پەراوێزنشینی، مۆری سەرشۆڕی بە ناوچاوانی حکوومەتی ئیسلامییەوە

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆ باسی لە پەراوێزنشین بوونی یەک ملیۆن کەس لە ئۆستانی ئەلبۆرز کرد و وتی کە ئەم ڕێژەیە بۆ ئۆستانێکی چوار ملیۆن کەسی کە یەک چوارەمی جەمعیەتەکەی پەراوێز نشینە، ژمارەیەکی بەرچاوە.

محەممەدڕەزا مەحبووبفەر، ئەندامی “ئەنجومەنی ئامایشی سەرزەمینی ئێران”، وێڕای ئاماژە بە باروودۆخی پەراوێزنشینی لە ئێران وتی: لە ساڵی ١٣٩٦دا نزیکەی ٤٠ لەسەدی جەمعیەتی شاریی ئێران پەراوێزنشین و بەد مەسکەن بوون بەڵام ئەمڕۆ پاش سێ ساڵ واتە لە ساڵی ٩٩ هاوکات لەگەڵ تەورەۆم و گرانی لە بەشی مەسکەن، چوونەسەرەوەی کرێ ماڵ و هیتر، ئاستی پەراوێزنشینی لە ئێران گەیشتووەتە ٤٥ لەسەد. ئەگەر ئەم ٤٥ لەسەدە نیسبەت بە جەمعیەتی ٨٥ ملیۆن کەسیی ئێران بەراورد بکەین، ئەمڕۆ پتر لە ٣٨ ملیۆن کەس پەراوێزنشین و بەدمەسکەنن کە ئەوەش نیشانی دەدات ئاستی پەراوێزنشینی لە ئێران بەهۆی سیاسەتی هەڵە  و کێشەوگرفتی ئابووری، بەشێوەیەکی بەرچاو چووەتە سەرێ. لە ساڵی ١٣٩٧ واتە ٢٠١٨ی زایینی نزیکەی ١٩ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران لە سێ هەزار ناوچەی پەراوێزنشین نیشتەجێ بوون بەڵام ئەمڕۆ پاش دوو ساڵ هاوکات لەگەڵ قەیرانی ماڵی و ئابووری لە ئێران، ئەم جەمعیەتە گەیشتووەتە ٣٨ ملیۆن کەس کە ئەوەش دەرخەری نابەرابەریی کۆمەڵایەتی و هەڵاواردنە لە ناو سیستمی ئابووریی ئێران.

لە ئێران و هەموو وڵاتانی دنیا، جەمعیەتی پەراوێزنشین هەمیشە لە پەنا پێکهاتەی قەدیمی، کۆنە و مێژوویی و مەزهەبیدا نیشتەجێ بوون و هەڵبەت بەشێکی دیکە لەم جەمعیەتە لە دەرەوەی هێڵی سنووریی شارەکان لەوانە لە حەڵەبی ئاوا و گۆڕستانەکان و شوێنەکانیتردا نیشتەجێن.

شێوازی نیشتەجێ بوونی پەراوێزنشینانی ئێران گۆڕدراوە، بەجۆرێک کە بەشێک لە پەراوێزنشینان کە پێشتر لە ناوەندی شارەکاندا دەبیندران و لە پێکهاتەی کۆن و پرتووکاوی شاری دا بوون لەگەڵ تەکمیل بوونی زەرفییەتی ئەم شوێنانە ڕوویان کردووەتە هێڵی سنووریی شارەکان. تەنانەت لە دەورووبەری زۆرێک لە گۆڕستانەکانی شاری، پەراوێزنشینانێک دەبیندرێن کە ژمارەیەکیان ڕوویان کردووەتە ماددەی هۆشبەر و دەچنە ناو گۆڕەکانەوە کە ئەمە باس لە دیاردەیەکی جیددی دەکات. چوونەسەرەوەی جەمعیەت لە دەورووبەری گۆڕستانەکان بووەتە هۆی ناهاوسەنگ بوونی گەشەی شاری، سەرهەڵدانی بێسەرەوبەرەیی کۆمەڵایەتی ، چوونەسەرەوەی ئاماری تاوان و جەنایەت و هیتر. شارەدارییەکان بەرپرسی سەرەکیی پەراوێزنشینانن بەڵام بەهۆی بوودجەی سنووردار، قەیرانی ماڵی، نەیانتوانیوە لە بواری ڕێکخستنی ئەم جەمعیەتە سەرکەوتوو بن.

ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆیی وڵات و شۆراکان لە مەجلیسی دەهۆم وێڕای ئاماژە بە چوونەسەرەوەی کورەنشینی تەئکیدی کرد: ئێمە لە ئێستادا زاخەنشینمان نییە و لە خراپترین حاڵەتدا بەرەو کورەنشینی ڕۆیشتووین.  واتە کورەخانە قەدیمیەکانی ئاجور بە بڕێک کەچ و سیمان بوونەتە شوێنی ژیانی ئەم کەسانە.

ژیان بەسەر بردن لە دەرەوەی شار چ بەشێوەی زاخەنشینی و چ گۆڕنشینی و چ کورەنشینی، زیانی یەکجار بەرینی بۆ خەڵک و کۆمەڵ بەدوای خۆیدا دێنێت. بەپێی ڕاپۆرتی هەمشەهری ئانلاین ئەوەیکە زیاتر لە ڕابردوو دەبێ بایەخی پێبدرێت ئەوەیە کە سەرهەڵدانی دیاردەی وەک پەراوێزنشینی کە دەتوانین وەک برینی سەر جەستەی گەورەشارەکان پێناسەی بکەین، بە کۆچەوە گرێی خواردووە. کۆچ بەرەو ژیانێکی باشتر و بەهرەمەندبوونی لە ئیمکاناتی ڕێفاهیی زیاتر کە هەڵبەت بە ژیان لە پەراوێزی شارەکان هیچ یەک لەم ئاواتانە نایەنە دی.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هۆکاری وەک ویشکەساڵی و بێکاری، ژمارەیەکی ناچار کرد تا لە شار و گوندەکانی خۆیان کۆچ بکەن و بەهیوای دیتنەوەی پیشە و داهاتی باشتر لە دەورووبەری شارە گەورەکان نیشتەجێ بن. لەخوارێ بوونی کرێی ماڵ و هەزینەی کەمتری ژیانیش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچ بەرەو پەراوێزی شارەکانـە. بەڵام کێشەکە لێرەدایە کە پەراوێزی شارەکان زۆربەیان لە کەمترین ئیمکاناتی ڕێفاهی بێبەرین و ئەم کەسانە بەکردەوە تەنیا لەگەڵ گیروگرفتەکانی پەراوێزنشینی لەوانە هەژاری و بێبەشی بەرەوڕوون. لەو جێگەوە کە پەراوێزی شارەکان بەهۆی پێکهاتەیان، زەرفیەتی سەرهەڵدانی ئازارە کۆمەڵایەتیەکانیان لەسەرێیە، ئاستی تاوانیش لەم ناوچانە دەچێتە سەرێ و لە لایەکی دیکەوە بەرەبەرە ناکۆکیی کلتووری لە نێوان کەسانی پەراوێزنشین و هاووڵاتییانی ئاسایی خۆی نیشان دەدات و هێندێک جار تەنانەت چوونەسەرەوەی بۆشایی قووڵی ئابووری، ڕێفاهی لەگەڵ هاووڵاتییان و پێکهاتنی هەستی دوژمنایەتی لەگەڵ کۆمەڵ، بەستێنی ڕەفتاری ناکۆمەڵایەتیش دەخوڵقێنێت. ٥٣٧ هەزار کەس لە جەمعیەتی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیی کوردستان لە پەراوێزی شارەکاندا نیشتەجێن. واتە یەک سێهەمی بەرینایی و ٥١ لەسەدی جەمعیەتی شاریی کوردستان لە پەراوێزەکان پێکهاتووە. بە باوەڕی کارناسان، ٧٥ لەسەدی جەمعیەتی کوردستان شارنشینن کە تا ساڵی ١٤٢٠ ئەم ئامارە دەگاتە ٨٥ لەسەد. بەرینایی ناوچە پەراوێزنشینەکانی کوردستان تەنیا بە شاری سنە و دەورووبەری خولاسە نابێتەوە. لە ٢٩ شاری کوردستان، لە شارەکانی بانە، مەریوان، سەقز، قوروە، کامیاران، دێگولان، بیجاڕ و دیواندەرە پێکهاتەی کۆن و شوێنی نیشتەجێبوونی ناڕەسمی بوونی هەیە. زۆرترین قەبارەی پەراوێزنشینی لە بانە، مەریوان، سەقز و قوروە بەدی دەکرێت.

