پێویستی پەرەسەندنی پشتیوانی لە خۆڕاگری خەڵکی کوردستانی تورکیە

هێرشی ئەڕتەش و دەزگا ئەمنیەتیەکانی “دەوڵەتی تورکیە” بە رێبەریی “حیزبی داد و گەشە” بۆسەر خەڵکی کوردستان و رێکخراوە سیاسیە چەپەکان لە سەرتاسەری تورکیەدا، ئاستێکی بەرینی بە خۆیەوە گرتووە. ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسوڕاوانی چەپ و سوسیالیست، کاربەدەستانی ناوچەیی و شارەدارەکانی ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی کوردستان و لایەنگرانی “حیزبی دیموکراتیکی گەلان”، بازداشتی لایه‌نگرانی ” پ کا کا “، و حیزبی ده‌. به‌. په‌، راگەیاندنی حکومەتی نیزامی لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان، کەڵک وەرگرتن لە فرۆکە و تۆپخانەی قورس بۆ تێکشکاندنی راپەڕینی خەڵک لە چەنەدین شاری کوردستانی تورکیە، بۆمبارانی ئاسمانی پێگەی هێزەکانی پ کا کا و ئاواییه‌كانی هەرێمی کوردستان، ئیجرای بەشێک لە سیاسەتی جەنگی دەوڵەتی تورکیەیە. سیاسەتێک کە بەشوێن تەوافوق لەگەڵ ئامریکا و لە سایەی بێدەنگی راگەیەنەرە رۆژئاوایی و ناوچەییەکاندا بە قیمەتی تەلەفاتێکی ئینسانی زۆر و وێرانیەکی بەرین بەکردەوە دەردێت.هێرشەکانی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر شار و شارۆچکەکانی ئۆستانەکانی حەکاری و شەمزینان و گرتنی شارەدارەکان و کادر و هەڵسوڕاوانی حیزبی دیموکراتیکی گەلان شتێک نیە بێجگە لە تۆڵەسه‌ندنەوەی دەوڵەتی ئۆردوغان لە خەڵکێک کە بانگی ئاشتیخوازی خۆی لە رێگای بەشداری کردنی چالاکانە لە هەڵبژاردنی رۆژی ٧ی ژوئێن بەگوێی خەڵکی تورکیە و دنیا گەیاندبوو. هەموو هەوڵە دیپلۆماتیک و ئاشتی خوازانە و هۆشدار سەبارەت بە ئاسەوارەکانی شەڕ، لەگەڵ بەربەستی رۆحیەی تەجاوەزکارانەی ئۆردوغان و دەوڵەتەکەی، بەرەوڕوو بوونەوە. ئەم سیاسەتە سەرەتا بە کردنەوەی پەروەندەی قەزایی لەدژی سەلاحەدین دمیرتاش رێبەری حیزبی دیموکراتیکی گەلانی تورکیە، دەستی پێکرد. لەوکاتەوە دیاربوو کە کرداری توند تر لە ئارادایە. دەوڵەتی تورکیە گۆڕانی ڕواڵەتیی سیاسەت لەبەرانبەر داعشی کردوەتە دەرفەتێک بۆ ئیجرای ئەم سیاسەتە لە بەرانبەر خەڵکی کوردستاندا و لەم ڕێگایەوە تا رادەیەک موافقەتی دەوڵەتی ئامریکاشی بە دانی ئیمتیازی کەڵک وەرگرتن لە پێگەی ئینجرلیک بۆ هێرش کردنەسەر داعش، بەدەست هێناوە.521

ئەوەیکە ئەم رۆژانە لە تورکیە لە ئارادایە بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە وەبیرهێنەرەوەی ئەو جەنایاتانەیە کە شۆوینیستەکانی حاکم لەم وڵاتەدا لە دەورە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجامیان داوە. کوشتاری ئەرمەنیەکان لە ساڵەکانی کۆتایی سوڵتەی ئیمپڕاتۆاری عوسمانی، کوشتاری خەڵکی درسیم بە چەکی شیمیایی لە ساڵەکانی ١٩٣٨- ١٩٣٧، کوشتاری کوردە عەلەویەکان لەلایەن “گورگە خۆڵەمێشیەکانەوە” و دەزگای ئەمنیەتی لە “مەرعەش” لە ساڵی ١٩٧٨ و دەیان جەنایەتی سازماندراوی تر کە لە کارنامەی پێشینیانی دەوڵەتی تورکیەدا تۆمار کراوە. ئۆردوغان لە ڕاستیدا لە بەرەنگار بوونەوەی خەڵکی زۆرلێکراو و مافخوازدا هەمان ئاڕاستەی گرتۆتە پێش. بەڵام دیاردەکان نیشانی ئەدەن کە ئەمجارە سەری ئۆردوغان و ئەڕتەشی تورکیە لە کوردستان وەبەرد دەکەوێت. تێکهەڵچونە پڕژوبڵاوەکان لەگەڵ هێزەکانی پ کا کا لە چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان ڕاپەڕینی جەماوەری بەدوای خۆیدا هێناوە و بە هەزاران لاو چەکیان بەدەستەوە گرتوە و هێزەکانی دەوڵەتیان لە شارەکان دەرکردوە.

