ ده‌درێت. بۆ نمونه‌: داخوازی كرێكارانی زیندانی و ئازادی زیندانیانی سیاسی ده‌توانێ له‌پاڵ داخوازی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كان و بیمه‌ی بێكاری له‌سه‌ر ئاڵای خه‌باتی كرێكاران بدرۆشێته‌وه‌. هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی كرێكاری به‌ هه‌ر راده‌یه‌ك كه‌ بتوانن یه‌كگرتوویی و هاوئاهه‌نگی له‌ داخوازییه‌كاندا و له‌ كرده‌وه‌ی خه‌باتكارانه‌ی كرێكاراندا پێكبێنن، بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ به‌ره‌وپێش هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌م ره‌وته‌ له‌ هه‌مان كاتدا بێگومان بۆ رێكخستنی ریزی كرێكاران و پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان گه‌لێك كاریگه‌ر ده‌بێت. له‌ درێژه‌ی ئه‌م ره‌وته‌ دایه‌ كه‌ ئه‌و ئاماده‌ییه‌ له‌ نێو كرێكاراندا پێكدێت بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ رێبه‌ری خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی له‌ كۆمه‌ڵگادا.

About admin

mnykkargarhastam

View all posts by admin →