لە شارستانی سنەش بە تەنیا چوار ناوچەی لێک جیای شاری، بەناوەکانی حەسەن ئاوا، گریزە، نایسەر و نەنەڵە بوونی هەیە کە نە خزمەتگوازریی ئاواییان بەر دەکەوێت و نە بەقەد شارەکانی ئۆستان لە خزمەتگوازاریی بەڕێوەبەریی شاری کەڵک وەردەگرن. هەروەها پێکهاتەی پەراوێزشینی شاری سنە لە ١٧ گەڕەک پێکهاتووە کە زۆربەیان لە بەرزاییەکانی باکوور، باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵات و باشوورن. پەرەپێدانی فەزای گشتی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و باشترکردنی ڕێگاکان گرنگترین کێشەن لە پەراوێزی شارەکانی کوردستاندا. لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ لەسەدی دامەزراندنی ئەم ئۆستانەش نافەرمییە.

بە گوێرەی هەواڵی ئیسکان نیوز، بە وتەی هەمشەهری، کێشەی پەراوێزنشینی لە شارەکانی وەک تاران، مەشهەد، ئەهواز، زاهیدان بەڕواڵەت چارەسەرهەڵنەگرە. لە دەیەیەکدا شارەدارییەکان بەشێک لە ناوچە پەراوێزنشینەکان لە ڕێگەی هێندێک یاساوە بە شار پەیوەند دەدەن و بە درووست کردنی شەقام و پێکهێنانی لقی ڕەسمیی بەرق و ئاو بۆیان، ئەوان دەخەنە ناو گرووپی گەڕەکانی شارەوە. بەڵام لەپەنا هەر ئەم شوێنانەشەوە دیسان بە خێرایی پەراوێزی دیکەش پێکدێت و دانیشتووانی ئەم شوێنەش دوای دەیەیەک داوای پەیوەست بوون بە شار دەکەن.

ئەگەر ئەم ناوچەیەش ڕواڵەتێکی شاری بەخۆبگرێت و بە گەڕەکی پێشوو زیاد بێت دیسان لە دەورووبەری حەڵەبی ئاوایەکی دیکە درووست دەکرێت و ئەم ڕەوتە یەکسەر درێژەی دەبێت. لەلایەکی دیکەشەوە ئەم شوێنە پەراوێزانە سەرەڕای وەرگرتنی خزمەتگوازاریی شاری، هەزینەی ژیان لە شار نادەن لەبەر ئەوەیکە ناکرێت ئەو ماڵانەی کە جەوازی ڕەسمییان نییە و لەسەر زەمینی بە بەڵگەی کەم ئیتعتبار درووست کراون چاوەڕوان بکرێ کە عەوارزی بدەن.

کۆچکردن ڕیشەی لە کێشەی ئابووری دایە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەم هۆکارە توندتر بووەتەوە. کەمبوونی ئاو، داخرانی کارخانەکان و کێشەی ماڵی بووەتە هۆی ئەوەیکە کۆچکردن بۆ شارە گەورەکان پەرەبستێنێت بەڵام ناوچە پەراوێزەکان چوارچێوەی خزمەتگوزاریی شارەداریی، هێزی ئینتزامی، وەزارەتی تەندرووستی، پەروەردە و بارهێنان و ئۆرگانەکانی دیکە بەردەوام گەورەتر دەکەنەوە و باری بەڕێوەبردنی شار قورستر دەکەن.

جەمعیەتی شاری کە ساڵی ١٣٣٥ نزیک بە ٣١ لەسەد بووە، لە دوایین ڕۆژەکانی ساڵی ١٣٩٠دا گەیشتووەتە ٧١ لەسەد و پاشان جەمعیەتی گوندنشینی وڵات لە ٦٨ لەسەدەوە بۆ ٢٨ لەسەد هاتووەتە خوارێ. ساڵی ١٣٤٥ یەک دەهومی جەمعیەتی شاری مەشهەد پەراوێزنشین بووە کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٣٩٥دا بۆ یەک سێهەم واتە نزیک بە یەک ملیۆن کەس  چووەتە سەرێ.

نیو ملیۆن کەسیش لە پەراوێزی شارەکانی ئۆستانی ئیسفەهاندا نیشتەجێن. لە گەورەشاری یەک و نیو ملیۆن  کەسیی تەورێز، نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس لە شوێنی ناڕەسمی نیشتەجێن و باقیی ناوەندەکانی ئۆستانیش بە شێوەی جۆراوجۆر لەگەڵ ئەم کێشەیە بەرەوڕوون. بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی ڕێگا و شارسازی، لە ئێستادا ٣ هەزار ناوچەی پەراوێزنشین بە جەمعیەتی ١٩ ملیۆن کەس بوونی هەیە.