هاوکات لەگەڵ پێداگری ئۆردوغان لەسەر درێژەدان بەشەڕ، هەوڵەکانی “ئەحمەد داود ئۆغڵو”ش بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی ئیئتیلافی، شکستی هێناوە و قەیرانی سیاسی تورکیەی قوڵتر و بەرینتر کردۆتەوە. دەوڵەتی ئۆردوغان لە جەریانی هەڵبژاردنی ڕابردودا گەلێک هەوڵیدا تا بە جەنگیی کردنی کەش و هه‌وای سیاسی کوردستان و کرداری تیرۆریستی، بەر بە حزوری بەرینی خەڵک لە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان بگرێت. هێرش بۆسەر دەفتەر و ناوەندی هەڵبژاردنی “حیزبی دیموکراتیکی گەلان”، بۆمبدانان لە کۆبونەوەی گەورەی هەڵبژاردنی ئەم حیزبەدا لە دیاربەکر وێرای ئەوەی ٤ قوربانی و ٢٠٠ برینداری لێکەوتەوە، توشی شکست هات.

ئاکامی هەڵبژاردنی پاڕلمانی تورکیە بەرنامەی ئۆردوغان و حیزبی دادی تێکدا. ئۆردوغان، سەرۆک کۆماری تورکیە بەرلە هەڵبژاردن وتبوی کە ئەگەر زۆرینەی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بێنێت، قانونی ئەساسی تورکیە دەگۆڕێ و ئیختیاراتی سەرۆک کۆمار زیاتر دەکات. ئەو نایشارێتەوە کە دەیەوێ تا ساڵی ٢٠٢٤، واتە سەدەمین ساڵی بونیانگوزاری تورکیە بە ئیختیاراتی بەرینەوە لە دەسه‌ڵاتدا بێت و ئاواتی نوێ عوسمانیگەری خۆی بەدیبێنێ. شکستی ئەم خەونە دەسەڵات خوازانە ئەنگیزەی راستەقینەی سیاسەتێکی تۆڵەسه‌ندنەوەیە کە رەجەب تەیێب ئۆردوغان لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و هێزەکانی پشتیوانی لە ئاستی سەرتاسەریدا گرتویەتە پێش.

زاڵ کردنی کەشێکی جەنگی بەسەر وڵاتدا و راگەیاندنی حکومەتی نیزامی لە شارەکانی کوردستان، گرتن و قەدەغە کردنی دەنگدانی رەوتە چەپ و ئازادی خوازەکان لە سەرتاسه‌ری تورکیەدا، سیاسەتی دەوڵەتی ئۆردوغانە بۆ قەرەبوو كردنه‌وه‌ی ئەم شکستە. ئەو و حیزبەکەی دەیانەوێ لەسەر ناوەرۆکی کەشێکی جەنگی، گاڵتەجاڕێک بەناوی هەڵبژاردن بەڕێوەبەرن و لە وەها فەزایەکدا شکستەکەیان لە هەڵبژاردنی ٧ی ژوئێن دا قەرەبوو بکەنەوە. ئامانجی ئۆردوغان پێکهێنانی مەجلسێکە کە حیزبی داد و گەشە زۆرینەی کورسیەکانی بەدەستەوە بێت و خەونێکی عەزەمەت خوازانەی کە لە جەریانی هەڵبژاردنی ڕابردودا نەیتوانی بەدەستی بێنێ، بە پشت بەستن بە شەڕ و لە کەشێکی جەنگی و ئەمنیەتیدا دەستەبەر بکات. خۆڕاگری جەماوەریی لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەدا، بەرز بوونەوەی هەزینە ئینسانیەکانی ئەم شەڕخوازیە و ناڕەزایەتی خەڵکی تورکیە بەرانبەر بە کردارەکانی ئەم دەوڵەتە نیشانی ئەدات کە ئۆردوغان و حیزبەکەی کەوتونەتە زۆنگاوێکەوە کە هاتنەدەر لێی، کارێکی ئاسان نابێت.

لەم بارودۆخەدا پشتیوانی کردن لە خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی کوردستانی تورکیە ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە و ئینسانییە. خۆڕاگری خەڵکی کوردستانی تورکیە لە بەرانبەر پشتیوانانی داعش، خاوەنی هەمان شەرعیەتە کە خەباتی خەڵکی کوردستانی سوریە لە بەرانبەر داعشدا دەستیان دایە، کەوایە دەست بردن بۆ ئیبتیکار عەمەلی خەباتکارانە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کوردستانی تورکیە و بەشداری کردن لە حەرەکەتی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە خزمەت بەرەی ئازادیخوازی خەڵکی خاوەرمیانە و کوردستان دایە لەدژی یەکێکی تر لە بەرەکانی کۆنەپەرستی لە ناوچەکەدا.