بەو مانایە کە ١٩ ملیۆن کەس لە ناو ٦٠ ملیۆن شارنشینانی وڵات لە پەراوێزی شارەکاندا نیشتەجێن و بەردەوام بە ژمارەشیان زیاد دەبێت. شارەداری تارانیش ساڵی ڕابردوو باسی لە چوونەسەرەوەی ١٨ لەسەدیی پەراوێزنشینی کردبوو. واتە ڕۆژهەڵات، باشوور و ڕۆژئاوای شاری تاران کە لە بەخش و شارەکی جۆراوجۆرە پێکهاتووە لە پانتاییەکی بەریندا لەگەڵ کێشەی پەراوێزنشینی بەرەوڕووە و لە کەرەج کێشەی شوێنی نیشتەجێبوونی ناڕەسمی و شارە پەراوێزەکان یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان بەئەژمار دێت.

لە ساڵەکانی ١٣٧٥ تا ١٣٨٥ نزیکەی ٦١٥ هەزار کەس جەمعیەتی کەسانێک بووە کە بۆ تاران کۆچیان کردووە. لەساڵی ١٣٨٥ تا ١٣٩٠ نزیکەی ٢٣٠ هەزار کەس بۆ تاران و کەرەج دووبارە کۆچیان کردووە. لە ساڵی ١٣٩٠ تا ١٣٩٥ نزیک بە ٣٣٠ هەزار کەسی دیکە بە جەمعیەتی کەسانێک کە کۆچیان بۆ تاران کردووە زیاد بووە.

لەئێستادا نزیکەی ٧٥ لەسەدی دانیشتووانی گشت شارستانەکانی دەورووبەری تاران، لەدەرەوەی ئەم شارستانانەی تاران لەدایک بوون. لە لایەکی دیکەوە کاندیداکانی هەڵبژاردنەکانیش باشترین شوێن بۆ تەبلیغاتی خۆیان بە ناوچە پەراوزەکانی شار دەزانن تا بە دانی بەڵێنی ئیسفاڵت کردنی ڕێگاوە بگرە تا درووستکردنی دەرمانگا و مەدرەسە بتوانن دەنگی دانیشتووانی ئەم شوێنانە بەدەست بێنن.

پەراوێزنشینی پەڵەیەکی نەنگینە بەناوچاوانی حکوومەتێکەوە کە قەرار بوو مەسکەنی گونجاو و بەخۆڕایی بۆ خەڵکی ئێران دابین بکات. ئامارە ڕەسمیەکان و زانیاریی کارناسانی بواری شاری نیشانی دەدات کە پتر لە ٣٩ ملیۆن پەراوێزنشین لە ئێراندا بوونی هەیە و کەم ئاوی و بێ ئاوی، چۆڵکردنی گوندەکان، نەبوونی کار و پیشە لە شارە چکۆلەکان، هەڵاواردن لە سەرمایەگوزاری و گەشە بەتایبەت لە کوردستان، ئیلام، کرماشان، سیستان و بەلووچستان و باقیی ناوچە پەراوێزەکان، جەماوەرێکی زیاتر بەرەو پەراوێزنشینی دەبات.

حکوومەتی ئیسلامی کە توانای پێکهێنانی پیشە و وڵامدانەوەی بە کێشەی ژینگەیی نییە، دەست دەداتە سەرکوت و کردەوەی پۆلیسی دژبە پەراوێزنشینان. ڕووخاندنی سەرپەنای پەراوێزنشینان، نەدانی ئاو، بەرق، گاز و ئینتێرنێت، نەبوونی سیستمی ئاوەڕۆ، نەبوونی پێداویستیی دەرمانی و تەندرووستی و نەبوونی ناوەندی پەروەردەی پێویست، لە هەمان حاڵدا پەرەسەندنی ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی، باروودۆخێکی نائینسانی و ناعادڵانەی بۆ نزیکەی نیوەی جەمعیەتی ئێران پێکهێناوە.

بۆ بیناتنانی کۆمەڵگایەکی ئینسانی و پێکهێنانی خۆشبژێویی پێویست کە هیچ ئینسانێک ناچار بە گۆڕخەوی، کارتۆن خەوی و کورەخەوی نەبێت و ئەمنییەت و کەرامەتی خەڵک  دابین و زەمانەت بکرێت، هیچ ڕێگایەک بێجگەلە ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و تاڵانکەرە ئیسلامییە بوونی نییە.

About admin

mnykkargarhastam

View all posts by admin →